English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
متمانە وکلتوور مەرجی لە پێشینەی خۆپارێزیی و مانەوە
2020-04-03 [04:57 AM]

نووسینی: ئەمین بۆتانی


متمانە و کلتوور..
مەرجی لەپێشینەی خۆپارێزیی و مانەوە

 

ئەرکی ھەر یەکێک لە تاکەکانی کۆمەڵگە و بەتایبەتی (توێژی بیرکەرەوە)؛ وردبوونەوەی زیاترە لەھەر رووداو و پەرەسەندێک بەمەبەستی پەیداکردنی تێگەیشتن و وێناکردنێکی ھەرە نزیک لە سرووشت و جووڵە و ئاراستەی پرسەکان، بۆ دۆزینەوەی باشترین شێوازی بەرگرتن لەھەر پێشھاتێکی نەخوازراو سەبارەت بەھەموو کار و کایەکانی ژیان.
بێگومان لێرەدا مەبەستمە لەبارەی یەک دوو لایەنی پەیوەست بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بدوێم، ھەڵبەت ئەوەی بەلای منەوە گرنگە و دەتوانم قسەیان لەسەر بکەم کە بە ئەرکی خۆمی دەزانم ھەر ئەوەیە. بە بۆچوونی من؛ ئەمڕۆ ئەرکی ئەو توێژەی باسمکرد ئامۆژگارییکردنی خەڵک نیە چۆن دەست و پەنجەیان بشۆن و ئاگایان لەخۆیان بێ، چونکە ئەوە کاری دامەزراوە تەندروستیەکانە و لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بڵاوی دەکاتەوە و لەسەر ھاووڵاتیانیش پێویستە پێیەوە پابەند بن،، بێجگە لەوە بە دڵنیاییەوە پرسی خۆپاراستن و پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکانەوە خواست و ھەڵوێستێکی سەرانسەریی ھەموومانە.
گوتم (لەسەر ھاووڵاتیان پێویستە پێیەوەی پابەند بن)، ئەوە بۆ چەندین ھەفتە دەچێ قسەی ھەموومان ھەر ئەوە بووە پێویستە پابەند بین بۆ ئەوەی بە کەمترین زیان لەم پەتایە دەرچین،، بەڵام ھاوکات ھەموومان ئاگادارین وڵات ھەیە ھەتا ئێستاش کە پەتاکە چۆتە قۆناغێکی یەکجار مەترسیدارەوە کەچی جووڵەی نەکردووە و وەک پێویست ھەنگاوی نەناوە بۆ بەرگرتن و خۆپارێزی و تەنانەت پلانێکی ئەوتۆشی نیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا. بەڵام خۆشبەختانە لە کوردستانەکەی خۆمان دەبێ دڵخۆش بین بەو پلان و ھەنگاوانەی (حکوومەتی ھەرێمی کوردستان) و رژدی و پەرۆشی خودی جەنابی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کاک (مەسروور بارزانی) کە لەگەڵ تیمە لێھاتووەکەی پێشمەرگەئاسا شەو و رۆژ دەکەنە یەک و ئێشک گرن بەدیار تەندروستی وڵات و ھاووڵاتیانەوە،، ئەوەی لە کوردستان کراوە ئەزموونێکی دەگمەنە و ھەمووان شایەتی خێری بۆ دەدەن،، دڵنیام ئەم کار و ھەڵمەتە بێھاوتایەی حکوومەتی کوردستان دەبێتە رەسید و زەخیرە و پاشەکەوتێکی یەکجار مەزن بۆ خۆناسین و بنیاتنان و کۆکردنەوەی پارچەکانمان و دواجار تۆکمەکردنی ژێمەندی و ئنتیما و ئاوێتەبوونی خەڵک و خاکی کوردستان،، لەم رووەوە من بەش بەحاڵی خۆم ڤایرۆسی کۆرۆنا وەک بەرەکەتێکی مەزن دەبینم،، چونکە ئەوەی لێی دەخوێنمەوە ھەرچیەکیش رووبدات خوانەخواستە؛ ھەر ئەوەمان بۆ ساغبوویەوە کە ئێمەی کوردستانی لە تەنگانەدا چیمان لەدەستدێ بیکەین و چیمان لەدەستھات و کردمان؛؛ ئەوە لەھەر شتێک گرنگترە ئەمڕۆ بیبینین و ھەستی پێبکەین و بیکەینە خاڵی سەرەتا و پرۆژەی داھاتوومان. بێگومان گەلان و قۆناغەکانی ژیان ھەمیشە لە ساتەوەختی مێژوویی و لەسەردەمی سەرھەڵدانی رووداوە نەقۆڵاکان (تەکانی بوومەلەرزەیی)؛ رێڕەوی بەخۆداچوونەوەیان ئاراستەی نوێتری بەخۆیەوە بینیوە؛؛ زھنیەت و مێنتالیتەیان فۆرمات بووە و سەرلەنوێ جیھانبینی و روئیایان بۆ کۆی پرسەکانی ژیان گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە،، لێرەدا ئەوەی پەیوەستە بەم پرسەوە؛ دەمەوێ بڵێم پێویستە لەھەموو سەنگەرەکان بەرگریی بکەین؛ ھەر یەکە و لەسەنگەرەکەی خۆی رووبەری بەر دەمی خۆی ھەموار بکاتەوە؛ موورووی ھێزی کەڵەکەبووی خۆی ھەڵڕێژێتە کۆشی بنیاتنانەوە و سەرلەنوێ بیانکا بە پەتێکی نوێی ژیاندۆستییەوە.
دەگەڕێمەوە سەر پرسی؛ بۆچی دەبێ (ئەوەی پێمان دەکرێ بیکەین) ھەمیشە یەکسان و ھەندێ جار کەمتریشە لە (ئاست و کێرفی پابەندنەبوون)؛ لەجیاتی ئەوەی ھەموو ھەوڵەکانمان بخەینە گەڕ و دەرفەتەکان تەوزیف بکەین، دێین بەردەوامی بەو رادەستبوونە دێرینەی خۆمان دەدەین و بە (بیانوو)ی جۆراوجۆر پابەند نابین. ھەڵبەت لایەنێکی ئەم کێشەیە پەیوەندی بە پرسێکی زۆر دێرینەوە ھەیە کە پرسێکی یۆنڤێرسالی کەونیی مرۆڤایەتی گشتگیر و (رۆسۆ)یانەیە و پەیوەستە بە پرسی رەوایی و شەرعییەت و مەشرووعییەت و دەسەڵات و گرێبەستی کۆمەڵایەتی. ئەمەی دواییش راستەوخۆ بۆ پرسێکی مەترسیدار تر سەردەکێشێ و وەک ئەنجامگیرییەکی حەتمی و بێ چەندوچوون دێتە پێشەوە کە پرس و کۆنسێپتی (متمانە)یە، ھەڵبەت لەم رۆژانەی رابردوو لێرە و لەوێ ھەموومان گوێبیستی ئەو ئەنجامگیریە بووین کە خەڵکانێک لە عێراق و وڵاتانی دنیا و تەنانەت لای خۆشمان لەبەر ئەوەی ھاوڵاتی بەھەر ھۆیەک متمانەی بە حکوومەت و دەسەڵاتی نشتیمانەکەی خۆی نەمابێ؛ راستەوخۆ گوتویەتی (ئەوەی حکوومەت لەبارەی پەتای کۆرۆنا دەیڵێ راست نیە) بۆیە من بڕوای پێ ناکەم و (ھەرگیز پابەندی رێنماییەکان نابم)، لەو بڕوایەدام ھەر یەکێک لە گەڕەک و شار و شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی گوێبیستی ئەم رستەیە بووە،، بێگومان ئەو روئیا و بۆچوون و مێنتالیتەیە ھەر ھەمووی شانی حکوومەتەکان ناگرێتەوە؛ بەڵام لە کاتی تەنگانەدا ھەموو بەردەکانی ئاسمانیش بە پشتە ملی حکوومەتەکانی سەر زەوی دەکەون.
راستە، ھەمیشە ئەو سەرچاوە کلتووریەی کە مێنتالیتە و جیھانبینییمان فۆرمولە و رەنگڕێژ دەکەن؛ ھەر ئەوە ھەژموونی بەسەر ویست و ئیرادەمانەوە زاڵە و رێگا بە سەرچاوەی دی نادات لەگەڵیدا ھاوبەش بێ یانیش جێگای بگرێتەوە، بۆ نموونە کەسێک کە ھێزی دنیابینی و وێناکردن لە ئایینەوە وەربگرێ، یان ئەو کەسەی بڕوای بە تیۆری پیلانگێڕیی ھەیە، یان ئەو کەسەی کوردگوتەنی بە تەبیعەت لاتەریک و رەشبینە، ئەو کەسە ئاسان نیە بڕوا بە بوونی سەرچاوەیەکی دیکەی بەدیل بۆ متمانە بکات، لەبەر ئەوەی ئەو کەسە بڕوای بە تاقە سەرچاوەیەکی متمانەکردن ھەیە و بەس، متمانەھێنان بە سەرچاوەکانی دیکەی بەلاوە کوفر و حەرامە. ھەرگیز دەسەڵاتێکی دنیایی زائیل شوێنی ئەو متمانەیە ناگرێتەوە کە خاوەنی ھەژموونی باڵا و خاوەنی دارولبەقایە، ئەم دۆگمابوونە کە تەنانەت دژ بە بنەمای خودی ئایینیشە، گەورەترین کۆسپە لەبەردەم تێگەیشتنێکی رەوانتر بۆ ئایین بەر لەوەی ببێتە کۆسپ لەبەردەم تێگەیشتنێکی رەوانتر بۆ دنیا،، بەڵام مێنتالیتەی مەرگدۆستی لێرەدا بە فۆرمێکی نوێتر و مەترسیدار تر دەکەوێتە مانۆڕ لەگەڵ ژیان و ھەتا ئەگەر کۆڵانەکان لێوانلێویش بن لە لاشەی تووشبوانی کۆرۆنا؛ ئەو ھەرگیز ئامادە نیە خۆی بەدەستەوە بدا و سەرکەچ بکا بۆ ئەقڵ.
بۆیە ئەوەی لە چین و ئیتالیا و کوردستان و شوێنانی دیکەی گۆی زەوی لەسەرەتای پرۆسە و پلانی خۆپارێزیی لە پەتای کۆرۆنا بەدیار کەوت؛ شتێکی چاوەڕوانکراو بوو، لەبەر ئەوەی کەسانی خاوەن زھنیەتی یۆتۆپیایی لاھووتی (بە ئایینی و غەیرە ئایینیەوە) ھەر میکانیزمێکیان بەلاوە ھەڕەشە بووە بۆ سەر حورمەتی موقەددەس و پیرۆزیەکان، کە حکوومەتەکان گوتیان تکایە با قەرەباڵغی لە ھیچ شوێنێک نەبێ بۆ ئەوەی ھەمووان پارێزراو بن، کەسانی بەڕێزی ئایینداری موسوڵمان و کریستیان و بووزی و گشت ئایینەکان پێیان وابوو ئەو پلانە دەبێ توخنی ئەو قەرەباڵغییەی نێو پەرستگاکان نەکەوێ کە ناوی نوێژ و پەرستشی بەکۆمەڵە، چونکە لە نەزەری ئەوان ئەوە قەرەباڵغی نیە بەڵکو ھەتا سەر ئاپۆرای بەرەکەتە و ھیچ دۆخێک بۆی نیە پێناسەیەکی ئاوەژووی بکا بە بەرا، لەبەر ئەوەی ئەو زھنیەتە پێی وایە ئەوان لە سرکێتەوە پارێزراون، یان قەدەری ژیان و مەرگ لە ئاسمانە و پێویست ناکا ئێمە لەسەر زەوی خۆمان سەخڵەت بکەین، بێگومان ئەو قەدەرییەتە؛ سرووش و ھێز لە کانگای ھەرە بەھێزی متمانە وەردەگرێ کە ھێزی بێھاوتای گەردوونە (ھێزی ئافرێنەر و خالق)ە، بەڵام مەبەستی ئێمە لێرەدا خوانەخواستە ئەوە نیە ئەو جۆرە بڕواھێنانە حاشا بە کەم و کەمبایەخ بزانین، نەخێر ھەرگیز وانیە و نابێ، ئازادی ئایین و ئایینداری و بیروبڕوا پرانسیپی نەگۆڕی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتین و وڵاتان و حکوومەتەکانیش کاریان بۆ فەراھەمکردنی ئەو ئازادیەی ھاووڵاتیانی خۆیان کردووە و ئەرکی لەپێشینەی ھەمووانیشە رێز لە ئازادی عەقیدە و بیروبڕوای بەرامبەرەکانیان بگرن. مەبەست لێرەدا ئەوەیە پێویستە پەرۆشی بڕواداران و ئایینداران لە خەڵکێکی دی زیاتر بێ، پێویستە ئەوان بە کردەوە پەرۆشتر بن لە کاسانی دی بۆ پاراستنی ژیان و تەندروستی گشتی، نەک بەرنامە و پرۆژە و پلانی حکوومەت و دامەزراوە بەرپرسەکان بە پیلان و کودەتا لێکبدەنەوە و پێیان وا بێ (قەدەغەکردنی ھەموو گردبوونەوەیەک بە نوێژی بە کۆمەڵییشەوە) ئامانج لێی خوانەخواستە زەوتکردنی ئازادی خەڵک و قەدەغەکردنی نوێژ و پەرستش و ئاییندارییە، نەخێر وانیە و بۆ گشت لایەک و بۆ ئاییندارانی بەڕێزیش ئەوە روون بوویەوە کە ھەرگیز مەبەستەکە ئەوە نەبووە لەسەرەتاوە ھەندێک کەس بە مەبەست و بیانووی جیاجیا ئەوەیان دەورووژاند گوایە حکوومەتی دیموکراتی و علمانی خواخوایەتی پەتایەک بڵاو بێتەوە بۆ ئەوەی لەپەنای ئەو مەسەلەیەوە دەست بۆ قەدەغەکردنی نوێژی جەماعەت ببات!!!.     
ئەمڕۆ لەوانەیە ھەردوو پرسی (متمانە) و (کلتوور) وەک دوو کێشەی قووڵ رووبەڕووی زۆربەی کۆمەڵگا و حکوومەتەکان ببێتەوە بۆ دەربازبوون لە تەنگانەی ڤایرۆسی کۆرۆنا،، لەھەندێ وڵات ئەگەر فاکتی متمانەش ھەبێ دەبینین جۆری کلتوور و مێنتالیتەی خەڵک و کۆمەڵگە ھیچ نرخ و بەھایەک بۆ خاڵی متمانەکەش ناھێڵنەوە، بۆ نموونە؛ ئەگەر شیعەکانی عێراق و ئێران ھەتا سەر ئێسقان متمانەشیان بە حوکمڕانیی مەرجەعەکەشیان ھەبێ، حکوومەتەکەی شیعە چی لەو مێنتالیتەیە بکات کە مەرجەعە رەشیدەکەیان ھۆکاری سەرەکی خوڵقاندنی ئەو کەلتوورەیە و دەیان ساڵە بەو مێنتالیتەیە رەگەکانی وەھم بۆ ئەو خەڵکە داماوە خێرنەدیوە رەش و رووتەیە ئاو دەدات،، ھەموومان ئەو دیمەنانەمان بینی کە ئاپۆرای زیارەتکارانی پەرستگای ئیمام کازم چۆن خاڵی کۆنترۆڵی ھێزە ناوخۆییەکان رادەماڵن و ھاوار دەکەن و دەڵێن با سەرجەم تووشبووانی وڵاتانی چین و ئیتالیا و فەرەنساش روو لە نەجەف و مەرقەدی ئەوان بکەن بۆ شیفا و پاکبوونەوە لە پەتای ئستیکباری جیھانیی کۆرۆنا.
بیرمان نەچێ ئێمەش لە کوردستان لەو نموونەمان ھەیە، ئەگەرچی ئاسمان و رێسمانمان فەرقە، ئەو حاڵەتە ھەموومان بەدیمان کردووە و بەرلە چەند رۆژێک لە نانەواخانەیەک ئەو نموونە کەلتووریە خەستەم بینی و ھیچ بەلامەوە سوپرایز نەبوو، لەبەر ئەوەی دەمێکە کۆمەڵگەی خۆم دەناسم، لە خاوەنی نانەواخانەکەم پرسی بۆچی کرێکارەکانت دەستکێشیان لەدەست نەکردووە، لەوەڵامدا گوتی جارێ دەستمان بە ئیش نەکردووە و تۆ یەکەمین کەسی ھاتووی بۆ نان کڕین، راستی دەکرد چونکە بینم ناو توونی نانەواخانەیان بە (تراکسووتێکی کۆنی لە ئاوھەڵکێشراو) پاک دەکردەوە، خەریک بوو بۆنی گەڵوگونی خاوەن تراکسووتە نەناسراوەکە لە جیاتی بۆنی نانی برژاو ھەڵمژم!!!؛ بەبێ ئەوەی دەمامکی کردبێ خۆی لێم نزیک کردەوە و پێی گوتم؛ بۆچی مامۆستا بڕوات بەو درۆیەی کۆرۆنا ھەیە؟!، گوتم ئەی ئەوە نیە خەڵک بەبەر چاومانەوە دەمرن!!!، ئینجا بەحەماسەتەوە و شەھامەتەوە گوتی: مامۆستا یەقینت ھەبێ ئەوەی لە دڵەوە بڵێ (ئەشھەدو ئەن لا ئیلاھە ئیڵڵەڵا ھەرگیز تووشی ئەو ڤایرۆسە نابێ)، لە وەڵامدا گوتم" ئەی یەکەمین قوربانی کۆرۆنا لە کوردستان مەلایەکی داماوی بەڕێز نەبوو؟!؛ تۆ بڵێی لە دڵەوە (ئەشھەدو ئەن لا ئیلاھە)ی نەگوتبێ؟!،، یەعنی ڤایرۆسەکە ھەیە بەڵام پێویستە لە (دڵەوە) شەھادەت بێنین دەنا پارێزراو نابین؟!، گوتی" شتی وا نیە. دیسان پێمگوت: زۆر چاکە برا؛ بەیانی مەسرەفی رێگات لەسەر من؛ وەرە بەیەکەوە دەچینە ئەو قاویشەی نەخۆشخانە کە تووشبوانی پەتای کۆرۆنا لێیە و جەنابیشت بڕۆ سەردانێکی ئەو داماوانە بکە و لەگەڵ دوعا و داوای شیفا و سەلامەتی بۆیان؛ ئەولا و ئەملایان ماچ بکە ئەگەر راست دەکەی کۆرۆنا بوونی نیە. ئەوسا پێکەنی و نەیزانی چۆن چۆنی ئەو رووخسارەی خۆی رێکبخاتەوە کە ھەڵبزڕکاوی متمانەیەکی وەھمی و دوودڵییەکی ئاشکرا بوو، بیمامەعنا بە نیگا گوناحەکانی تێیگەیاندم" مامۆستا لێیگەڕێ ھەر چۆنە با وابێ!!!". ئێمە لێرەدا لەبەردەم پارادۆکسی متمانە و کلتوورێکی شڵۆق و دابەشبووداین، جارێکیان پاکوخاوێنی لە ئیمانەوەیە و جارێکیشیان بەکارھێنانی (شەرواڵ تراکسووتێکی کۆنی بۆگەنی چڵکن) بۆ خاوێنکردنەوەی توونی سەموونخانە ھەرگیز ھاودژ نیە لەگەڵ ئیمان و زەوق و پاکوتەمیزی!!!. نازانم من بڕوا بە کام پیلانگێڕی بکەم؟ کەسێک بەناوی ئایینەوە بۆتە خاوەنی تەندروستی بەندەکانی خوا و بە بەرچاوی خەڵکەوە پیسوپۆخڵی دەرخواردی کۆمەڵگە دەدا؟ یان ئەو بیرکردنەوەیەی پێیوایە لەبەر ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا پیلانی (ماسۆنییەت و جوولەکە و ئەمەریکا و زلھێزە بەرژوەندخوازەکانە) دەبێ ئێمە گوێڕایەڵی ئەو حکوومەتانەش نەبین کە علمانین و ئەڵقە لەگوێی غەرب و تاغووتەکانن و خوای گەورە ئێمە دەپارێزێ نەک دەمامک و دەستکێش و مانەوە لەماڵ، (قول لەن یوسیبەنا ئیللا ما کەتەبەڵاھو لەنا)؛ ئامەنتو بیللا، بەڵام خۆ ئایین و خودای پەروەردگار نەیفەرمووە بەدەست و پێیەکانی خۆت بچۆ ناو ئاگرەوە. بۆیە ئەم وردەکاریەم ھێنایە بەرباس، لەبەر ئەوەی ئەو جۆرە قسە و لێکدانەوانە کرۆک و ناخی پرسی متمانە و پابەندنەبوونی زۆرانێک لە تاکەکانی کۆمەڵگەی ئێمەیە بە رێنماییەکانی خۆپارێزیی لەم پەتا نەگریسەی خەریکە کێرفی ژیانی مرۆڤایەتی نزیک بە خاڵی سفر دەکاتەوە و ھەتا راددەیەکی زۆر ئەگەر بیرکردنەوەی ئەو بەشەی ھاووڵاتیان لەگشت وڵاتان بەو جۆرە نەبوایە کە باسمانکرد؛ ئێستا ژمارەی تووشبوان و قوربانیان زۆر زۆر کەمتر دەبوو لەوەی ھەیە، خۆ ئەگەر بەخۆماندا نەچینەوە و ھەمواری ئەو تێڕوانینە وەھمییە دوورە ئایین و دوورە راستییە زانستییە نەکەینەوە؛ ئەوە بێگومان ئێمە و تەواوی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی باجی قورستر و قوربانی زیاتر دەدەین.  
لەتەک ئەو نموونە خراپە؛ بێشومار نموونەی دڵخۆشکەر و ئومێدبەخشیشمان ھەیە قوربان.. دەنا من ھەرگیز دەستم بۆ پەلەپیتکەی لابتۆکەم نەدەبرد و ھیچم بۆ نووسین پێ نەبوو،، راستە دەبێ نموونە ئومێدکوژەکان زیاتر ھانمان بدەن بۆ کەوتنەجووڵە و ژیان و ئاوەدانی؛؛ بەڵام ھەتا ژیان زیاتر سەلامەت بێ دەبێ زیاتر بۆ پەرەپێدانی ئەو سەلامەتیەی تێبکۆشین، بۆ ئەوەی بەروبوومی کار و تێکۆشانی باشەکاران لە داھاتوودا بەشی ھەموو ئەوانەش بکا جیاواز بیریان کردۆتەوە؛ پێویستە ھاوکار و یارمەتیدەر بین خۆمان لە مێنتالیتەی سووکایەتی و شکاندن و نەقیزە بەدوور بگرین،، پێویستە ھەر چەند خاڵێکی خراپ بەدی بکەین؛ ئەو راستیەمان لەلا تۆختر بێتەوە کە ئەوە ئێمەین باشتر بیرمان نەکردۆتەوە نەک ئەوانی دی خراپ بیر دەکەنەوە،، رێگای دیکەمان نیە بۆ دەربازبوون، تەنانەت لە ساتەوەختی ئاساییشدا نەک ھەر تەنگانە و لێقەومان،، چونکە کەڵەکەبوونی رەفتار و جۆری بیرکردنەوەی رۆژانەمان رەگەکانی کەلتوور و فۆرمی زھنییەتی دەستەجەمعییمان رەنگڕێژ و رەگاژۆ دەکا.
پێمخۆشە لێرەدا ئاماژە بە نووسینێکی نووسەر و رۆژنامەڤانی ناوداری ئەمەریکی (تۆماس فرێدمان) بکەم کە لەم دواییەدا لە شێوەی نامەیەکی کراوە ئاراستەی سەرۆک ترامپی کردووە و تێیدا وەک دەستپێشخەری کارنامەی پرۆژەیەک دەخاتە بەردەم سەرۆکی وڵاتەکەی خۆی. پێشنیار دەکەم بیخوێننەوە؛ من خوێندمەوە و لێرەدا ئاماژەیەکی خێرا بە ناوەرۆکەکەی دەدەم،، فرێدمان بە سەرۆک ترامپ دەڵێ" من یەکێک نیم لە لایەنگر و دۆستانت، بەڵام بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە یەزدان داواکارم سەرکەوتووتان بکا؛ چونکە ئەمڕۆ زۆر شت بە بڕیارەکانی ئێوەوە بەستراوەتەوە،، پێویستە ئێوە پلانتان ھەبێ و گوێ لە پسپۆران و شارەزایانی دامەزراوەی زانستی بن. ھەروەھا دەڵێ پێویستە بێجگە لە مانەوە لەماڵ، کەرتی تەندروستی داتا و ئاماری ورد بخەنە بەردەست بە تەواوی وردەکارییەوە بۆ ئەوەی بتوانین رووبەڕووی ئەم پەتایەوە ببینەوە، رووبەڕووبوونەوەیەک بەرمەبنای داتا و لێکدانەوەی زانستی بێ.
کە لە خوێندنەوەی وتارەکەی تۆماس فرێدمان بوومەوە، گوتم باشە ئەمەریکای زەبەلاح تازە بەتازە بیر لەوە دەکاتەوە داتا و ئاماری ھەبێ، یان ھەندێ وڵات تازە بەتازە بە ھاووڵاتیانی خۆیان دەڵێن تکایە لە ماڵەکانتان بمێننەوە لە پێناو پاراستنی ژیانی خۆتان و تەندروستی گشتی؟!.. ھەڵبەت چەند دڵم خۆش بوو بەوەی حکوومەتی وڵاتەکەی من تا ئێستا بۆ تەندروستی کوردستانیان ئەنجامی داوە؛ ھەزارجار دڵخۆشتر بووم، زیاتر شانازیم بەخۆم کرد وەک کوردستانیەکی خاوەن پێگەیەکی باشتر ئەگەر بەراوردی بکەم بەپێگە و کەلتوور و متمانە و جۆری بیرکردنەوەی ھەندێ کۆمەڵگەی سەرگۆی زەوی. لەبەر ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە شایەتی ھاووڵاتیانی کوردستان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ھەر لەسەرەتای قەیرانی ئەم پەتایەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر دەستوبرد و چالاکانە ھاتە مەیدان و تەواوی توانا و ئیماکاناتی خۆی خستە دۆخی ئامادەباشییەوە و سەرجەم دامەزراوەکانی خۆیشی وەک یەک تیمی کار بە بەرنامە و پلانێکی تۆکمەوە ھێنایە مەیدان، بەھەماھەنگیەکی تەواو ھاوئاھەنگ و تەواوکاری یەکدی ئەوەی بۆیان دانراوە و بۆیان دەکرێ بەزیادەوە دەیکەن،، شوێن پەنجە و جێدەست و جێھزر و جێدڵ و جێپەرۆشییان لەدیار دیارترە. ئەو داتا و ئامارەی (تۆماس فرێدمان) بۆ (سەرۆک ترامپ)ی پێشنیار کردووە کە دامەزراوە تەندروستییەکانی ئەمەریکا ئەنجامی بدەن، دەمێکە دامەزراوە تەندروستییەکانی کوردستانەکەی ئێمە ئەنجامی داوە و دەمێکە لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆڤید نۆزدەی نەوەی کۆرۆنا ڤایرۆس بە لێھاتووییەوە ئەنجامیانداوە و گەیاندوویانەتە بەردەستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جەنابی کاک (مەسروور بارزانی رابەری تیمی کوردستان) بۆ بەرگرتن لە مەترسی بڵاوبوونەوەی پەتای جیھانی کۆرۆنا ڤایرۆس،، تیمی کوردستان شایانی دەستخۆشی و نەوازشی یەکجار مەزنن، ھاووڵاتیانی کوردستانیش کە بەقەد حەزیان بۆ ژیان و ئارامی؛ ئەوانیش بەپیر ئەو ئەرکە پیرۆزە چوون و لێبڕاوانە بە رێنماییەکانەوە پابەند بوون؛ بۆیە ئەگەر دانبەخۆداگرتن و ھەستی خۆ بە بەرپرسیارزانی ئەوان نەبوایە؛ حکوومەتیش نەیدەتوانی پلانەکانی جێبەجێ بکا و خوانەخواستە ئێمەش لە کوردستان ئێستا ژمارەی تووشبوانمان لە ژماردن نەدەھات، بەڵام خۆشبەختانە ھاووڵاتیانی دڵسۆز و بە ئەمەکی کوردستان ئەوەیان سەلماند کە ھەمیشە لە تەنگانەدا ئامادەی قوربانیدانن و ئەمجارەش قوربانیدانەکە راستەوخۆ بە تەندروستی و سەلامەتی خۆیان و ماڵ و منداڵەکانیان و خزم و کەسی خۆیان و ھاونشتیمانیانی خۆیانەوە پەیوەستە، گەورەتر لە قەبارەی مەترسیەکە بەپیر رێنماییەکانەوە ھاتن و بوونە ھۆی سەرخستنی پرۆژە و پلانی خۆپارێزیی سەرانسەری لە پەتای کۆرۆنا؛ بۆیە کوردستانیان شایەنی دەستخۆشی و پێزانینێکی سەنگینن.
لێرەدا شایانی گوتنە کە ئەو ئەنجامگیریەش لەبەرچاو بگیرێ و بە وژدانەوە بڵێین؛؛ راستە ھەر یەکێک لە ئێمە ژیان و سەلامەتی خۆی و ماڵ و منداڵی خۆی خۆش دەوێ، بەڵام ئەوەندە بەس نیە؛ چونکە ئێمە ژیان و سەلامەتییەکی تایبەت بەخۆمانمان نیە وەک تاک و مرۆڤ؛؛ مەرجی ژیان و مانەوەمان بە ژیان و سەلامەتی ئەوانەشەوە بەستراوەتەوە کە لەناو یەک کەشتیداین و دەمێکە مرۆڤایەتی لەسەر زاری سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ھاوار دەکات" تکایە با بەھەموومان دەستی پێوە بگرین؛ ئێمە ھەسارەیەکی بەدیل و ئەلتەرناتیڤمان نیە". ئێمەی کوردستانیش لەجیاتی ئەوەی بڵێین ڤایرۆس درۆیە و گەمەیەکی قێزەونە بۆ مەرامی تایبەتی زلھێزان وەک لایەنگرانی تیۆری پیلانگێڕیی بڕوایان پێی ھەیە و بانگەشەی بۆ دەکەن، لە جیاتی ئەوە با ئێمەی کوردستانی ئەو پەتایە وەک دەرفەتێک ببینین و ئەوەندەی بۆمان بکرێ وەربەھێنانی ئەو پرسە بکەین بۆ بەرژەوەندی وڵاتەکەی خۆمان؛ دڵنیام ئەو ماوە کەمەی لەسایەی ترسولەرزی ئەگەری تووشبوونمان بە کۆرۆنا لەماڵەوە بەسەرمان بردووە؛ بێجگە لە دۆخە تەندروستیەکە؛ ھەستی قووڵ و پتەویشی لای ھەموومان دروستکردووە کە ئەگەر جاران بە ژیانەوە پەیوەست بووبێتین، ئێستا ئەو ئەزموونەمان زیاتر ھەستێکی شانازییکردنی پێبەخشیوین، بە متمانەی زیاتر لەجارانەوە پەیوەست و پەرۆشی ئەو کەشتییەی خۆمانین کە ناوی کوردستانە و ئەگەر سەوڵزانێکی باش نەبین؛ خوانەخواستە ھەرھەموومان بەیەکەوە نقوم دەبین.. تا ئێستا باشمان ھێناوە و سەوڵڤانانی ئێمە لەخوا بەزیاد بێ دڵسۆز و لێھاتوون، تەنیا لەسەر ئێمەی دانیشتوو لەناو کەشتیەکە پێویستە ھێز و ورەیان پێبدەین و ھاوکاریان بین؛ نەک وەک ھەندێک بکەین کە بەداخەوە لەم ساتەوەختە ھەستیارە عەجوولی دەکەن و خەریکی کونکردنی ئەو کەشتیەی خۆیانن؛ کە خوانەخواستە ئەگەر نغرۆ ببێ؛ تامی گەیشتن بەو بەری لێوار بەکەڵکی چی دێ؟!!!.
دەگەڕێمەوە بۆ ھەردوو خاڵی متمانە و کلتوور؛ ئەمڕۆ بەرگەگرتن و مانەوە و بەردەوامیمان و جۆری مامەڵەکردنمان لەگەڵ پرسی رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا؛ یان باشتر بڵێین ئەوەی تا ئێستا کراوە (ھەڵبەت باشمان کردووە) ھەرگیز لە بۆشاییەوە نەھاتووە، نەخێر لە بۆشاییەوە نەھاتووە، سەرەڕای ھەموو کەموکورتیەکانمان لە گشت سێکتەر و بوارەکان، سەرەڕای ھەموو رەخنەکانمان، سەرەڕای ھەموو چاوەڕوانیەکانمان، سەرەڕای ھەموو گەندەڵیەکانمان؛ بەڵام ناکرێ چاو لە ئاستی ئەو توانستە کەلتووریەی خۆمان و ئەو متمانە رەسەن و خۆماڵییەی خۆمان بنووقێنین، چونکە ئەگەر ئێمەی کوردستانیی ئەو پاشخانەی ھێزی بەرخودان و ھێزی مانەوەیەمان نەبایە، ھەرگیز حکوومەت و دامەزراوەکانیشمان بەم شێوەی ئەمڕۆ نەیاندەتوانی پارسەنگی دۆخێکی شڵۆقی پەتایەکی جیھانی وەک کۆرۆنا سەرکەوتووانە راگرن و پەنا بەخوا و بەھاوکاری ھاووڵاتیان و پلان و پرۆژەی تەواوکاری حکوومەتی کوردستان بەسەر ئەو کۆسپەشدا زاڵ دەبین و بە زەرەر و زیانێکی کەم و بەسوودێکی یەکجار زۆرەوە لەم تاقیکردنەوەیە دەردەچین، پێموایە ھەموو ئاماژە و پێنوێنەکان لە بەرژەوەندی ئایندەی وڵاتێکی بەھێزە کە ناوی کوردستانێکی سەربەخۆیە، ھەر ئەزموون و تەنگانەیەک ئەو راستیەی سەلماندووە کە کوردستان و کوردستانیان بەرلەوەی شایانی ژیانێکی باشتر بن؛ شایانی بیرکردنەوەیەکی باشترن، چونکە قورسایی قەبارەی قوربانیدانی ئێمە پێمان دەڵێ ناکرێ جیاواز بیر نەکەینەوە؛ بۆ ئەوەی بتوانین جیاواز بژین؛ جیاواز بیرکردنەوە و وێناکردنی ژیانێکی باشتر دەبێتە ئەرک نەک بژاردە.    
لەکۆتاییدا دەڵێم؛ ئێمەی کوردستانی ئەگەر بپرسین؛ لەم راکەڕاکەی کۆرۆنا تا چەند توانیومانە بەرگە بگرین و سەرە داوەکان ون نەکەین؟ چەند توانیومانە لەناو تاریکولێڵی پەتای کۆرۆنا رووناکایی شەفەقی سپێدە ببینین؟ لەوەڵامدا؛ بە دڵنیاییەوە ئێمە وەک حکوومەت و خەڵک و دامەزراوەکان و مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی لەگشتی ئایینەکان و رۆشنبیران و میدیاکاران و ھێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگە و پۆلیس و پۆلیسی ھاتوچۆ و زێرەڤانی و ئەوەی ھەمانە و نیمانە ھەر ھەمووی (ئەگەر کەموکوڕییش ھەبێ) لەیەک سەنگەردا بەرگریی لە ژیان و سەلامەتی دەکەن و لەسەرووی ھەمووشمانەوە پێشمەرگە ئازاکانی ناو دامەزراوەی تەندروستی بە ھەموو ستافەکانیانەوە شەونخوونی و رۆژنخوونی و ساتنخوونی دەکێشن لە پێناو پاراستنی گیان و ژیانی کوردستانیان.
زۆر باش دەبێ لێرەوە زیاتر تێبکۆشین لەپێناو داڕشتنی ستراتیجێکی ھەمەلایەنەی ئەوتۆ ئایندەیەکی رۆشن بۆ نەوەکانمان فەراھەم بکەین،، ھەڵبەت پێویستمان بە ناوەند و دامەزراوەی لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەی مێژوو و کەلتوور و کۆمەڵناسی پسپۆر دەبێ، ئەوەی ھەمانە فرەوانی بکەین و ئەوەی فرەوانە رێکیبخەینەوە و ئەوەی رێکخراوە بە ئاراستەی نوێ و گونجاوتر بەرنامەڕێژیی بۆ بکەین. پێویستە قەیرانەکان بەھێزترمان بکەن، بەھێزتر بە مانای نەرمبوونەوەی زیاتر و کورتکرنەوەی ئەو دووراییەی لە نێوان کایەکان و توێژەکان و ھاوبەشەکانی ئەو سەرزەمینەی کۆمەڵگەی کوردستاندا ھەیە، کارلێکی و وەبەرھێنانی خاڵە ھاوبەشەکان  و بەرپاکردنی ئاشتەوایی و کرانەوەی زیاتر لە پێناو دامەزرانی ئاشتەوایی کلتووری  و زامنکردنی ئەو متمانە ھاوبەشەی پێویستە بۆ مانەوەی ھەمووان و زەروورەتی بەیەکەوەبوونی ھەمووان و دایەلۆگی ھەمووان، بە ئاراستەی رەواندنەوەی ئەو گومانە دێرینەی لەسەر زھنیەتی کۆمەڵگە کەڵەکە بووە و زیان بەھەمووان دەگەیەنێ، بە ئاراستەی رەواندنەوەی ئەو ترسەی لەو کورتھێنانە کلتووریە سەرچاوەی گرتووە کە وڵاتی ئێمەی بە خاک و خەڵکەوە کلۆڵ و کۆیلە کردووە، پێویستمان بە کلتوورێکە لەو دیدە واقعییە زانستییەوە ھێز و متمانە وەربگرێ کە ئەوە چەندین ساڵە ئەوەی لێی دەقەومێ ھاوار و ھانای خۆی بۆ کوردستان و کوردستانیان دێنێ، خێرە؟ دەبێ کوردستانیان لەخۆیان بپرسن خێرە؟ ئەرێ خێرە؟ باشە ئەو خەڵکەی لە ترسی کوشتن و بڕین و ترس و برس ھەڵدێ و روو لە کوردستان دەکا، لە سووریای عەرەبی و عێراقی عەرەبی و بەغدا و رەمادی و مووسڵ و نازانم کوێ و کوێ، لە عەرەب و غەیرە عەرەب و لە موسوڵمان و کرستیان و گشت نەتەوە و ئایین و ئەتنیک و مەزھەبێک کە لێیان دەقەومێ بۆچی دەبێ روو لە کوردستانەکەی ئێمە بکەین، تەنانەت دژمنەکانمان لە کاتی شکست و تەنگانەدا کە فیشەکیان نەماوە بۆ کوشتنمان زۆر بە دڵنیاییەوە خۆیان رادەستی پێشمەرگەی کوردستان کردووە، ئەوە چ کلتوورێکی جوامێرانەیە ھەمانە؟!! ئەی ئەو کلتوورەی ئەوان چی بسەرھات کە ئێمەیان پێ ھەڵخەڵەتاندووە، ئەو کلتوورەی ئەوان بۆ کوێ رۆیشت کە کوردستانیان پێ داگیرکردووە و خەڵکی ئێمەشیان پێ چاوبەستە و چەواشە کردووە؟!!!، ئەوان چۆن بیر دەکەنەوە گرنگ نیە، گرنگ ئەوەیە ئێمەی کوردستانی لەمەودوا چۆن بیر بکەینەوە، چیتر خۆمان بە قوربانی خەڵک نەکەین، رێزیان بگرین ھەتا ئەو شوێنەی رێزمان دەگرن، دەنا ئەوە کلتوورەکەی ئێمەی کوردستانیانە بۆتە چەتری ئاشتەوایی و پێکەوەژیان و خێر و بێر بۆ ھەمووان، بۆیە دەڵێم پێویستە قەیران ئەوەمان فێر بکا ھەمواری ئەو مێنتالیتە بکەینەوە کە متمانەی بە خۆی نیە و بەخۆڕایی متمانە بە ئەوانی دی دەبەخشێتەوە، دەبێ لە درزەکانی ئەو کلتوورەی خۆمان وردبینەوە بۆ ئەوەی بزانین ئەو بێتمانەییە لەکوێوە دزە دەکاتە نێو ئیرادە و خەیاڵدانی تاکی کوردستانییەوە، دەستنیشانی ئەو سەرچاوە کلتووریانە بکەین خراپ ھەژموونی خۆیان رۆکردۆتە سەرخوانی ساویلکەیی و خۆشباوەڕی ئێمە، کە دواجار ھێزی لۆجیک و ئەقڵ و لێکدانەوە و تەفسیر و تەئویلی لە مرۆڤی ئێمە سەندۆتەوە و لە شوێنی ئەو ھێزە؛ ھێزی قایلبوون و رادەستبوونی بە کلتووری ئەوانی پێ بەخشیوە، بگرە بەسەریدا سەپاندووە.
بۆیە دەڵێم؛ ئەوە ئەرکی ئێمەی کوردستانییە ( بەتایبەت توێژی بیرکەرەوە) زەوینە بۆ ھەناسەدانی ئەو کلتوورە رەسەن و خۆماڵییەی خۆمان خۆش و خەرمان و خەنی بکەین، ھاووڵاتیانی ئێمە ئەگەر ئەمڕۆش نەبێ، بەیانی و دوو بەیانی ھێز و متمانە لەو کلتوورەی خۆیان وەرگرن، لەھەموو بیرکردنەوە و پرس و پەرستشی خۆیان ئازاد بن و تایبەتمەندیی کلتووریی خۆیان بپارێزن و شانازیشی پێوە بکەن، لێرەدا زیاتر رووی قسەم لە ھاودینە بەڕێزەکانی خۆمە کە موسوڵمانن، لە زۆربەی ئەو ئازیزانەی خۆمم بیستووە کە باس دێتە سەر ئەزموونی وڵاتێکی وەک مالیزیا لە بنیاتنان و پێشکەوتن؛ زۆربەی ھەرە زۆریان شانازی بەو ئەزموونەی مالیزیا دەکەن، بەڵام کە قسە دێتە سەر کلتوور و جۆری کرانەوەی مالیزیا و تێڕوانینی مالیزیەکان بۆ پرسی دین و دەوڵەت و تایبەتمەندی کلتووری رەسەن و خۆماڵیی مالیزیا کە تاکە ھۆکاری گەشەسەندنی ئەو وڵاتەیە، دەبینی یەکسەر بادەدەنەوە و خۆیان لەو بابەتە نەبان دەکەن، ھۆکارەکەشی ئەوەیە کە لە دوورەوە بە پەرەسەندنی وڵاتێک شاگەشکە دەبن کە وڵاتێکی زۆرینە موسوڵمانە، ھەر ئەوەیان بەلاوە گرنگە،، دەنا ئەو ئاییندارە موسوڵمانە بەڕێزانەی خۆمان کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ئەزموون و تێڕوانینی کلتووری جیھانی عەرەبی و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ پرسی ئایین و ئایینداری و تێگەیشتن و تەفسیر و تەئویل و مامەڵەکردن لەتەک تێکستی پیرۆزی ئایین، دەنا بۆچی دەبێ مالیزیەکان ئەزموونێکی سەرکەوتووی موسوڵمانانەی جیاوازیان ھەبێ بە بەراورد لەگەڵ ئەزموون و روئیا و تێگەیشتنی عەرەب و تورک و فارس و (کوردی داماوی ژێردەستە و وڵاتداگیرکراوی دەستی ئەو ھەر سێ نەتەوەی عەرەب و تورک و فارس کە ھەمان ئایینی مالیزیەکانیان ھەیە) بەڵام بەداخەوە ئەو سێ نەتەوەیە ھەمان روئیا و جیھانبینی ئەوانیان نیە، لەبەر ئەوەی کلتووری کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوو و خاوەن تریدشنی کۆنەپارێزی لێوانلێو لە غەدر و کوشتن و داگیرکاریی؛ ئەستەمە بتوانێ روئیای ژیاندۆستی لە دەقی ئایینی ھەڵێنجێ، ئەو ئایینەی یەزدانی ئافرێنەر بۆ ژیانی مرۆڤەکان و بڵاوکردنەوەی مەیلی ژیاندۆستی بۆ ئادەمیزادی ناردووە، داگیرکەرانی کوردستان ناشوکری نەبێ ھەر ھەموویان موسوڵمانن، کلتووری تورکیای ئەمڕۆ کلتوورێک نیە ئاکەپەی ئیسلامی دایمەزراند بێ، ئەوە کلتووری کەمالیستەکانە، دەنا ئەگەر ئاکەپە بۆی بلوێ بە شەو و رۆژێک ئەو کلتوورەی تورکیا تەفروتونا دەکات و یەکپۆشی و یەکباوەڕی بەسەر ھەموو خەڵکی تورکیا دەسەپێنێ. فارسەکانیش کە ئەمڕۆ شیعەبوونیان بەسەر وڵاتی ھەمەڕەنگی  ئێراندا سەپاندووە و تەنانەت رێگا بە بوونی مزگەوتێک بۆ برا موسوڵمانە سوننەکانیشان نادەن ئاشکرایە لەوێ چ دەگوزەرێ. برا عەرەبە چاوەڕەشەکانیشمان وازحە چیان بەسەرمان ھێناوە، خوا خێریان بنووسێ کە بە سوورەتی ئەنفال بەسەریان کردینەوە و ئێمەیان بە سزای کافرەکان گەیاند، ھەرچی ژەنگی فقھی توندڕەویی خۆیان ھەیە بە رێگای چەند کوردێکی داماو بۆ کوردستانی خێرنەدیو گواستەوە. بەدەر لەوە؛ کلتووری کۆمۆنستەکان و چەتری سۆڤیەت و بارانی بە لێزمەی کوردستان و کلتووری بەرگرییکردن لە گەلانی ستەمدیدە و ھۆنراوە پیاھەڵدان بە بەژن و باڵای شۆڕشگێڕانی دنیا لە کووبا و ڤیەتنام و جیھانی سێیەم و رەشپێستەکانی ئافریکا و داماوەکانی ئەمەریکای لاتین و گۆرانی چڕین بۆ برایانمان لە سەنگەرە پرش و بڵاوەکانی ئەم گۆی زەمینە، لاواندنەوەی کوردی داماو بۆ تێکۆشەرانی دیموکراسی و کلتووری دیموکراسییەت و علمانیخوازی و کرانەوە و ئازادی ئینسان و شوێنکەوتنی دەیان و سەدان قسە و قسەڵۆکی راست و ناڕاستی نێو کلتوورە جیاوازەکانی کۆمەڵگە و وڵاتان و میللەتان، کەچی ئێمەی خاوەن ئەو کلتوورە نازدار و ژیاندۆستە جوانە، ئێمەی کورد و کوردستانی ماندوو و ھیلاک بەدەست خەون و چاوەڕوانیەکانی شەوگار و رۆژگارەوە؛ رۆژێک ئاوڕمان لەخۆمان نەدایەوە بڵێین خۆ ئێمەش ھەین، خۆ ئێمەش تێکۆشەر و ئیماندار و شۆڕشگێڕ و ئاییندار و زانا و بلیمەت و قارەمان و دانا و کەسی لێھاتوومان زۆرە، لە ئاسمانەکەی ئێمەشەوە فریشتە دێنە خوارەوە، ئەو ئاسمانەی بەدیار کوردستانەکەی ئێمەشەوە رەنگەکەی شینە و شەوان ئەستێرەکان دەجریوێنن، بۆیە دەڵێم پێویستە لەمەودوا کوردستانیانە کوردستانی بین، کوردستانیانە کورد بین، کوردستانیانە تورکمان بین، کوردستانیانە عەرەب بین، کوردستانیانە دیموکراسی بین، کوردستانیانە موسوڵمان بین، کوردستانیانە سوننە بین، کوردستانیانە شیعە بین، کوردستانیانە مەسیحی بین، کوردستانیانە جوولەکە بین، کوردستانیانە زەردەشتی بین، کوردستانیانە ئێزدی بین، کوردستانیانە کاکەیی بین، کوردستانیانە ئەرمەنی بین، کوردستانیانە سوببی بین، کوردستانیانە بێدین بین، کوردستانیانە بەدین بین، کوردستانیانە بژین، کوردستانیانە بمرین، وەک کلتوورەکەی خۆمان جوان و ھەمەڕەنگ بین، ھەمووانمان خۆش بوێ، بۆ ئەوەی ھەمووان ھەمووانیان خۆش بوێ.
ئێمەی کوردستانی ئەگەر بەو ئاراستەیە کار بکەین و رۆشنایی بخەینە سەر خاڵ و رووبەرە رۆشنەکانی کلتووری رەسەنی ژیاندۆستانەی خۆمان، بێگومان لەدوای کارکردن و بە پرۆژەکردنی ئەو پرسە؛ زەوینەیەکی فرەوان و بە پیتمان دەبێ بۆ ئەوەی رەگە وشکھەڵاتووەکانمان بەرە بەرە ئاو ھەڵمژن و چرۆ دەربکەن، ئێمە چیڕۆکێکی سەرکەوتوومان ھەیە و بەزیادەوە خاڵی درەوشاوەمان ھەیە لە کایەکانی ئایینناسی کوردانە و کوردستانیانە و کایەی لێبوردەیی و پێکەوەژیان و تەبایی و ئەزموونی چەندین ساڵەی تاڵ و شیرین و سوێرمان ھەیە ئەمڕۆ بۆ ئەو پرۆژەی کلتووری کوردستانیە بەکەڵکمان بێ و بە فریامان بگات. پێویستە پارچەکانی ئەو گەوھەرەی خۆمان کۆ بکەینەوە و ئیتر بە رژدی و بە مکوڕی بیر لە بە دامەزراوەییکردنی پرۆژەسازیی بکەین، حکوومەت ھاوکارمان بێ، گشت کەسانی لێھاتووی بیرمەند و رووناکبیر و ئایینناس و زانا و دانای چاپووک و چەلەنگ و ستراتەژیست و ئەکادیمسیەن، ھەرھەموویان پێکەوە کار بۆ بنیاتنانی ئەو چوارچێوە نشتیمانی نەتەوەییە بکەن وەک چەترێک بۆ دامەزرانی پەیکەرەی کلتووریی کوردستان، لەوێوە بەرەو سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سەرجەم کایەکانی کۆمەڵگە، یەکەمین ھەنگاو کۆکردنەوەی سەرمایەی ھزری و چاندی و ھونەری و مێژوویی و فقھی زەنگینی ئایینی زانایانی پایەبڵندی ھەرچوار پارچەی کوردستان، خستنەگەڕی ماکینەیەکی میدیایی ئەکتیڤ و چاوکراوە بۆ گەیاندن و ناساندنی لایەنەکانی کلتووری رەسەن و خۆماڵیمان بە نەوەی ئێستا و ئەرشیفکردن و پاراستنی بۆ نەوەکانی ئاییندە. ھەر ئەم رێگایە فریامان دەکەوێ، بەوە دەتوانین زامنی ئەوە بکەین کە مرۆڤی کوردستانی متمانە بە بوون و ھێزی کلتووریی خۆی و حوکمڕانیی وڵاتەکەی خۆی بکات، بەم رێگایە کوردستانیان متمانەیان بە ژیان و ژیاندۆستی زیندوو دەبێتەوە، ئەوە دەبێتە سەرەتایەکی باش بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ساغڵەم و تەندروست، بەم شێوەیە زھنیەت و مێنتالیتەی تەندروست بنیات دەنرێ، بەم رێگایە متمانە بەخۆمان دەکەین و ناکەوینە ژێر کاریگەریی کلتووری ئەوانی دی و سوود لە خاڵە باشەکانی کلتووری مرۆڤایەتیش وەردەگرین.      
دوا رستەم ئەوەیە بڵێم؛ جاران دەگوترا و ئێستاش ھەیە کە دەڵێن؛ دیموکراسیەت و ئاستی کرانەوەی کۆمەڵگە بە جۆری تێڕوانین و بەرخوردی لەگەڵ توێژی ئافرەتان دەپێورێ. ئێستا لەم قەیرانە نەقۆڵایەی ناوی پەتای کۆرۆنایە و سەرەتایەکی نوێ بۆ رێچکەی مرۆڤایەتی و تەواوی پرس و پەیوەندییەکانی مرۆڤ و ژیان و جووڵەی مێژوو دەنەخشێنێ و دەسەپێنێ، پێویستە ئەوەی ئێمەی کورد و کوردستانی دڵخۆش بکا جۆری ئەو مامەڵە سەرکەوتووانە بێ دەرھەق بەو پەتایە لەلایەن ھەرێمی کوردستانەوە وەک حکوومەت و ئەو قەوارە جوگرافیە بچووکەی ناوی (کوردستان)ە، چۆن دڵخۆش نەبین کە دۆخی ئێمە لە زۆربەی وڵاتان باشترە و لە زۆربەی وڵاتان باشتر و میکانیزمی باشترمان گرتەبەر بۆ پاراستنی ھاووڵاتیان، بێگومان ئەوە ئەزموون و تاقیکردنەوەیەکی گەورەیە، لە تاقیکردنەوەی شازدەی ئۆکتۆبەر زۆر گەورە ترە، داستانی ئەمجارەی ھاتنەدەستی ھەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ھاووڵاتیان لە مەترسی تووشبوون بە کۆرۆنا؛ لە داستانی پردێ و سحێلا زۆر گەورەترە، دڵنیام ئەم پەرۆشی و ھاتنە مەیدانە و پابەندبوونەی کۆمەڵگەی کوردستانی و ئاست و ئەدای دامەزراوەکانی کوردستان لە ئایندەیەکی نزیکدا دەبنە پێنوێنێکی یەکجار گرنگ بۆ سەرفرازبوونی ئەو کوردستانەمان کە بە درێژایی سەدان ساڵە کارەسات و مەینەتی زۆری چەشتووە و بێگومان دەرچوونمان لەم ئەزموونە سەختە زۆر لەو رۆژە نزیکمان دەکاتەوە کە دەمێکە خەونی پێوە دەبینین، ھەڵبەت بە یەکڕیزی و تەباییمان ئەو خەونەمان دەبێتە راستی، با ھەموومان لە پێناو ھەموو پابەندبین بە رێنماییەکانی ژیان و ژیاندۆستی.      
   





ئەم هەواڵە 1150جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad