English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
زێباری: هەر كەسێك ببێتە هۆكاری مەترسی بۆ ژیانی هاووڵاتیان رێكاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتە بەر
2020-04-05 [11:21 AM]

ZNA - هەولێر


رۆژی ١/٤/٢٠٢٠ رێکخراوی فرۆنت لاین دیفێندەرز کە کارەکانی تایبەتە بە پارێزگاری لە مافی مرۆڤ و بارەگاکەی لە ئێرلەندایە داوای ئازادکردنی ھێمن مامەند دەکات كە بەپێی فەرمانی دادگا لە هەولێر دەستگیر كراوە.

د. دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بارەی كەیسی دەستگیر كردنی ناوبراو تیشكی خستە سەررێكخستنی كاری رۆژنامەوانی لە هەرێمی كوردستان و وتی: حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرنگییەكی زۆر بە پاراستنی مافەكانی مرۆڤ دەدات بەتایبەتی لە بواری رۆژنامەنووسیدا، بۆ ئەم مەبەستەش كاری رۆژنامەوانی لە هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای ڕۆژنامه‌نووسی ژماره‌ (35)ی ساڵی (2007) رێكخراوە، لەم یاسایەدا گشت ئەرك و مافەكانی رۆژنامەنووسان و دەزگاكانی راگەیاندن دیاریكراوە، بەڵام لە هەمان كاتدا ناكرێ پیشەی رۆژنامەنووسی ببێتە هۆكارێك بۆ بەزاندنی ئازادی كەسانی تر و هۆكارێك بۆ نانەوەی پشێوی و ئاژاوە و تێكدانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی.

سەبارەت بە دەستگیركردنی رۆژنامەنووس هێمن مامەند، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانی وتی: دوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ناوچەكە حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین رێكاری گرتە بەر بۆ رێگا گرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لە هەرێمی كوردستان كە ئەم رێكارانەش مایەی دەستخۆشی و ستایشی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و وڵاتان بوو، بەداخەوە هێمن مامەند لە رێگای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و بە بڵاوكردنەوەی زانیاری نادروست وەك بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە بەندیخانەكانی كوردستان، هەروەها هانی خەڵكی داوە بۆ ئەوەی قەدەغەی هاتوچۆ و كەرەنتینە بشكێنن و لە ماڵەكانیان بێنە دەرەوە بەمەش ژیانیان دەكەوێتە مەترسی و ئەگەری بەركەوتنی ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان زیاد دەبێت.

زێباری هەروەها وتی: داواكاری گشتی هەرێم سكاڵای دژی ناوبراو تۆمار كردووە، بەپێی ئەم سكاڵایەش دادگا فەرمانی دەستگیر كردنی دەركردووە و رێكارەكانی دەستگیركردنیشی بەپێی یاسا بووە لە هەمان كاتدا وەك هەر دەستگیركراوێكی دیكە گشت مافێكی هەیە وەك بوونی پارێزەر بۆ داكۆكی كردن لێی.

زێباری ئەوەشی روونكردەوە كە جگە لە هێمن مامەند كەسانی دیكەش هەن لە دەرەوەی هەرێم دەژین لە رێگای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە هانی خەڵكیان داوە كە قەدەغەی هاتوچۆ بشكێنن و لە ماڵەكانیان بێنە دەرەوە، بە هەمان شێوە رێكاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتە بەر هەر كاتێك بگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان.

دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە كۆتایی لێدوانەكەیدا وتی: هەموومان بەرامبەر یاسا یەكسانین، بەداخەوە ناكرێ هیچ رۆژنامەنووسێك  پیشەكەی خۆی بقۆزتەوە بۆ بڵاوكردنەوەی هەواڵی نادروست و ژیانی هاووڵاتیان بخاتە مەترسییەوە، بە تایبەتی لە ئێستادا كە هەموو جیهان گیرۆدەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و گشت ئەو رێكارانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان بووە.





ئەم هەواڵە 3382جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad