English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
جووتیار عادل : لە ئەمڕۆوە یاسای چاکسازی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە
2020-07-01 [04:04 AM]

ZNA- ھەولێر




گوتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، جووتیار عادل، زانیاری لە بارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان خستەڕوو و رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە یاسای چاکسازی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەمڕۆ بڕیاری زۆر گرنگ دەرکران.


دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، جووتیار عادل کۆنفرانسێکی میدیایی رێکخست و لەو میانەیەدا، گوتی: ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە لە بواری پرسی چاکسازی و لە سەرەتای دەستبەکاربوونی حکومەتەوە، ئەو یاسایە پڕۆژەی حکومەت بوو و پێشکەش بە پەرلەمان کرا و ئەو یاسایە پێویستی بە چەندین پەیڕەو ھەبوو بۆ جێبەجێکردنی و ئەمڕۆ چووە بواری جێبەجێکردنەوە و لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا چەندین بڕیاری گرنگ دەرکران.
ھەروەھا گوتی: کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتی سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت و سەرجەم وەزیرەکان بەڕێوەچوو و سەرجەم بڕیارەکان بە کۆدەنگ دەرکراوون، تەنیا یەک بڕیار نەبێت، کە یەک وەزیر لەگەڵی نەبووە. حکومەتی ھەرێم لەم چوارچێوەیەدا بەردەوام دەبێت لە پرۆسەی چاکسازی، کە ئامانجی ئەم پرۆسەیە دادپەروەری و چەسپاندنی شایستەی دارایی فەرمانبەران و میراتگرانی شەھید و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسییە. رێکاری گرنگ دەگیرێتە بەر.
روونیشیکردەوە، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا باس لە گفتوگۆی نێوان ھەولێر و بەغدا کرا. ئێمە لە سەرەتاوە بە نیازپاکی سەردانی بەغدامان کرد و گفتوگۆکانیشمان بەردەوام دەبێت بۆ بەدەستھێنانی شایستە داراییەکان. شاندی حکومەتی ھەرێم بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت سەردانی بەغدای کرد و باس لە پرسی بودجە و مووچە و نەوت کراوە و بیروڕا ئاڵوگۆڕ کراوە و لە ئایندەیەکی نزیکدا شاندی حکومەتی ھەرێم سەردانی بەغدا دەکاتەوە. ستراتیژی حکومەتی ھەرێم بۆ ھەر گفتوگۆیەک لەگەڵ عێراق، لەسەر بناغەی دەستوور دەبێت.
سەبارەت بە تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەش، گوتەبێژی حکومەت گوتی: بابەتی دووەمی گفتوگۆی ئەنجوومەنی وەزیران دامەزراندنی بەڕێوبەرایەتی گشتیی و سندووقی تایبەتی خانەنشینی بوو بۆ ئەوانەی بە پلەی تایبەت خانەنشین کراون و ئەو سندووقە دەپارێزرێت و سەرمایەکەی تایبەت دەبێت بەوانەی خانەنشینن بە پلەی تایبەت. لە داھاتوویەکی نزیکدا یەک بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشین دەبێت و پەیڕەوی بۆ ئامادە کراوە و ھەفتەی داھاتوو ناوەندی یاسایی ئەنجوومەنی وەزیران پێداچوونەوەی کۆتایی بۆ دەکەن.
ئاماژەی بەوەشدا، لە تەوەری سێیەمیشدا، باس لە باجی کۆمپانیاکان کرا و پێویستە باجیان بدەن و بە گوێرەی ئەو یاسا و رێنماییانەی لە ھەرێمی کوردستان ھەن بۆ ئەوەی ئەو پابەندییە یاساییانە لەسەریان جێبەجێ بکرێت. ھەموو کۆمپانیاکان پابەنددەکرێن بە جێبەجێکردنی یاسا و دانەوەی باجەکانیان.
جووتیار عادل باسی لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە کرد و گوتی: ھەروەھا باس لە پڕۆژەی ھاوبەشی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت کرا، کە یەکەمجارە لە حکومەتی ھەرێم بەو جۆرە پەسند دەکرێت. ھاوبەشی لە نێوان کەرتی گشتی و تایبەت دەکرێت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکان. لە ھەمان کاتیشدا کار لەسەر ئەوە کراوە، لیستی میراتگری کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و ئەنفالکراوان و راگیراوی سیاسی و زیندانیانی سیاسی بە پێی سیستەمی بایۆمەتری رێکبخرێتەوە. ئەوانەی مەرجی یاساییان تێدا نەبێت، ھەڵدەوەشێنەوە. لە ئەمڕۆوە ئەم یاسایە کاری خۆی دەکات و شوێنەواری یاسایی دەبێت و ئەم لیستانە پاک دەکرێنەوە و ئەوانەی شایستەن جیادەکرێنەوە لەوانەی شایستە نین. وەک حکومەتی ھەرێمی کوردستان دووپاتیدەکەینەوە، یاسای چاکسازی جێبەجێ دەکرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، جووتیار عادل گوتی: لە کۆتاییدا وەک حکومەتی ھەرێم جەختمانکردەوە لەوەی ھاووڵاتیان و سەرجەم ئەو بەڕێزانەی لە ئەرکدان بە تایبەتی کارمەندانی تەندروستی و وەزارەتی ناوخۆ سوپاسیان دەکەین و داواش لە ھاووڵاتیان دەکەین پابەند بن بە رێنماییەکان و سوپاسی ئارامگری خەڵکی کوردستان دەکەین. 





ئەم هەواڵە 2596جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad