English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ھەمەجۆرکردنی ئابووری،پێویستییەکی گرنگ بۆ ھەرێمی کوردستان
2020-03-20 [06:13 AM]

نوسینی : دانا عبدالعزيز


ھەمەجۆر کردن یاخود ھەمە چەشنی لە ئابووریدا ( Economic Diversification) بریتیە لە زیادکردنی ڕۆڵی سەرجەم کەرتەکانی ئابووری( پیشەسازی،کشتوکاڵ،خزمەتگوزاری، بازرگانی و گەشت و گوزار) لە وەبەرھێنان و بەشداری پێکردنیان لە پێکھاتەی تێکڕای داھاتی نێوخۆیی، دورکەوتنەوە لە پشت بەستن بە تەنھا یەک جۆر سەرچاوەی داھات یاخود وەبەرھێنانی یەک جۆر کاڵا و ھەمەجۆرکردنی ھەناردەکردنی کاڵا و کاراکردنی باج و رسومات،بەمەبەستی بە ھێز کردنی پایەکانی ئابووری و پاراستنی ئابووری لەھەر قەیران و شۆکێکی ئابووری کەلە ناکاو ڕووبەڕوی دەبێتەوە. دووجۆر ھەمەجۆرکرنی ئابووری ھەن،

جوری یەکەم پێی دەڵێن(Horizontal Diversificationھەمەجۆرکردنی ئاسۆیی) واتا ھەمەجۆرکردنی وەبەرھێنان لە ھەمان کەرتی ئابووری بە شێوازی جیایا، بە نمونە لە کەرتی نەوتدا.

جۆری دووەم پێی دەڵێن ( Vertical Diversification ھەمەجۆرکردنی ستونی) واتا دابەشکردنی وەبەرھێنان بەسەر کەرتەکانی ئابووریدا وەک کەرتەکانی پیشەسازی،کشتوکال ھتد. لە زانستی سیاسەت و پەیوەندی نێودەوڵەتیدا،دەستەواژەیەک ھەیە پێی دەڵێن(دول الريعية)(Rentier Economies)،واتا ئەو وڵاتانەی کەوا ئابوورییەکەیان تەنھا پشت بەیەک سەرچاوەی داھات دەبەستن و ھیچ سەرچاوەی تری داھاتیان نیە، ئەو سەرچاوەیەش زیاتر پارەی ئامادەیە و بە بێ بەکارھێنانی تەکنەلۆجیای پیشەسازی و گۆڕانکاری لە جۆر و شێوەی کاڵاکە، ئەمەش زیاتر سەرچاوەی سروشتی دەگرێتەوە، بۆ نمونە نەوت و غاز. ئەم وڵاتانە خاوەنی ئابوورییەکی لەرزۆک و ناسەقامگیرن و ناتوانن بەرگەی ھیچ گۆڕانکارییەکی ئابووری بگرن و ھەمیشە لە لێواری قەیراندان، بوودجەی ئەم جۆرە وڵاتانە زۆر ھەستیار و ناجێگیرە بە ھۆی گۆڕانکاری لەناکاوی نرخی ئەو کاڵایەی ئەوان دەیفرۆشن لە بازاڕەکانی دەرەودا ھەمیشە لە گۆڕانکاری و ھەڵچون و دابەزینی کتوپڕدایە. ئەو وڵاتانەی کە لەسەدا ٦٠ بەرەو ژوور پشت بەیەک سەرچاوەی داھات دەبەستن پێیان دەگوترێت وڵاتانی خاوەن ئابووری یەک لایەنە، یاخود(دول الریعية). نمونەی ئەم وڵاتانە ( عێراق، سعوديه و فنزويلا). ھەرێمی کوردستان، ھەرچەند ھەرێمێکی فیدڕالین و خاوەنی کیان و سەروەری خۆمان نین، بەلام بۆ ئەوەی بتوانین ئامانجی نەتەوەییمان کە بریتییە لە سەربەخۆیی و (دەوڵەتی کوردی) بەدەست بێنین بەر لە ھەر شتێک پێویستیمان بە ئابوورییەکی بە ھێز و ڕەگ داکوتاو ھەیە، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە ئێمەی کوردستانی چیتر پشت بە داھاتی نەوت و سەرچاوەی سروشتی نەبەستین بە تەنیا. ئابووری ھەرێمی کوردستان ئابوورییەکی بێ ھێز و ناسەقامگیرە، لە سەدا ٨٠ پشت بەستووە بە داھاتی نەوت و غاز، کەمەش وایکردووە کە ھەرێمی کوردستان لەھەر بارگۆڕانێکی ئابووریدا باجێکی گەورە بدات وەک ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٤ ڕویدا بە ھۆی دابەزینی نرخی نەوت، وە ئێستاش خەریکە دووچاری ھەمان قەیران و گرفتی ئابووری دەبینەوە! ئێمەی کورد دەبێ پلان و ستراتیژی مامناوەند و دوورمەودامان ھەبێت بۆ بە ھێزکردنی ئابووریمان، نابێ چیتر سەرجەم ھێلکەکانمان بخەینە نێو یەک سەبەتەوە! ھەرێمی کوردستان پێویستە توانای وەبەرھێنان لەکەرتی نەوت و غازدا زیاد بکات و بیگەیێنێتە ئەوپەڕی، وەسەرمایەی بەدەست ھاتوو لە کەرتی نەوت و غاز بخاتە گەڕ لە کەرتەکانی ترداو وەبەرھێنانیان تێدا بکات،ھانی پڕۆژە کشتوکاڵییەکان بدات،زۆرترین کارگەو کارخانەی پیشەسازی لەھەموو بوارەکاندا دروست بکات،گرنگی تەواو بدات بەکەرتی گەشتوگوزار و خزمەتگوزاری،ھانی کەرتی تایبەت و وەبەرھێنەری بیانی بدات بە پێشکەشکردنی پشتگیری و ئاسانکاری دارایی و ئیداری . پێداویستییەکانی ھەمەجۆرکردنی ئابووری:

یەکەم، سەرمایەی مادی و مرۆیی.

دووەم،سیاسەت و ڕێ و شوێنە ئابوورییەکان.

سێیەم، ژینگەی وەبەرھێنان و بوونی ئارامی و ئاسایش.

چوارەم،کرانەوە بەڕووی بازاڕەکانی جیھان و ئاسانی ھاتووچۆی سەرمایە ولادانی بەربەستە گومرگییەکان و ھاندان پارەدارکردن.

پێنجەم، (حکم الرشيد) مامەلەکردنی دروست و گونجاو لەگەل سەرچاوەکانی داھاتی گشتی دوورکەوتنەوە لەبەھەدەردانی سامانی گشتی.

ھەرێمی کوردستان زۆربەی تایبەتمەندییەکانی تێدایە بۆئەوەی ببێت بە خاوەنی ئابوورییەکی ھەمە جۆر و بەھێز، لە کەرتی کشتوكاڵدا، کوردستان خاوەن زەوییەکی بەپیت و بەرەکەتە سەرچاوەی ئاوی پێویست لەبەردەستدان، کەش و ھەوا تەواو گونجاوە. لەکەرتی پیشەسازیدا، خاوەنی زۆرێک لە سەرچاوە سروشتییەکانین، دەستی کاری زۆرمان ھەیە، ژێرخانمان تاڕادەیەک باش و گونجاوە. لەکەرتی گەشتوگوزار و خزمەتگوزاریدا بەھەمان شێوە.ئەوەی ماوە پلان و بەرنامە و ھێز و ئیرادەی دەوێ بۆ دەست پێکردن. لە ڕێگای ھەمە جۆرکردنی ئابووریمان دەتوانین ئەم ئامانجانە بەدەست بێنین:

یەکەم،دروست کردنی ئابوورییەکی بە ھێز و سەربەخۆ، دوورکەوتنە لە مەترسییەکانی بارگۆڕانی ئابووری لەدەرەوە و بەردەوامی دان بە پێشکەوتنی ئابووری و زیادکردنی داھاتی نێوخۆیی.

دووەم، دابینکردنی ھەلی کاری زۆر و کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری.

سێیەم، بەدەستھێنانی خۆ بژێوی تەواو ( الاكتفاء ذاتي) لە کاڵاو پێداویستییەکان و دوور کەوتنەوە لە ھاوردەکردنی کاڵاو پێداویستی لەدەرەوەی وڵات و دابین کردنی ئاسایشی ئابووری.

چوارەم،دابینکردنی ئایندەیەکی باش بۆ نەوەکانی داھاتوو و دروستکردنی دادپەروەری لە نێوان نەوەی ئێستا و داھاتوو لەڕێگەی دانانی سندوقی سیادی و پارەی بەدەست ھاتوو لەسەرچاوەی سروشتی، وەک ئەوەی کەلە نرویج پەیرەو کراوە.

پێنجەم، بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ ھەمووان.





ئەم هەواڵە 1195جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad