ZNA - هەولێر
شەوی رابردوو هێرشکرایە سەر بنکەی سەربازیی تاجی، دوو سەربازی ئەمریکی و بەریتانییەک کوژران و زیاتر لە 11 کەسی دیکەش برینداربوو، لەمبارەیەوە، بەرپرسانی ئەمەریکایی و عێراقی دەڵێن هێرشەکە شەوی چوارشەممە لەلایەن کۆمەڵێک چەکدارەوە بە موشەکی کاتیوشا ئەنجام دراوە.
وتەبێژی نێوەندی سەرکردایەتی ئەمەریکا کاپتن بیل ئەربان کوژرانی دوو سەربازی ئەمەریکایی پشتڕاست کردەوە. کاربەدەستێکی سوپای دەڵێت سێهەم کەسی کە کوژراوە بەریتانی بووە، 12 کەسی دیکەش لە ناویاندا سەربازی ئەمەریکای و هاوپەیمانان و کارمەندە گرێبەستەکانیش بریندار بوون.
ئۆفیسی سەرۆکایەتی عێڕاق لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی پێنجشەممە ئەو هێرشە تیرۆرستییەی شەرمەزار کردووەو جەختی لە دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی کردەوە.
بەرپرسانی ئەمەریکا هەتا ئێستا بە ئاشکرایی هیچ کەسیان بۆ هێرشەکە تاوانبار نەکردووەو دەڵێن لێکۆڵینەوە بەردەوامە.
بەرپرسێکی سوپای ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت ڕاگەیاند، ئەمەریکا لەو بڕوایەدایە حەشدی شەعبی سەر بە ئێران دەستی لەم هێرشەدا هەیە.
ئەمەش یەکەم جار نییە ئەو گروپە چەکدارەی سەر بە ئێران لە عێراق هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بکاتە ئامانج.
لە مانگی 12ی ساڵی ڕابوردووشدا چەکدارانی گروپی کەتایب حزبوڵا هێرشێکی هاوشێوەیان کردە سەر بنکەی سەربازی نزیک شاری کەرکوکی دەوڵەمەند بە نەوت و تیایدا کارمەندێکی گرێبەستی وەزارەتی بەرگری ئەمەیکای تیا کوژرا.
voa
ئەم هەواڵە 4024جار خوێندراوەتەوە |