English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
پەیامی سەرۆک بارزانی بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز
2020-05-23 [01:15 AM]

ZNA- ھەولێر 


بەبۆنەی ھاتنی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامێکی پیرۆزبایی رایگەیاند ، جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز بە دەرفەت دەزانم کە داوا لە لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان بکەم، لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدییات و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە ناھەموارە لە ئاست بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتیمانیدا بن و ڕێگەی تەبایی و برایەتی و یەکڕیزی بگرنە بەر. 

ئەمەش دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانییە . 
 بەناوی خودای بەخشندە و میھرەبان
 بەبۆنەی ھاتنی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی موسڵمانانی جیھان و عێراق بە گشتی و موسڵمانانی کوردستان بە تایبەتی دەکەم. پیرۆزبایی جەژنی ڕەمەزان لە خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و ھەروەھا کارمەندانی دەزگا ئەمنی و تەندروستییەکانی کوردستان و ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەم کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی ھاووڵاتیان زەحمەت و شەونخونیی زۆریان بینیوە. 

بەداخەوە بەھۆی پەتای کۆرۆنا و قەیرانە سیاسییەکانی عێراق و دۆخی خەراپی ئابووریی ناوخۆیی و جیھانی، ھەرێمی کوردستان لە دۆخێکی ناھەموار و ھەستیار و لەبەردەم تەحەددیاتی تازەدایە. جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز بە دەرفەت دەزانم کە داوا لە لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان بکەم، لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدییات و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە ناھەموارە لە ئاست بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتیمانیدا بن و ڕێگەی تەبایی و برایەتی و یەکڕیزی بگرنە بەر. 

داوا لە گشت لایەک دەکەم لەبری یەکترشکاندن و دروستکردنی گرژی و ناکۆکیی زیاتر، پێکەوە و بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی خەڵک و نەھێشتنی کۆسپ و تەگەرەکانی بەردەم گەلی کوردستان ھاوکاری یەکتر بن.
 ئەوە چاوەڕوانیی خەڵکی کوردستانە لە ھەموو لایەنە سیاسییەکان و ھەرچی دەستکەوت و سەرکەوتنی گەلی کوردستانیش ھەبووە لە سایەی یەکڕیزی و ھەست بە بەرپرسیارێتی لایەنەکان ھاتووەتە کایەوە. 
لەوەیش دڵنیام کە گەلی کوردستان پشت بە خودای گەورە بە سەربەرزییەوە ناخۆشی و قەیرانەکان تێدەپەڕێنێت. 
لەو بۆنە پیرۆزەدا ھیوای خۆشی و بەختەوەری بۆ گشت ھاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان دەخوازم و ئومێدی ئەوە دەخوازم خودای گەورە ڕۆژوو و عیبادەتی ھەموو موسڵمانانی قبووڵ کردبێت و ئەو جەژنە ببێتە مایە کۆتایھاتنی تیرۆر و نەخۆشی و نەھامەتییەکان و گەڕانەوەی ئارامی و ئاشتی بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی. 


مسعود بارزانی 
٣٠ـی ڕەمەزانی ١٤٤١ـی کۆچی
 ٢٣ـی ٥ـی ٢٠٢٠ـی زایینی

 





ئەم هەواڵە 3094جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad