English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ڤایرۆسی کۆرۆنا چۆن دەگوازرێتەوە
2020-03-16 [10:58 AM]

ZNA ــ هەولێر


کۆرۆنا ڤایرۆسێکی نوێیە و سەر بە خێزانی کۆرۆناڤایرۆسە بەڵام جیاوازترە لە ئەندامانی دیکەی خێزانەکەی خۆی، دوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە لە وهانی چین رۆژ دوای رۆژ توێژینەوەکان بۆ لێکۆلینەوە و وردبوونەوە لە ڤایرۆسەکە ئەنجامدەدرێن و هەموو پزیشکە توێژەرەکانیش هاوڕان کە ڤایرۆسەکە ئەگەر رێژەیی مردنیش بەهۆیەوە کەمبێت بەڵام ئەوەی مەترسییدارە ئەوەیە ڤایرۆسەکە زۆر بەخێرایی بڵاودەبێتەوە، هەرچەندە تاوەکو ئێستا هێشتا توێژینەوە دەکرێن لەبارەی رێگەکانی گواستنەوە ڤایرۆسەکە لە کەسێکی تووشبوو بۆ کەسێکی ساخ، بەڵام پزیشکان دەڵێن ڤایرۆسەکە لەرێگەی دلۆپەکانی کۆئەندامی هەناسە دەگوازرێتەوە، ئایا ئەمە ئەوە دەگەیێنێت کە کەسێکی هەڵگری ڤایرۆسەکە لەرێگەی قسەکردن و پریشکی کۆکە و پژمینی کەسێکی ساخ تووشبکات؟!

بۆ ئەوەی کەسێکی ساخ تووشی ڤایرۆسەکە ببێت هەندێک فاکتەری سەرەکی هەن کە رۆڵیان هەیە، مەرج نییە هەر کەسێک بەرکەوتنی لەگەڵ تووشبووەک هەبوو تووشی ڤایرۆسەکە بێت چونکە چوار فاکتەر هەن کە رۆڵییان هەیە، یەکەمیان نزیکی ئەو کەسەیە لەگەڵ تووشبووەکە، واتە کاتێک گفتوگۆدەکەن تاوەکو چ مەوداییەک دووری لەنێوانیاندا هەیە؟، دووەم، ماوەی چەند لەگەڵ ئەو کەسەی تووشبوو بەرکەوتەت هەبووە، واتە چەند خولەک یان چەند کاژێر بەیەکەوە بوونە، سێیەم، ئایا کەسەکە بەرووتدا کۆکیوە یان پژمیوە؟ و ئایا دڵۆپەکانی کۆئەندامی هەناسەی ڤایرۆسەکەیان هەڵگرتووە یان نە؟. بێگومان تەمەن و دۆخی تەندروستی کەسەکە رۆڵ دەبینن لە تووشبوون.

کریستیان لیندمیەر، گوتەبێژی رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت، ئەگەر مەودای یەک مەتر لەنێوان دوو کەسدا هەبێت مەترسیی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە کەمترە، ئەمە لەکاتێکدایە سەنتەری کۆنترۆڵکردن و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکانی ئەمریکا دەڵێت سێ مەتریش لەنێوان کەسێکی تووشبوو و کەسێکی ساخ هەبێت ئەوا مەترسیی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە و تووشبووی کەسە ساخەکە هەر هەیە.

لەبارەی کاتی بەریەکەوتن لەنێوان دوو کەسدا تاوەکو ئێستا زانیاری ئەوتۆ بەردەست نییە، بەڵام پزیشکان هاوڕان تاوەکو ماوەی بەریەکەوتنمان لەگەڵ کەسی تووشبوو زیاتربێت، ئەگەری تووشبوونمان بە ڤایرۆسەکەش زیاترە.

سەبارەت بە کەلوپەلوو رووەکان کە ئایا دەتوانن ڤایرۆسەکە بگوازنەوە، د. ویت کار، پرۆفیسۆر لە زانکۆی هۆنگ کۆنگ دەڵێت، "ئەگەر دڵۆپە و پریشکەکانی کۆئەندامی هەناسەی کەسێکی تووشبوو بەر رووەکان بکەوێت و دواتر کەسێکی ساخ دەست لەو رووانە بدات و دواتریش دەست بدات لە لووت، چاو و دەمی بێگومان تووشی ڤایرۆسەکە دەبێت، بۆیە دەبێت بەردەوام کەلوپەل و مێز و ئامێرەکانمان پاکبکەینەوە بۆ ئەوەی ڤایرۆسەکە لەنێوبچێت."

سەرباری ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەخێرایی بڵاودەبێتەوە بەڵام تاوەکو ئێستا دەرنەکەوتووە کە ئەم ڤایرۆسە لەرێگەی سێکسکردن بگوازرێتەوە.

نابێت ئەوە لەیاد بکەین کە دەکرێت کەسێک هەڵگری ئەم ڤایرۆسە بێت و بیگوازێتەوە بەبێ ئەوەی نیشانەی نەخۆشییەکەی هەبێت، بۆیە دەبێت تادەکرێت لە قەرەباڵخی و گومانلێکراو دووربین، بەردەوام دەستمان بشۆین و هەموو رێکارە خۆپارێزییەکان وەک خۆی جێبەجێ بکەین.





ئەم هەواڵە 6523جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad