ZNA - هەولێر قایمقامی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس هاتووە، تێیدا ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی رەتی دەکاتەوە ھیچ گرفتێک لە کەمی خواردن و پێداویستی لە سلێمانی ھەبێت و دڵنیایی تەواو دەداتە ھاوڵاتیانی شارەکە و دەڵێت، ھیچ گرفت و قەیرانێک لە خواردن و پێداویستی رۆژانەدا نیەو بڕی پێویستی خواردن و پێداویستی لە کۆگاکاندا ھەیە و زیاتر لە سێ ھەزار تۆن خوردن و پێداویستی بەڕێگەوەیە بۆ ھەرێمی کوردستان.
قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند، رۆژانە لە رێگەی خاڵە سنورییەکانەوە خواردن و پێداویستی دەھێندرێتە ھەرێمی کوردستان و شاری سلێمانی، لەم رووەوە دڵنیایی تەواو دەدەین بە ھاوڵاتیان ھیچ دودڵی و گومانێکیان لە کەمی خواردن وپێداویستیەکانی رۆژانە نەبێت، ھەموو رێوشوێنێکی پێویست گیراوەتەبەر بۆ ئەوەی بڕی پێویستی خواردن و کاڵاو شتومەک بگاتە ھەرێمی کوردستان.
وتیشی، زیاتر لە سێ ھەزار تۆن خوردن و پێداویستی بەڕێگەوەیە بۆ ھەرێمی کوردستان و لە نزیکترین کاتدا دەگاتە شاری سلێمانی و پارێزگاکانی تری ھەرێمی کوردستان ئەمە جگە لەوەی لە کۆگاکاندا بە ھەزاران تۆن خواردن و پێداویستی عەمبارکراو ھەیە.
قائیمقامی سلێمانی: راشیدەگەیەنێت لە خاڵە سنورییەکان کارئاسانی تەواو بۆ بازرگانان دەکرێت بۆ ئەوەی کاڵاو پێدویستیەکان بەبێ ھیچ گرفتێک بھێننە ھەرێمی کوردستان, ھەموو ئەو خواردن و کاڵایانەش لەژێر چادێری ووردی تەندروستیدا دوای دڵنیابونەوە رێگە بە ھاوردەکردنیان دەدرێت ,
ئەم قسانەی قائیمقامی سلێمانی لە میانەی کۆبوونەوەیەکدا ھات کە ئەمشەو ٢٢ ئازاری ٢٠٢٠, کە لە دیوانی قائیمقامیەتی سلێمانی بەسەرپەرشتی ئاوات محەمەد قائیمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی و بە ئامادەبونی " بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی, یەکێتی ھاوردەو ناردنکارانی کوردستان, بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی و ئاسایشی ئابوری و سەرۆکی یەکێتی کۆمپانیاکانی دابەشکاری سلێمانی " بەڕێوەچوو.
ئەم هەواڵە 2671جار خوێندراوەتەوە |