English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
لە خەمی رۆژئاڤادا
2020-04-13 [11:58 AM]

ZNA هەولێر


 

 

ئاریان فەرەج

 

هاوسۆزیی لە نێوان رۆڵەكانی یەك نەتەوەدا، بە تایبەت نەتەوەیەكی دابەش و مەغدوری دەستی جوگرافیا و سیاسەت، بەر لەوەی هزروهۆشیاری بێت، هەستە. هەستێك كە لە دەرونی هەر رۆڵەیەكی شیرحەڵاڵدا بەرامبەر هاوزمانەكەی، خۆڕسكانە دەڕەخسێ و سەرمەدیانە دەژی و بە هیچ كلۆجێك ریشەی هەڵناكێشرێ. خوێنێك بە دەمارەكانی ئەو هەست و ئینتیمایەدا دەگوزەرێ كە مەحاڵە ببێت بە ئاو. ئەو كاتانەش كە ئەم هزروهەستە لە ئاستی دامەزراوە بەرپرسیارەكاندا، دەبنە پاڵنەری بەهاناوەچون و پەڕینەوە لە سنوور، مانای وایە لە ئەجیندا و بیری بڕیاربەدەستانی ئەو دامازراوانەدا، پابەندیی بەو هەست و هزرە، بەرنامە و ئەركە، هەر ئەوەش دەبێتە سەرچاوەی ئەو متمانە و پشتگەرمییەی تاكەكانی هەر گەلێك لە ئاڵانگاری و تەنگاویدا، لە ترس و سامی كوشندەی تەنیایی و بێكەسی دەپارێزێ

هەر كوردستانییەك ئەو شەوەی لە یادە كە پێشمەرگە بە هانای كۆبانێوە چوون، راستە هێزێكی بە ژمارە كەم بوون، بەڵام بەو هەموو دڵە گەرم و دەرونە شاد و پڕ حەماسەی لە هەموو لایەكی كوردستانەوە لەگەڵ هەنگاوەكانی پێشمەرگەكاندا بەرەو كۆبانێ بەڕێوەبوون، ئەو هێزە بچوكە وەك گەورەترین لەشكری دونیا خۆی دەنواند. ئەو چركەساتە نەك هەر ترۆپكی باڵابوونی هەست و هاوپشتیی نەتەوەیی كوردستانییانە بوو، بەڵكە چركەساتی بێدەنگی و خۆكڕكردنی سنورەكانیش بوو بەرامبەر باڵگرتنی هەستی هاوبەشی رۆڵەكانی نەتەوەیەك كە مەحاڵ بوو رێی لێ بگیرێ.

 هاودەرد و خەمخۆرانی براپشت هەمیشە لە تەنگانەدا سەردەردێنن، هەمیشە لە مەینەتدا لادەكەنەوە و دەست دەدەنە دەست. كە جەنەراڵ مەزڵوم كۆبانێ رایدەگەیەنێت سەرۆك نێچیرڤان بارزانی بەهانایانەوە چووە و لە بەرەنگاربوونەوەی ئافاتی كۆرۆنادا، هاوكاریی تەندروستی بۆ ناردوون، ئۆقرەیی و ئارامی بە دەروونی هەر كوردێك دەگات كە لەم مەینەتەدا نیگەرانی هاوزمانەكانیەتی بە تایبەت كوردانی پارچە بچوك و كەمدەستەكەی رۆژئاوا.

ئەو چریكەیەی مەزڵوم هەموولایەكمان دڵنیادەكاتەوە كە سەرۆكێك زێدەباری سەروكاریی و لە نزیكەوە چاودێری ئەدای دامەزراوەكانی هەرێمەكەی خۆی، (دوورلە باسكردن و بانگەشە) رۆڵەكانی رۆژئاواشی لە یادە. ئەم بەهاناوەچوونە لە مانا سیمبۆلیییەكەیدا، دڵنیاكەرەوە و دڵدەرەوەیەكی میللییە و پێمان دەڵێ: دواجار وێنەی راستەقینە و رەسەنی نەتەوەی ئێمە، بەدەم یەكەوەبوون و بە فریای یەكدی چوونە، هەر پێچەوانەیەكی ئەم دیمەنە جوامێرانەیە، وێنەیەكی شێواو و نارەسەنە و رەنگ ورووی راستەقینەمان بەرجەستە ناكات.

هاوكارییەكەی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی رەنگە كەم بێت، بەڵام هەر وەك هێزە بە ژمارە كەم و بە مانا گەورەكەی پێشمەرگەی بەهاناوەچووی كۆبانێ، فروانترین پشتیوانیی مەعنەوی و پەیامی هاوپشتیی نەتەوەیی هەموو كوردستانییانی لەگەڵە. پەیامێك دووبارە بە كوردانی رۆژئاڤا دەڵێ: بەتەنیا نین و لەیاد ناكرێن.





ئەم هەواڵە 286جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad