English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
عێراق، مەیدانی چەندین شەڕ
2020-04-02 [10:46 AM]

نوسینی: هۆشیار وەیلی


 

لە کاتێک دا جیهان لە گەرمەی جەنگی پەتای کۆڤید-١٩ دایە و  هەوڵەکانی خۆپاراستن و بنبڕکردنی نەخۆشییەکە بەردەوامەو کێبڕکێی وڵاتان بۆ دۆزینەوەی سیستەمێکی بەرگری پاتریۆت ئاسا بەردەوامە، هەواڵی گەیشتنی سیستەمی پاتریۆت بۆ هەندێک بنکەی سەربازی ئەمەریکی یان هاوپەیمانان بڵاودەبێتەوە. هەڵبەتە بۆ پاراستنی بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا بەرامبەر هەر هێرشیکی چاوەڕێکراو لە لایەن هەندێک لە میلیشیا شیعەکانی عێراقەوە. وەک بەشێک لە ستراتیژی پاراستنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دا کە ژمارەیان نزیکەی ٥٢٠٠ کەسە، پەنتاگۆن سێ بنکەی سەربازیی چۆڵکردوو بنکەی کەی وان لە کەرکوک کە نزیکەی ٣٠٠ کەسی تێدابوو، دواییان بوو دوای کشانەوەیان لە گەیارە و قائم. خوێندنەوەی زۆر بۆ ئەم هەڵوێستەی ویلایەتە یەکگرتوەکان دەکرێت و تەنانەت هەندێک کەس گەیاندویانەتە ئاستی هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران.

لە ململانێی نێوان ئەمەریکا و ئێران دا، عێراق یەکێک بوە لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ. ویلایەتە یەکگرتوەکان ویستویەتی و هەوڵیداوە دەسەڵاتی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکانی کەمبکاتەوە و عێراقیش گرنگترین شوێنە کە ئەمەریکا دەیەوێت کاریگەریی ئێرانی لێ دوورخاتەوە. بەرامبەر ئەم هەوڵانەی ئەمەریکا ئێرانیش دەیەوێت ئەمەریکا لە عێراق دوورخاتەوە. لەم کێشمەکێشمەیەدا، ئەمەریکا توانی لە ڕێگەی کوشتنی جەنەراڵ قاسمی سلێمانی گورزی گەورە لە پێگەی ئێران بدات، نەک تەنیا لە عێراق بەڵکو لە ناوچەکەدا. کاردانەوەی راستەوخۆی سەربازی ئێران دووربینانە و بەمەبەستی خۆ دوورخستنەوە بوو لە بەرەنگاربوونەوەی ڕاستەوخۆی ئەمەریکا و هەڵبژاردنی ڕوبەڕوبوونەوەی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی هاوپەیمانەکانی لە عێراق دا. ڕوبەڕوبوونەوەی سیاسی دەرکردنی بڕیاری پەرلەمان بوو بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و لەقکردنی پێگەی ئەمەریکا لە ڕووی ڕەوایی نێودەوڵەتییەوە لە عێراق دا. لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە چەندین کاردانەوەی سەربازی ناڕاستەوخۆی ئێرانمان بینیوە لە ڕێگەی حزب اللە و عەسائب و ئەوانیتر. 

 ئیدارەی سەرۆک ترامپ کە بەرەو هەڵبژاردن دەچن دوو بژاردەیان لەبەردەمدایە لە عێراق دا کە مانەوەیە یان کشانەوەی سەربازییە. لە هەڵبژاردنی یەکێک لەم دوو ڕێگایە دەبێت چاوێکیان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆک بێت لە مانگی تشرینی دوەم  و ئەوەی ئەیکەن نەبێتەهۆی لاوازی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەوان و هێزدارکردنی ئەوەی نیەیارەکەی. بە تایبەتی ئەم ئیدارەیە و بە تایبەتی ترامپ ئەیەوێت وەبەرهێانی سیاسی باش بە کوشتنی بەغدادی و سلێمانی و هەڵوێستی توندی بەرامبەر ئێران بکات. ئەمەش تەنیا بە هێشتنەوەی هێزێک دەبێت لە عێراق. لە هەمانکات دا سەرۆک ترامپ لە بیری نەچوە کە یەکێک لە کارتە بەهێزەکانی لە هەڵبژاردنی پێشوودا بەکاریهێنا، بەڵێنی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بوو لە ئەفغانستان و عێراق. وا خەریکە لە گەڵ تالیبان ڕێدەکەوێت و ژمارەی هێزەکانی لەو وڵاتە کەمدەکاتەوە. پێدەچێت لە عێراق بڕیاری مانەوەیان دابێت، مانەوەیەک کە تووشی زیانی گیانی نەکات و هەندێک کاریگەریشی لەسەر ڕووداوەکان هەبێت و ژمارەی سەربازەکانیشی کەمکاتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی نیۆرک تایمزی ڕۆژی ٢٧/٣ پنتاگۆن داوای لە فەرماندە سەربازییەکانی ئەمەریکا کردوە لە عێراق دا پلانی لەناوبردنی میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران دابنێن و چۆڵکردنی هەندێک لە بنکە سەربازییەکانی لە عێراق دا بەشێکە لەو پلانە. کەواتە دەکرێت بە کورتی دۆخەکە بەم شێوەیە لێکبدەینەوە:

• ئەمریکا بڕیاری مانەوەی داوە لە عێراق دا و نایەوێت وەک لە ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتەدا هاتوە، ناوچەی خۆرهەڵاتی ناڤین بۆ نەیارەکانی چۆڵبکات و عێراقیش لە ناوچەکەدا پێگەی گرنگی هەیە.
• هێرشەکانی میلیشیا شیعەکانی عیڕاق بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە عێراق دا بەردەوام دەبن و ژمارە و قەبارەی ئەم هێرشانە لە ماوەی ٧ مانگی داهاتوودا بەرەو زیادی دەڕۆن، واتە تا لە هەڵبژاردنی سەرۆک لە ئەمەریکا نزیکتر بینەوە بۆ ئەوەی بتوانن گورزی کاریگەر لە هێزەکانی ئەمەریکا بوەشێنن و بەمەش پێگەی سەرۆک ترامپ لە هەڵبژاردن لاواز بکەن. 
• بۆ ئەوەی ئەمەریکا بتوانێت وەڵامی ئەو هێرشانە بداتەوە و گورزی کاریگەر لە هێزەکانی میلیشیاکان بوەشێنی پێویستە ژمارەی بنکەکانی و سەربازەکانی کەمبکاتەوە و توانا بەرگرییەکانی زیاتر بکات. بەمەش خۆی لە زیانی بەرچاو دەپارێزی و بەڵێنێکی کاتی هەڵبژاردنیش جێبەجێدەکات بۆ کەمکردنەوەی هێزەکان بە هەمان شیوەی ئەفغانستان. لە هەمانکات دا کەمکردنەوەی هێزەکان دەبێتە هۆی پارێزگاری باشتر بەرامبەر ڤایرۆسی کرۆنا.
• ئەو دۆخەی ئێستای عێراق دۆخێکی نموونەیی وڵاتێکی شکستخواردوە. چەندین مانگە هێزە سیاسییەکان نەیانتوانیوە حکومەتێکی نوێ پێکبهێنن. پەتای کۆڤید-١٩ و دابەزینی نرخی نەوت و بەردەوامی خۆپیشاندانەکان و ململانێی سیاسی هیچ گەشبینییەک بۆ ئایندەی ئەو وڵاتە ناهێڵێتەوە و ئەگەری داڕمانی زۆر گەورەتر لە ئارادایە. ئەمەش تەحەدایەکی ترە بۆ ئەمەریکا لە عێراق و دەبێت ئامادەکاری بۆ بکات.
• گەر ڕاپۆرتەکانی هێنانی سیستەمی بەرگری پاتریۆت راست بێت ئەوا لەو ڕێگەیەوە پارێزگاریی لە بنکەکانی دەکات و ئەوەشی بیەوێت لە ڕێگەی درۆن و ڕەنگە فڕۆکەوە ئەنجامیان بدات.  ئەمەریکا دەزانێت توانای موشەکی میلیشیاکان زۆرە و بەرەو زیتریش دەڕوات و هیوادارە پاتریۆت ڕادەیەک بۆ ئەو هەڕەشانە دابنێت و لە هەمانکات دا دەستیشی کراوە بێت لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دا.
• ڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆی ئەمەریکا و ئێران زەحمەتە و پێناچی هیچ لایەکیان ئامادەی ئەوە بن بە تایبەتی لەم دۆخەدا کە هەموو دنیا سەرقاڵی ڕونەڕوبونەوەی پەتای کۆڤید-١٩ یە و ئەنجامەکەشی ڕوونن نییەو هەر زیانێک بەر ئەماریکا بکەوێت کاریگەری بۆ سەر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەبێت. بۆیە ئیدارەی ئەمەریکا زۆر بە ووریاییەوە مامەڵە لەگەڵ مەلەفی ئێران دا دەکات.





ئەم هەواڵە 277جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad