English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
هەڵمەتی رشاندنی دەرمانی پاکژکەرەوە لە سلێمانی دەستی پێکرد
2020-03-09 [12:14 PM]

ZNA ــ هەولێر


حکومەتی هەرێمی کوردستان قۆناغی یەکەمی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنای تێپەڕاند کە تەنیا بڵاوکردنەوەی رێنماییەکان بوو. چەند رۆژێکیشە قۆناخی دووەمی دەستپێکردووە کە هەڵمەتی رشاندنی دەرمانی پاکژکەرەوەیە و بە قۆناخی "ب" ناسراوە و ئامادەکارییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە.
 
شەوی یەکشەممە 08-03-2020 زیاتر لە 65 تیم بە ئۆتۆمبیل و پۆشاک و کەرەستەی تایبەتەوە دەستیان کرد بە دەرمانوەشاندن بە بەشێک لە شەقامەکانی ناوبازاڕی شاری سلێمانی و کۆڵانەکاندا بۆ ئەوەی هەر ڤایرۆسێک لەسەر زەویی ئەو شوێنانە بێت، مەترسییەکەی لەناوبچێت.
 
لەشکر حەمید، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لیژنەکانی قایمقایەتی سلێمانی بە هاوبەشی لەگەڵ ژمارەیەک تیمی شارەوانی، بەرگریی شارستانی، ئاسایش، گەشتوگوزار و چاودێریی بازرگانی دەستیان پێکردووە و بە ماددەی زۆر تایبەت شەقامەکان پاکژ دەکەینەوە و هیچ کام لە بازاڕ و دووکانەکانیش داناخەین و چەند کاژێرێک دوای داخستنیان دەکرێنەوە".
 
دیار ئیبراهیم، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی سلێمانی باسی لەوە کرد، "تیمەکانمان بە پۆشاک و کەرەستەی زۆر تایبەتەوە سەرجەم کۆڵان و شەقامەکانی ناوبازاڕ بە دەرمان پاکژدەکەنەوە. سەرەتا لە ناوبازاڕەکانەوە دەستمان پێکردووە و دواتریش هەر جێگەیەکی دیکە پێویست بێت پاکی دەکەینەوە". 
 
ئەو ماددەیەی بەکاردەهێنرێت ناوی "ڤێرکیلە" و بۆ هەر لیترێک ئاو پێنج گرام بەکاردەهێنرێت و هیچ زیانێکی تەندروستیی نییە و کارکردن راناگرێت و هاونیشتیمانیانیش دەتوانن ماددەکە بکڕن و بۆ پاکژکردنەوەی ماڵەکانی خۆیان بەپێی رێنماییە تەندروستییەکان بەکاری بهێنن.
 
سەروەر ئەحمەد، نوێنەری تەندروستی لە لیژنەی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و شارەزای بواری تەندروستی دەڵێت، "ئەو دەرمانەی بەکاردێت هیچ زیانێکی تەندروستیی نییە و تەنانەت هاونیشتمانییانیش دەتوانن خۆیان بیکڕن و لە ماڵەکانی خۆیاندا بەکاری بهێنن. ئەو ماددەیە بە شێوەیەک باشە کە تەنانەت بۆ پاکژکردنەوەی ئاویش بەکاردەهێنرێت".
 
ئێستا لەلایەن قایمقایەتی سلێمانییەوە بە بەهای 18 هەزار دۆلار بڕێکی زۆر لەو ماددە پاکژکەرەوانە دابینکراوە و تاوەکو دوو مانگی دیکەش دەتوانرێت بە بەردەوامی بازاڕ و شوێنە گشتییەکان بەو بڕە ماددەیە پاک بکرێنەوە. هەروەها ئامادەکارییەکان بۆ قۆناغەکانی دیکەی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆناش بەردەوامە.
 
تیمەکانی تەندروستیی سلێمانی لەلایەک سەرقاڵی دروستکردنی نەخۆشخانەی بۆ چارەسەری توشبوانی کۆرنا ، لەلایەکی دیکەش تیمەکانی شارەوانی و بەرگری شارستانی و قایمقایەتی سلێمانی بە شەو و ڕۆژ سەرقاڵی پاککردنەوەی شۆستە و شەقامەکانی شارن و دەڵێن پێکەوە بۆ پاراستنی هانیشتمانییانمان لە کۆرنا هەموو کارێک دەکەین





ئەم هەواڵە 7225جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad