English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
پوتین یان بن سەلمان،کامیان جەنگەکە دەباتەوە؟
2020-03-19 [07:50 AM]

نوسینی : دانا عبدالعزیز


لەگەل بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرونا لەسەرەتای مانگی ١٢ ی ساڵی ٢٠١٩ لە وڵاتی چین، لە پێناو پاراستنی ھاوڵاتیانی لە پەتای کۆرۆنا چین باری نائاسایی ڕاگەیاند و سەرجەم بزاوتە ئابوورییەکانی بۆ ماوەیەکی کاتی ھەڵپەسارد کەتا ئێستاش بەردەوامی ھەیە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی نەرێنی بۆ سەر ئابووری چین بە تایبەت و ئابووری جیھان بە گشتی ھەبوو. 
دوای ئەوەی کە ڤایرۆسەکە لە وڵاتی چین نە گیرسایەوەو بازیدا بۆ وڵاتانی تری جیھان و دواتر بوو بە پەتایەکی جیھانی ھەروەک ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی ڕایگەیاند. 
ئەم بارودۆخە وایکرد کەوا ئابووری جیھان گورزێکی کوشندەی بەرکەوێت و پاشەکشێیەکی گەورە لە ئابووری سەرجەم وڵاتان دا ڕویدا.
وەستانی بزاوتە ئابوورییەکان لەسەرتاسەری جیھان کاریگەری کردە سەر پیشەسازی نەوت بە جۆرێک کەوا خواست لەسەر نەوت بەڕێژەیەکی زۆر کەمی کرد، نەوتێکی زۆر لە بازارەکانی نەوتدا کەلەکەی کرد، لەگەل ئەمانەشدا وڵاتانی بەرھەمھێنی نەوت بەردەوام بوون لە بەرھەمھێنان و خستنە بازاڕی نەوتی خاو، دەرئەنجام ئەمە بووە ھۆی دابەزینی نرخی نەوت بە شێوەیەکی خێرا کەلە ٥٦ دۆلارەوە بۆ ٢٩ دۆلار دابەزی.ئەمەش بازاری نەوتی توشی جۆرێک لە ئیفلیج کرد. 
بۆ راگرتنی ئەو دابەزینە خێرایەی نرخی نەوت پێویست بوو کەوا ولاتانی بەرھەمھێنی نەوت بەڕێژەیەک لەبەرھەمھێنان و خستنە بازاڕی نەوت کەم بکەنەوە بۆ ئەوەی ھاوسەنگی بگەڕێتەوە بۆ بازاری نەوت ، بۆ ئەم مەبەستەش ڕێکخراوی ئۆپێک کەوتە بزاوت لە پێناو دروست کردنی ھاوسەنگی لە بازاری نەوتدا،چونکە رێکخراوی ئۆپێک لە ٤٠٪‏ نەوتی جیھان بەرھەم دێنێت، لە نێو ولاتانی ئەندامیش لە رێکخراوەکە سعودیه خاوەنی زۆرترین ڕێژەی بەرھەمھێنانە و بەو ھۆیەشەوە کاریگەری سعودیه بەسەر بڕیارەکانی ئەو رێکخراوەدا تەواو رەنگی داوەتەوە. 
بۆ کۆنتڕلکردنی بازاری نەوت و دروستکردنی ھاوسەنگی لە بازاڕدا پێویست بوو کەوا ئۆپێک لەگەل یەکێک لە گەورەترین بەرھەمھێنەرەکانی نەوت لەسەر ئاستی جیھاندا( روسیا)  رێکەوتنێک ئیمزا بکەن بۆ کەمردنەوەی ڕێژەی بەرھەمھێنانی نەوت و کەمکردنەوەی بڕی خراوە ڕوو بۆبەرزکردنەوە و ڕاگرتنی نرخی نەوت لە ئاستێکدا کە جێگای ڕەزامەندی ھەمووان بێت،ڕێکخراوی ئۆپێک داوای لەڕوسیا کرد کەوا بڕی بەرھەمھێنانی نەوتەکەی کەمبکاتەوە بە ڕێژەی ( ١,٥) یەک ملیۆن و پێنج سەد ھەزار بەرمیل، بەڵام روسیا ئەم پێشنیازەی ئۆپێکی ڕەتکردەوە لەبەر دووھۆکار ، ھۆکاری یەکەم ڕوسیا پێی وایە ناکرێت بەو ڕێژە زۆرە بەرھەمھێنانی نەوت کەمبکاتەوە چونکە ئەمە کاردەکاتە سەر پێگەی روسیا لە بازاڕی نەوتدا پێگەی روسیا بێ ھێزدەکات، وە ھۆکاری دووەم پێی وایە کە ئەمە لەبەرژەوەندی ئەمریکادایە و ئەوکات ئەمریکا دەتوانێت زیاتر پەرە بە کەرتی نەوتی خۆی بدات، ئەم ھەڵوێستەی ڕوسیا بووە ھۆی توڕەکردنی شازادەی جێ نشێنی سعودیە و ھانیدا کەوا لە کێبڕکێی روسیادا سعودیه بڕی بەرھەمھێنان زیاد بکات و نەوتی خۆی ھەرزان فرۆش بکات ، بەمەش بازاڕی نەوت دووچاری گورزێکی کوشندە ھات و نرخی نەوتی خاو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەدابەزینە.
لێرەدا پرسیارێک لەدایک دەبێت، ئایا کامیان براوە دەبن لەو شەڕەدا ؟ پوتین یان بن سەلمان ؟ 
بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارەمان دەست کەوێت دەبێت بەراوردێک بکەین لە نێوان ھێز و پێگەی ئابووری ھەردوو وڵاتدا.
ڕوسیا،بە ڕێژەی لە سەدا ٤٠ پشت بە داھاتی نەوت دەبەستێت لە دابینکردنی داھاتی گشتیدا، ئەوەی تر لە پیشەسازی سەربازی چەک و تەقەمەنی و فڕۆکەی شەڕکەر و سیستەمی مووشەکی بەرگری و پیشەسازی شارستانی وەک ئۆتۆمبێل و کەرتی کشتوکاڵ و بازرگانی و سەرچاوە سروشتییەکانی تری وەک غاز و ئاسن و زێڕ و ئەلماس ھتد بەدەست دێنێت،ڕوسیا شەشەم وڵاتە لەسەر ئاستی جیھان لە ڕووی یەدەگی زێڕ کە خاوەنی ٢٢٠٠ تۆن زێڕە، خاوەنی لەسەدا ٣٠ ی کۆی سەرچاوە سروشتیەکانی ترە جگە لەنەوت لەسەرتاسەری جیھاندا، گەورەترین بەرھەمھێنەری ئەلماسە لەسەر ئاستی جیھا ن بەجۆرێک کەوا لە سەدا ٢٥ ی کۆی ئەلماسی جیھان روسیا بەرھەمی دێنێت،لە ئێستا ڕۆژانە ( ١١,٨) ملیۆن بەرمیل نەوت ھەناردە دەکات، خاوەنی(٦٠٠) ملیار دۆلار یەدەگی نەختینەیە، ٢٠ ملیار دۆلار عجزى ھەیە لە میزانیەی ٢٠٢٠ دا، دوازدەھەمین ھێزی ئابوورییە لەسەر ئاستی جیھان.
سعودیه، بەڕێژەی لەسەدا ٩٥ پشت بەداھاتی نەوت دەبەستێت لە دابینکردنی داھاتی گشتیدا، ڕۆژانە بڕی( ١٢,٥) دوازدە ملیۆن و پێنج سەد ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە دەکات،خاوەنی (٥٠٣) ملیار دۆلار یەدەگی نەختینەیە، ٥٠ ملیار دۆلار عجزى ھەیە لە بوودجەی ٢٠٢٠ دا ، ھەژدەھەمین ھێزی ئابوورییە لەسەر ئاستی جیھاندا.
ئەم ژمارەو داتایانەی سەرەوە پێمان دەڵێن کەوا ئابووری روسیا نەرمترە و زیاتر بەرگەی قەیران و بومەلەرزەی ئابووری دەگرێت وەک لەوەی سعودیە، بەمەش دەتوانین بڵیین زەرەرمەندی یەکەم لەجەنگی نەوتدا سعودیە و سعودییەکان و خودی شازادەکانی ئەو وڵاتە دەبن.





ئەم هەواڵە 4060جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad