English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئەنجوومەنی وەزیران چەند بڕیارێکی گرنگ دەردەکات 
2020-05-06 [12:21 PM]

ZNA- ھەولێر



رۆژی سێشەممە ٢٠٢٠/٥/٥ ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە .

لە کۆبوونەوەکەدا ، گفتوگۆ دەربارەی دۆخی دارایی ئێستای ھەرێمی کوردستان و رێوشوێنەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کرا کە بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان .

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانی شاندی حکومەتی ھەرێم لە بەغدا بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆک وەزیران خستەڕوو تایبەت بە بابەتی شایستە داراییەکان و دۆسێی نەوت و گاز. ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە شاندەکە و بەرزنرخاندنی ھەوڵەکانیان، پێشنیارەکانی شاندەکەی پەسەند کرد بۆ بەردەوامیدان بە کۆبوونەوەکان لە پێناوی چارەسەرکردنی کێشەکان و دابینکردنی ماف و مووچە و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان.

سەبارەت بە پرۆسەی چاکسازی ، ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەسەر دەستبەجێ جێبەجێکردنی سەرجەم بڕگەکانی یاسای چاکسازیی بە پێی ئەو پلانەی لە لایەن لیژنەی باڵای چاکسازیی پەسەندکرا و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانیش ڕاسپێردران بە وەرگرتنی ڕێکاریی پێویست بە ئاراستەی زامنکردنی مافی مووچەخۆری شایستە.
ئەنجومەنی وەزیران ئەم بڕیارانەی دەرکرد:
کەمکردنەوەی خەرجییەکان :
 لە دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، سەبارەت بە کەمکردنەوەی خەرجییەکان، ئەنجومەنی وەزیران ئەم بڕیارانەی خوارەوەی دا:
١) کەمکردنەوەی مووچە و دەڕماڵەی خاوەن وەزیفە باڵاکان و پلە تایبەتەکان لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ھەرێم و سەرۆکایەتی و ئەندامانی پەرلەمان و ئەنجومەنی دادوەریی و ئەنجومەنی پارێزگا لە بوارەکانی خزمەتی شارستانی و سەربازیی و ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و ئاسایشی گشتی و ئەنجومەنی ئاسایش و ئەوانەی بەو پلانە خانەنشین بوون یان خانەنشین دەبن.
٢) خەرجکردنی تەنیا مووچەی بنەڕەتی بۆ ئەو پلە تایبەتانەی کە لە بەڕێوەبەری گشتی بەرەو سەرەوەن و سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان لە پارێزگار و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە کە معومن و پێویستە لەسەر وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ماوەی ٣٠ رۆژ لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیی چارەنووسی وەزیفیان یەکلایی بکاتەوە.
٣) پێویستە وەزارەتی دارایی وئابووری مووچە تەنیا بۆ ئەو کەسانە خەرج بکات کە تۆمارن لە داتابەیسی تۆماری بایۆمەتری و بە فیعلی لە خزمەتی وەزیفیدان، ھەروەھا بڕینی مووچەی ئەو کەسانەی کە بە فیعلی خزمەتی وەزیفی ناکەن.
٤) کەمکردنەوەی بودجەی تەشغیلی بۆ نزمترین ئاست بە جۆرێک تەنیا بوارە سەرەکییەکانی خەرجی بگرێتەوە وەکو بواری دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و تاقیگەیی و خواردنی نەخۆشخانە و زیندانییەکان و خانەی بەساڵاچووان و نەوجەوانان ومنداڵان و شێڵتەرەکانی ژنان وپاکردنەوەی شار و شارۆچکەکان و نەخۆشخانەکان و پێداویستیەکانی ئاو و کرێی وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا و چاکردنەوەی ڕێگاوبانەکان.
٥) پەیڕەوکردنی سیستمی نوێی ئۆنلاین بۆ خەرجکردنی بودجەی تەشغیلی لە پێناوی برەودان بە شەفافیەت و کەمکردنەوەی رووتین.
٦) ڕاگرتنی خەرجییەکانی بودجەی وەبەرھێنان (پڕۆژەی وەزارەتەکان و پەرەپێدانی پارێزگاکان).
٧) پێداچوونەوە بە نەسریە و پێشینەی وەزارەت و سەرجەم دامەزراوەکانی ھەرێم لە لایەن ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی وئابووری بە ئاراستەی کەمکردنەوەی بۆ نزمترین ئاست.
٨) راگرتنی خەرجکردنی راستەوخۆی وەزارەتەکان لەسەر بەشە داھاتی خۆیان.
٩) پێداچوونەوە بە خەرجییەکانی خزمەتگوزاریی بواری نەوت و گاز.
زیادکردنی داھات:
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە سەبارەت بە زیادکردنی داھات، ئەنجومەنی وەزیران ئەم بڕیارانەی دەرکرد:
 ١) ڕێکخستنەوەی ئەو خزمەتگوزارییانەی لە لایەن کەرتی تایبەتەوە بە شێوەی گرێبەست لە دەروازە سنوورییەکان پێشکەش دەکرێن بە جۆرێک، دەبێت داھاتی ئەو خزمەتگوزارییانە بۆ بەرژەوەندی گشتی بێت.
٢) ھەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو لێخۆشبوونانەی کە دراون لە رەسمی گومرگ و باج کە ناگونجێن لەگەڵ یاسا وڕێنماییەکان.
٣) کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان بەمەبەستی رێگری لەھەر کارێکی نایاسایی کە زیان بە داھاتی گشتی بگەیەنێت.
٤) پابەندکردنی کۆمپانیا ناوخۆییەکانی بواری نەوت وگاز، کۆمپانیاکانی بواری سکیوریتی و کۆمپانیاکانی بواری پەیوەندی و ئینتەرنێت و پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون بە پێدانی باج لە چوارچێوەی یاسا وڕێنماییەکان.
 ٥) ڕێکخستنەوەی میکانیزم و ئەو لایەنانەی کە رسوماتی خزمەتگوزاریی وەزارەتەکان بە شێوەی گرێبەست کۆدەکەنەوە بەجۆرێک کە لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتیدا بێت.
 ٦) سەپاندنی باج لەسەر ھاوردەکردن و پاڵاوتنی بەرھەمە نەوتییەکان.
 ٧) پێویستە لەسەر وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو پۆڵینی سەرجەم ئەو زەوییە کشتوکاڵییانە بکات کە زێدەڕۆییان لەسەر ئەنجام دراوە، سەرەڕای پێداچوونەوەی ئەو زەوییە کشتوکاڵییانەی بە گرێبەست بەکرێدراون لە رووی نرخ و شێوازی گرێبەست بۆ ئەوەی وەک سامانێکی نیشتمانیی مامەڵەیان پێوە بکرێت.
 ٨) ھەڵوەشاندنەوەی تەرخانکردنی زەوی بۆ ئەو پڕۆژانەی مۆڵەتی وەبەرھێنانیان پێدراوە بەڵام دەستیان بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان نەکردووە.
 ٩) ھەڵوەشاندنەوەی تەرخانکردنی زەوی کە بە موساتەحە دراون بەڵام دەستیان بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان نەکردووە.
 ١٠) تاپۆکردنی سەرجەم ئەو زەوییانەی کە بە شێوەی کارت تەرخانکراون بۆ ھاووڵاتیان و ھەروەھا تاپۆکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە پڕۆژەکانی وەبەرھێنان بە ناوی ھاووڵاتیان و پێداچوونەوە بە نرخی خزمەتگوزارییی کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون.
 ١١) جەردکردنی سەرجەم موڵک و ماڵی حکومەت و سەرجەم دامەزراوەکان لە لایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە تا وەک سەرچاوەیەک بۆ داھاتی گشتی مامەڵە بکرێت.
 ١٢) وەرگرتنەوەی قەرزە بازرگانییەکان لە لایەن وەزارەتی دارایی وئابووری لەبەر ڕۆشنایی یاسای چاکسازیی.
 ١٣) پەسەندکردنی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی دابەشکردنی کارەبا و کۆکردنەوەی کرێی بەشداربووانی کارەبا لە لایەن کەرتی تایبەتەوە لە ژێر سەرپەرشتی و چاودێری حکومەت.
١٤) پەسەندکردنی پڕۆژەی کڕینەوە و بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان لە لایەن کەرتی تایبەت لە ژێر سەرپەرشتی و چاودێری حکومەت بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵ.
١٥) داشکاندنی ڕێژەیەک لەو پێشینانەی حکومەت کە لە لای ھاووڵاتیانە (پێشینەی خانووبەرە و پێشینەی ھاوسەرگیریی و قەرزی بچووک) بە مەرجێک ھاووڵاتیان ئامادە بن تا ڕۆژی ١٥ ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ تەواوی بڕی پێشینەکان بگەڕێننەوە بۆ حکومەت.
سووککردنی باروگوزەرانی ئەوانەی بە ھۆی رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا زیانمەند بوون: 
١) لێخۆشبوون لە کرێی کرێچی موڵکەکانی حکومەتی ھەرێم بۆ مەبەستی بازرگانی یان پیشەسازی یان کشتوکاڵی یان ھەر مەبەستێکی تر، بۆ ئەو ماوەیەی کە نەیتوانیووە بە شێوەی ئاسایی بەکاریبھێنێت بەھۆی داخستن بە پێی ڕێکارەکانی خۆپارێزیی لە کۆرۆنا  یان قەدەغەی ھاتووچۆ.
٢) بەخشینی ھاووڵاتییان لە دواکەوتنی پێبژاردن کە کەوتووەتە ئەستۆیان لە ئەنجامی پابەندنەبوونی یاساییان بەرامبەر بە دامەزراوە فەرمیەکانی حکومەتی ھەرێم، ئەگەر وادەی پابەندبوونەکەیان کەوتبێتە ئەو ماوەیەی کە بڕیاری قەدەغەی ھاتووچۆی تێدا دراوە وەک ڕێکاریی خۆپارێزیی.
٣) دواخستنی وەرگرتنەوەی بڕی گوژمەی سەر ھاووڵاتییان بۆ بەرژەوەندی دامەزراوەی حکومی و شارەوانییەکان بۆ ماوەی  قەدەغەی ھاتووچۆ  بە بێ ئەژمارکردنی ھیچ سوود و پێبژاردنێکی دواکەوتن بۆ ئەو ماوەیە.
٤) لەسەر وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی پێویستە ڕێکاری یاسایی پێویست بگرێتە بەر بەرامبەر بە کرێچی موڵکەکانی ئەوقاف لەژێر ڕۆشنایی بڕگەکانی ئەم بڕیارە.
٥) بڕی (١٥%) لە سەدا پازدە دادەشکێندرێت لەو بڕە پارەیەی کە کرێچی دەیدات لە کرێی ئاو و کارەبا کە دەکەوێتە ئەستۆی قەرزدار پێش دەرچوونی ئەم بڕیارە، ئەم داشکاندنە بەردەوام دەبێت تاکو ١٥/٦/٢٠٢٠.
٦) پێویستە لەسەر فەرمانگەکانی باج ماوەی قەدەغەی ھاتووچۆ و ماوەکانی داخستنی شوێنە بازرگانی و پیشەسازی و پیشە تایبەتەکان و ھەروەھا چالاکییەکانی تر کە دەکەونە ژێر باری  باجی داھات ، ھەژمار نەکەن وەک ماوەی چالاکی بۆ وەدەستھێنانی داھات کەدەکەونە ژێرباری وەرگرتنی باج بە ھەموو جۆرەکانییەوە.
دەستپێکردنەوەی دەوام:
ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمی وەزارەت و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت، ئەم بڕیارانەی دەرکرد:
١) دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمی فەرمانبەران تەنیا لە دیوانی وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەکان بە وەزارەت لە رێکەوتی ٢٠٢٠/٥/٦ ەوە.
٢) وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەکان بە وەزارەت ، دەسەڵاتی تەواویان دەبێت بۆ دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمانگەکان و رێکخستنی دەوامی فەرمانبەران بە پێی پێویست و بەمەبەستی گەیاندنی خزمەتگوزاری و راییکردنی مامەڵەی ھاووڵاتییان لە ٢٠٢٠/٥/١١ .
٣) فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری لە ئەنجومەنی وەزیران لە گەڵ دامودەزگاکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەماھەنگی دەکات بەمەبەستی کارئاسانی لە جێبەجێکردن وراییکردنی مامەڵەی ھاووڵاتییان بە شێوەی ئەلیکترۆنی.
٤) ھاووڵاتییان لە دوای ٢٠٢٠/٥/١١ دەتوانن سەردانی فەرمانگەکان بکەن بە لە بەرچاوگرتنی رێکارەکانی خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەکان . 
لامەرکەزی ئیداری:
ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەسەر کارکردن بۆ چەسپاندنی لامەرکەزیەتی ئیداریی لە سەرجەم پارێزگاکان بە بێ جیاوازی و بەو شێوەیەی لە بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمدا ھاتووە بە جۆرێک کە گونجاو بێت لە گەل سیستەمی یاسایی و کارگێڕی ھەرێمی کوردستان و شۆرکردنەوەی دەسەڵاتەکان و دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسیاریەتی بە پێی یاسا، لە ژێر چاودێری سەرۆکایەتی حکومەت لەگەڵ پاراستنی قەوارەی دەستووری ھەرێمی کوردستان.


 





ئەم هەواڵە 2743جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad