English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
عێراق ناتوانێت خۆی وەكو دەوڵەتێك نمایش بكات و موچەو بودجەی كوردستان ببڕێت
2020-04-30 [12:13 PM]

ZNA - هه‌ولێر


ئەندامێكی ئەنجومەنی باڵای سەندیكای ئابووریناسانی كوردستان رایگه‌یاند: وڵاتانی ئەندام لەرێكخراوی ئۆپێك بەسەرۆكایەتی سعودییە و وڵاتانی دەرەوەی ئەو رێكخراوە بەسەرۆكایەتی روسیا لەسەر كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو رێككەوتن ، بەڵام بەهۆی زۆری خستنەڕووی نەوت و بەرزی یەدەكی نەوتی ئەمەریكاو پابەندنەبوونی زۆر لەوڵاتان بەكەمكردنەوەكە ، بەهای نەوت داشكانێكی مێژوویی بەخۆوە بینی بەتایبەتی كاتێك نرخی بەرمیلێك نەوتی تكساس بۆ خوار (0) دۆلار دابەزی و بەمەش داڕمانێكی گەورەی بەنرخی نەوتی برنتیش دا. 

شەماڵ نوری ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سەندیكای ئابووریناسانی كوردستان به‌ ئاژانسی هه‌واڵی زاگرۆسی راگه‌یاند: لێدوانەكەی ئەم دواییەی روسیا بەكەمكردنەوەی ئەو رێژە نەوتەی بۆی دیاریكرابوو كە لە 15%ی نەوتی وڵاتەكەی دەكات ، بۆرسە و بازاڕەكانی تارادەیەكی باش كردوو كەمێك نرخی نەوت بەرزبووەوە ، هەڵبەزوو دابەزی نرخی نەوت و ناسەقامگیری رەوشی بازاڕەكان ئەوەندە خێرایە زۆرجار هەواڵەكان تێكەڵ و پێكەڵ دەبن لە گەیاندنی بەرزو نزمی نرخی نەوت ، بەڵام هەموو پێشبینیەكان بەرەو ئەوە دەچن دواجار نەوت بۆ سەرووی 33 دۆلار بەرز بێتەوە، واتا بەرێژەی 32%ی بەهاكەی بگەڕێتەوە. بوونی ئەو بڕە زۆرەی خستنەڕووی نەوتی خاو لەدوای ئەو ململانێ توندەكەی نێوان روسیاو سعودییە دروست بوو ، لەم رێكەوتنەدا ئەمەریكا رۆڵێكی گرنگی بینی و خۆشحاڵی خۆی بۆ گەڕانەوەی سەقامگیریی لە بازارەكانی وزەو نەوت دەربڕی و دوناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ئەوەشی خستەڕوو كە رێكەوتنەكە دوای رازی بوونی وڵاتەكەی هات بەوەی ئەمەریكاش بەشداربێت لەكەمكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی خاو ، لەلایەكی دیكەشەوە ووردە ووردە ئاستی بەرهەمهێنانی كارگەكانی چین رووی لەبەرزبوونەوە كردوو خواستی ئەو وڵاتە بۆ نەوتی خاو زیادیكرد ، ئەمانە هەمووی پێكەوە وایكرد كێرڤی نرخەكانی نەوت روو لەزیادبوون بكات گەرچی لەگەڵ ئەو زیادبوونەشدا رۆژانە نرخەكان ناسەقامگیرە ، بەڵام ئەم نیشانەو هەواڵانە بەشێوەیەكی گشتی هەواڵی مژدەخۆش بوون بۆ وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی كە بەرێژەیەكی زۆر بەرز بودجە و داهاتی وڵاتەكەیان پشتیان بەپترۆ دۆلار بەستووە.

شەماڵ نوری ئاشكراكرد: رێكەوتنی وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێك و دەرەوەی ئەندام لەو رێكخراوە كە لەسەرەتای مانگی داهاتوو دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و بەرێژەی 23%ی ئاستی هەناردەكردنی نەوت كەم دەكات و دوو مانگ بەردەوام دەبێت و بڕیاریشە لە ساڵی 2021 تاكو مانگی نیسانی 2022 بڕی 6 ملیۆن نەوت كەم بكرێتەوە. جێبەجێكردنی ئەو رێكەوتنە بوو كە لەساڵی 2016 واژووكراو لە 2017 جێبەجێ كراو ناسرا بە ئۆپێك پڵەس بەڵام لە 2019 نەتوانرا جێبەجێ بكرێت و ململانێیەكی توندی لەنێوان روسیاو ئەمەریكای لێكەوتەوە كە بووە هۆی دابەزینی بەهای بەرمیلێك نەوت لە 56 دۆلارەوە بۆ كەمتر لە 30 دۆلار و بگرە سعودییەو ژمارەیەك لەوڵاتانی دیكەی كەنداو لەم نرخەش كەمتر داشكانیان پێشكەش بە فرۆشیارەكانیان كردوو بەهۆی ئەم داڕمانەی بەهای نەوتەوە كە هاوكات بوو لەگەڵ تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆناو راوەستانی گەشەی ئابووری چین و دواتر كاریگەریی توندی لەسەر سەرجەم وڵاتانی دیكەی جیهان كرد ، داشكانەكەی بەهای نەوت بەڕادەیەك مەترسیدار بوو گەیشتە خوار سفر دۆلار و  لەساڵی 2016 ەوە بەهای نەوت دابەزینی وای بەخۆوە نەبینیوە.

ئه‌و ئەندامه‌ی ئەنجومەنی باڵای سەندیكای ئابووریناسانی كوردستان گوتی: ئەوەی بۆ ئێمە جێگای مەترسی بوو كەمبوونەوەی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان و مەترسی لەسەر پشكی بودجەی هەرێمی كوردستان بوو لەبودجەی گشتی عێراقدا ، كە ئێستا بڕینی بودجەو موچەی فەرمانبەرانیشی لەلایەن حكومەتی بەغداوە هاتۆتەسەر ، راستە عێراق بەرێژەیەكی زۆر بەرز پشتی بەداهاتی پترۆدۆلار بەستووەو بەڕادەیەك لە 90%ی داهاتەكەی لەفرۆشتنی نەوتەوەیە ئەمە وێڕای ئەوەی بودجەكەی كورتهێنانی هەیە بە بڕی 56 تریلیۆن دینارەو بودجەو داهاتی عێراق بەرێژەی لە 50% هاتۆتە خوارەوە ، چونكە ئەگەر بەهای نەوت بەرز نەبێتەوە ئەوا عێراق ئەو بودجەیەی كە بەرێژەی 56 تریلیۆن دینار كورتهێنانی هەیە ئەم كورتهێنانەی بۆ سەرووی 60 تریلیۆن دینار بەرز دەبێتەوە ، لەگەڵ دەستپێكردنی جێبەجێكردنی رێكەوتنەكەی ئۆپێك و وڵاتانی دەرەوەی ئەو رێكخراوە وڵاتی عێراقیش دەبێت پابەند بێت بەو كەمكردنەوەیە و وەزیری نەوت ئامادەیی وڵاتەكەی دەربڕی بەكەمكردنەوەی 1 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێكداو ئەوەشی راگەیاند كە كەمكردنەوەكە نەوتی هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە هەرچەندە تا ئێستا دیار نییە هەرێمی كوردستان چەندی بەردەكەوێت ، لەگەڵ راگرتنی موچەی هەرێمی كوردستان و بەشە بودجەی هەرێم لەبەغدا ، واچاوەڕوانیش دەكرێت مەسەلەی نەوت و هەناردەكردنی نەوتی هەرێم و پشكی هەرێمی كوردستان لەبودجەی گشتی عێراق تەوەرەی سەرەكی ئەو گفتوگۆیانە بێت كە لە نێوان هەرێم و عێراق لەداهاتوودا بەڕێوەدەچێت و عێراق ناتوانێت خۆی وەكو دەوڵەتێك نمایش بكات و موچەی خەڵكی كوردستان ببڕێت.

له‌ كوتاییدا ئه‌وه‌شی خسته‌روو: بەشێوەیەكی گشتی هەموو شارەزایان و پسپۆرانی ئابووری پێیان وایە مێژووی نەوتی خاو دەیان قەیرانی داڕمانی نرخ و دواتر بەرزبوونەوەی نەوتی خاوی تێدایە و راوبۆچوونەكان لەسەر بابەتی نەوت چۆن بێت هەمووان لەسەر ئەو بۆچوونە كۆكن و هاوڕان بەوەی نەوتی خاو تێكەڵ بە ململانێ و بەرژاوەندییەكان بووەو هەموو قەیرانەكان كاریگەرییان لەسەری دەبێت ، لەگەڵ هەر داڕمان و دابەزینێكی كتوبڕی نەوتیش بەهای ئەم سامانە وا بەخێرایی بەرز نابێتەوە بگرە زۆر لەچاودێران پێیان وایە هەرگیز ناگەڕێتەوە دۆخی زێڕینی خۆی ، هەربۆیە هەرگیز نرخەكانی نەوتی خاو سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت ، هەر وەكو چۆن هەر وڵاتێك بەتەنیا داهات و بودجەكەی پشتی بەنەوتی خاو بەستبێت ئەوا بەردەوام لەقەیران و گرفتی دارایی و ئابووریدایە.





ئەم هەواڵە 3181جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad