ZNA - ههولێر
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان گیانلەدەستدانی سێ تووشبووی کۆرۆنای لە هەولێر راگەیاند، کەمێک پێش ئێستاش دوو تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا لە پارێزگاکە گیانیان لەدەستدا.
بۆتان عەبدولقادر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یەکێکیان تەمەنی 70 ساڵە و خەڵکی خەلیفانە و 17 رۆژە لەژێر ئامێری هەناسەداندایە، ئەوەی دیکەش تەمەنی 55 ساڵە و چوار رۆژە لەژێر ئامێری هەناسەداندابوو و دانیشتووی گەڕەکی هەولێری نوێیە.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر ئاماژە بەوەش دەدات، چوار تووشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی رزگاری دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە.
تاوەکو ئێستا لە هەولێر 718 تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون کە 212 تووشبوویان لە نەخۆشخانەی رزگارییە. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیش، 354 تووشبووی کۆرۆنا لە هەولێر چاکبوونەتەوە و ئێستا 357 تووشبوو لە نەخۆشخانەکاندان و ڤایرۆسەکە لە جەستەیاندا چالاکە.
ئەم هەواڵە 12124جار خوێندراوەتەوە |