English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
بارزانی رێبەرێک ژیانی بە گەلەکەی بەخشی
2020-03-14 [09:13 AM]

ZNA- ھەولێر


مەلا مسته‌فا بارزانی له ‌ڕۆژی‌ 14/3/1903 له ‌گوندی بارزان هاتووه‌ته‌ دنیاوه‌، شۆڕشگێڕ و سیاسه‌توانێكی به‌ناوبانگی كورد بوو. له‌كۆماری مه‌هاباددا ڕۆڵی هه‌بوو، له‌ساڵی‌ (١٩٤٦)ه‌وه‌ ڕێبه‌ری پارتی دیموكراتی كوردستان بوو. له‌ساڵی‌ ١٩٦١دا شۆڕشی ئه‌یلوولی دژ به‌حكومه‌تی ناوه‌ندیی ئه‌وكاته‌ی عێراق ده‌ستپێكرد.

ژیانی‌ مسته‌فا بارزانی‌

له‌ساڵی 1906 له‌ته‌مه‌نی سێ‌ ساڵیدا، له‌به‌ندیخانه‌ی موسڵ‌ له‌گه‌ڵ‌ دایكیدا زیندانیكراوه‌. له‌نێوان ساڵی 1917-1919 شێخ ئه‌حمه‌د بارزانیی برا گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵ‌ شێخ عه‌بدولڕه‌حمان شه‌رناخیدا، بۆ كاروباری شۆڕش ده‌ینێرێته‌ كوردستانی توركیاو له‌وێ‌ له‌(موش) چاوی به‌شێخ عه‌بدولقاهری نه‌هری ‌و شێخ سه‌عیدی پیران ده‌كه‌وێ‌.

شێخ عه‌بدولسه‌لام باپیری مسته‌فا بارزانی له‌ساڵی‌ ١٨٧٢دا مردووه ‌و كوڕه‌كه‌ی به‌ناوی شێخ محه‌مه‌د بووه‌ به‌سه‌رۆكی هۆزی بارزان. مسته‌فا بارزانی پێنجه‌مین ‌و دوایین كوڕی شێخ محه‌مه‌د بووه‌ له‌ڕۆژی‌ ١٤ی ئازاری ١٩٠٣دا له‌گوندی بارزان له‌دایك بووه‌. ساڵی ١٩٠٤ باوكی مەلا مسته‌فا مردووه‌و برا گه‌وره‌كه‌ی، عه‌بدولسه‌لام بووه‌ته‌ سه‌رۆكی هۆزی‌ بارزان.

خه‌باتی‌ سیاسی ‌‌و چه‌كداری‌ مسته‌فا بارزانی‌
له‌ساڵی 1919 به‌فه‌رمانی شێخ ئه‌حمه‌د به‌سه‌رۆكایه‌تی هێزێكه‌وه‌ ده‌چێته‌ هاواری شۆڕشی شێخ مه‌حموودی نه‌مر، به‌شێك له ‌هێزه‌كه‌ له‌دۆڵی (بیاو)وه‌ به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ش له‌ناوچه‌ی (باڵه‌كه‌)وه‌ ده‌ڕۆن. له‌ڕێگا تووشی شه‌ڕی عه‌شیره‌ته‌ دۆسته‌كانی ئینگلیز ده‌بێت ‌و چه‌ندین شه‌هید ده‌ده‌ن، تا به‌رایی هێزه‌كانی ده‌گاته‌ ناوچه‌ی سلێمانی، شۆڕش كۆتایی دێت ‌و شێخ مه‌حمود خۆیشی به‌دیل ده‌گیرێت.
له‌نێوان ساڵی 1920-1921دا له‌گه‌ڵ‌ هێزێكدا ده‌چێته‌ هاواری (ئه‌ندارێك) پاشای ئه‌رمه‌نیه‌كان له ‌توركیاو پاشاو چه‌ندین ئه‌رمه‌نیش له‌كوشتاره‌كه‌ی ئه‌رمه‌نیه‌كانی توركیا ڕزگارده‌كه‌ن ‌و ئه‌ندارێك پاشا و خێزانه‌كه‌شی ده‌گه‌یه‌ننه‌ سوریا و خۆشیان تا ده‌گه‌نه‌وه‌ زاخۆ (14) شه‌هید ده‌ده‌ن.
ڕۆژی‌ 9/12/1931 له‌ڕاپه‌ڕینی یه‌كه‌می بارزاندا، له‌شه‌ڕی (به‌رقی به‌گ)دا، به‌هه‌شتا بارزانیه‌وه‌ سوپای ده‌وڵه‌تی شكاندو زیانی (126) كوژراوی به‌دوژمن گه‌یاند به‌رامبه‌ر به‌پێنج شه‌هید. هاوكات رۆژی‌ 22/6/1933 كه‌ حكومه‌تی توركیا شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی ده‌‌گرێ ‌‌و ته‌سلیم به‌حكومه‌تی عێراقی ده‌كاته‌وه‌، مسته‌فا بارزانی به‌خۆی ‌و خێزانه‌ بارزانییه‌كانه‌وه‌، به‌یارمه‌تی برا كورده‌كانی توركیا خۆی ده‌رباز ده‌كات‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ناوچه‌ی بارزان، حكومه‌تی عێراقیش ناچار ده‌كات له‌كۆتایی ئابی ساڵی‌ 1933دا شێخ ئه‌حمه‌دی بارزانیش ئازاد بكات ‌و بیگێڕێته‌وه‌ بارزان.
له‌ناوه‌ڕاستی ساڵی 1936دا، كه‌ بۆ وتوێژ ده‌چێته‌ موسڵ‌ له‌وێ‌ ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كرێ‌‌و له‌لای موته‌سه‌ریفی ئه‌وسای موسڵ‌ ده‌رمانخوارد ده‌كرێ‌، به‌موعجیزه‌ له‌مه‌رگ ڕزگاری ده‌بێت پاش دوو هه‌فته‌ی بێهۆشی، هه‌ر له‌كۆتایی ئه‌و ساڵه‌دا خۆی‌و شێخ ئه‌حمه‌دی برا گه‌وره‌ی‌و هه‌موو خێزانه‌ بارزانیه‌كان ده‌گوێزرێنه‌وه‌ بۆ به‌غداو شاره‌كانی دیكه‌و له‌وێ‌ ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كرێن.
له‌ڕۆژی‌ 12/7/1943 بارزانی نه‌مر پاش چه‌ندین ساڵ‌ ده‌ربه‌ده‌ری ‌و ده‌ستبه‌سه‌ری، به‌یارمه‌تی حزبی هیواو چه‌ند كه‌سانێكی نیشتمانپه‌روه‌ر له‌سلێمانی ده‌ربازده‌بێ‌‌و ده‌گاته‌ (شنۆ)ی ڕۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان.
هه‌ردوو حكومه‌تی عێراق ‌و ئێران، هه‌ریه‌كه‌یان (50)هه‌زار دینار پاداشت بۆ سه‌ری بارزانی ته‌رخانده‌كه‌ن، به‌ڵام بارزانی له‌رۆژی‌ 28/7/1943 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ناوچه‌ی بارزان ‌و له‌ماوه‌ی دوو مانگدا زیاتر له‌دوو هه‌زار پێشمه‌رگه‌ی لێ كۆده‌بێته‌وه‌و شۆڕشی 1943-1945 بارزان ده‌ستیپێكرد.
2/10/1943 شه‌ڕی به‌ناوبانگی (شانه‌ده‌ر).
12/10/1943 شه‌ڕی به‌ناوبانگی (خێرۆزۆك).
6/11/1943 شه‌ڕی به‌ناوبانگی (گۆڕه‌توو).
10/11/1943 شه‌ڕی به‌ناوبانگی (مه‌زنه‌).
29/11/1943 ده‌ستپێكردنی وتووێژ له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌ت.
15/1/1945 لیژنه‌ی (ئازادی) پێكدێنی.
25/8/1945 شه‌ڕ ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌.
5/9/1945 شه‌ڕی به‌ناوبانگی (مه‌یدان مۆریك) له‌م شه‌ڕه‌دا به‌رامبه‌ر به‌پێنج شه‌هید، ده‌وڵه‌ت (80) دیل‌و (480) كوژراو به‌جێده‌هێڵێت.
11/10/1945 كشانه‌وه‌ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان.
29/4/1946 شه‌ڕی به‌ناوبانگی (قاراوا) له‌ناوچه‌ی سه‌قزو به‌رگریكردن له‌كۆماری كوردستان، له‌م شه‌ڕه‌دا (80) سه‌ربازو ئه‌فسه‌ری سوپای ئێرانی كوژران‌و (120)یشیان لێ به‌دیل گیرا به‌بێئه‌وه‌ی هێزه‌كانی بارزانی هیچ زیانێكیان لێبكه‌وێت.
15/5/1946 شه‌ڕی گه‌وره‌ی (مل قه‌ره‌نی) یا (مامه‌ شاه).
16/8/1946 پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراقی دامه‌زراند.
هه‌فته‌ی یه‌كه‌می ڕۆژی‌ 3/1947 شه‌ڕی (نه‌لۆس).
13/3/1947 شه‌ڕی به‌ره‌ی (شنۆو نه‌غه‌ده‌).
24/3/1947 شه‌ڕی (قارنه‌) له‌ناوچه‌ی خانه‌.
25/3/1947 شه‌ڕی هه‌ڤرس ـ هه‌له‌ج) ناوچه‌ی مه‌رگه‌وه‌ڕ.
3/4/1947 شه‌ڕی نێرگێ‌ (به‌ری زه‌ر). بارزانی خۆی به‌سووكی له‌م شه‌ڕه‌دا برینداربوو.
19/4/1947 دێته‌وه‌ ناو خاكی عێراق.
25/5/1947 ده‌گاته‌ گوندی (با) له‌باكووری‌ كوردستان.
27/5/1947 ده‌گاته‌ گوندی (جێرمێ‌) له‌ڕۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان.
9-11/6/1947 شه‌ڕی چیای (سوسز)و ده‌شتی (ماكۆ)، ئه‌م شه‌ڕه‌ سێ‌ شه‌وو سێ‌ ڕۆژ به‌رده‌وامبوو به‌بێ‌ وه‌ستان، سوپای ئێران تۆپ‌و فڕۆكه‌و تانكیان تێدا به‌كارهێنا، به‌ڵام بارزانییه‌كان شكاندیانن‌و جگه‌ له‌سه‌دان كوژراو (271) كه‌سیشیان به‌دیل گرتن.
له‌ڕۆژی 18/6/1947دا، بارزانی نه‌مر دوا كه‌سی هێزه‌كه‌ی بوو له‌ئاوی (ئاراس) په‌ڕیه‌وه‌ چووه‌ نێو خاكی سۆڤێته‌وه‌.
29/9/1947 بارزانی نه‌مر له‌شاری (نه‌خچه‌وان)ی كه‌ناری ئه‌رمینیاوه‌ گوێزرایه‌وه‌ بۆ شاری (ماكۆ)ی پایته‌ختی كۆماری ئازه‌ربایجان.
19/1/1948 له‌كۆنفرانسێكی گشتیدا كه‌ هه‌موو كورده‌ ئاواره‌كانی كوردستانی عێراق‌و ئێران ئاماده‌یبوون، سه‌ركردایه‌تی سیاسی هاوبه‌ش بۆ بزوتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی هه‌ڵبژێردراو بارزانی به‌سه‌رۆكی ئه‌و سه‌ركردایه‌تییه‌ هه‌ڵبژێردرا.
29/8/1948 خۆیی‌و هه‌ڤاڵانی له‌(باكۆ)وه‌ ده‌گوێزرێنه‌وه‌ بۆ شاری (تاشقه‌ندی) پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان.
13/3/1949 بارزانی له‌هه‌ڤاڵانی داده‌بڕن‌و خۆیی‌و ته‌نها دوو هه‌ڤاڵی ده‌به‌ن بۆ شاری (چه‌مبای) له‌سه‌ر ده‌ریاچه‌ی ۆرال‌و له‌وێ‌ ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كرێ‌.
ڕۆژی‌ 1/10/1951 ده‌گه‌ڕێته‌ه‌وه‌ تاشقه‌ند.
له‌مانگی ئایاری ساڵی‌ 1953 (ستالین) ده‌مرێ‌‌و (خرۆشۆف) دێته‌ سه‌ركار، بارزانیی ده‌گوێزرێته‌وه‌ (مۆسكۆ)و چه‌ندجارێكیش چاوی به‌(خرۆشۆف) ده‌كه‌وێت.
6/10/1958 پاش شۆڕشی ته‌ممووزو زیاتر له‌دوانزه‌ ساڵ‌ ده‌ربه‌ده‌ری گه‌یشته‌وه‌ به‌غدا.
له‌سه‌ره‌تای 1960 به‌یه‌كجاری گه‌ڕایه‌وه‌ بارزان.
11/9/1961 شۆڕشی ئه‌یلوول ده‌ستی‌ پێكرد.
11/3/1970دا ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستانی عێراق به‌ده‌ستهێنا.
29/9/1971 ناحه‌زانی كوردو كوردستان پیلانێكی مكۆم ‌و نه‌خشه‌ بۆ كێشراوی وردیان بۆ نایه‌وه‌، به‌موعجیزه‌ لێی ڕزگاربوو.
له‌ئاداری ساڵی‌ 1974 ده‌ستیدایه‌وه‌ شه‌ڕی به‌رگری.
له‌ئاداری 1975 له‌ئه‌نجامی ڕێكه‌وتنه‌ ناوزڕاوه‌كه‌ی جه‌زائیرو ئه‌و پیلانه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ی كه‌ دژ به‌شۆڕشی ئه‌یلوولی مه‌زن كرا، به‌خۆیی ‌و سه‌دان هه‌زار كوردی عێراقه‌وه‌ چووه‌وه‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان.
1/3/1979 له‌ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ كۆچی دوایی كرد.

5/3/1979 له‌سه‌ر وه‌سیه‌تی خۆی له‌ڕۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان له‌شاری (شنۆ) له‌سه‌ر سنووری كوردستانی عێراق‌و كوردستانی توركیا ئه‌سپه‌رده‌ی خاكی پیرۆزی كوردستان كرا.

له‌ڕۆژی‌ 6/10/1993 ته‌رمی نه‌مران مه‌لا مسته‌فا بارزانی‌و ئیدریس بارزانی‌ كوڕی‌ له‌ڕێوڕه‌سمێكی شكۆداردا گه‌ڕێنرانه‌وه‌ بۆ باشووری‌ كوردستان، كه‌ له‌پێنجوێنه‌وه‌ تاسلێمانی‌و هه‌ولێرو ناو په‌رله‌مانی كوردستان‌و تا به‌خاكسپاردنیان له‌بارزان، به‌سه‌دان هه‌زار كه‌س له‌هه‌موو چین‌و توێژو كه‌رتی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و پیاوانی ئایینی‌و كه‌سایه‌تی كورد توركمان‌و ئاشووری‌و عه‌ره‌ب له‌پێشوازیدا بوون

 

 

 

 

گۆران ھەرکی





ئەم هەواڵە 886جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad