|
نوسینی : رەوان ئیدریس بارزانی پێش مەرگ کەوتن پیشەیەکە، مرۆڤێک ناتوانێت بڕوانامەی تێدا بەدەست بهێنێت . بە درێژایی خەباتی چەکداری و سەرهەڵدانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد و کوردستان، نیشتیمانی ئێمە بە هەزاران خوێندكار لە پێناو وەرگرتنی بڕوانامەی پێشمەرگایەتی، لە زانکۆکانی شاخ و ئەشکەوت، وانەی گەرما و سەرما، برسێتی و تێنوویەتی، هەوراز و نشیوییان تێپەڕاندووە و بە خوێنی خۆیان هەموو دەر و دیواری ئەم زانكۆیانەیان بە دروشمی ئازادی و چۆكدانەنان نەخشاندووە! پیشەیەکە، هێندە پیرۆز و بێ¬هاوتایە لە سەرووی هەموو پیشەیەكی دیکەیە؛ چونكە خوێنی خۆی دەبەخشێت و گیانی خۆی بەخت دەكات بۆ ئەوەی هاونیشتیمانیانی بژیت و نیشتمانی نەڕۆخێت! پێشمەرگە، لە هەر شوێنێك ئازادی و مافە ڕەواكانی نەتەوەكەی بكەوێتە مەترسییەوە، یەكسەر لەوێ ئامادە دەبێت، بۆ دابینكردنی ئازادی و گەڕاندنەوەی مافەكان. لە کوێش مەترسی و هەڕەشەیەك لەسەر خاک و ئاو وهەوا و سرووشتە جوانەكەی نیشتیمانی هەبێت، ئەوا سینگی دەبێتە قەڵغان و دیواری خۆڕاگری و سەنگەری بەرگریکردن . وشەی كوردستان لە قامووسەكاندا، بەبێ پێشمەرگە و خەباتەكەی پێناسە ناكرێت؛ چوونکە هەوێنی دەستپێک و کۆتایی بونیادنان و نەڕۆخانی وڵاتمان بۆ هیممەتی بەرخودانی و بەخشینی خوێنی هەزاران هەزار لە ئەندامانی پێش مەرگ کەوتن دەگەڕێتەوە . بۆیە پێویستە و ئەرکی سەرشانمانە ڕێز لە خەباتی دوێنێ و ئەمڕۆی پێشمەرگە بگرین و ئەگەر تا ئێستا نەتوانراوە وەک پێویست خزمەتیان بکرێت، یا لە ئاستی قوربانیدان و ماندووبوونیان کەمتەرخەمی هەبووبێت، دەبێ بەخۆماندا بچینەوە و هەردەم لەبەرچاومان بن.
ئەم هەواڵە 4417جار خوێندراوەتەوە |