ZNA – هەولێر پەرلەمانتارێك رایگهیاند: بەهۆی نەبوونی دەوڵەت و قەوارەی سەربەخۆ، كورد تاكە نەتەوەیە رووبەڕووی كۆمەڵكوژی دەبێتەوە، رێكخراوێكی تایبەت بە دۆزی جینۆساید لە هەرێمی كوردستان هۆشداری دەدا كە هاوشێوەی ساڵی 2014، دیسان داعش لە ناوچە كوردستانییەكان كۆمەڵكوژی ئەنجام دەدات.
گولیزار رەشید سندی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان به ئاژانسی ههواڵی زاگرۆسی راگەیاند: ئەوەی رێگەی خۆش كردووە، كورد وەك نەتەوە رووبەڕووی كۆمەڵكوژی بێتەوە، ئەوەیە كە كورد خاوەنی قەوارەی سەربەخۆی خۆی نییە وەك گەلانی دنیا، بۆیە هەرجارەی بەشێوەیەك كۆمەڵكوژ دەكرێ.
گولیزار گوتی: لە ئاكامی بێدەسەڵاتی هێزە عێراقییەكان و نەگەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكان، كاكەییەكان و كوردانی ناوچە كوردستانییەكان، رووبەڕووی كۆمەڵكوژی بوونەتەوە، بۆیە دەكرێ وەك هەنگاوی یەكەم سەرەڕای بەهێزكردنی پێوەندی نێوان حزبەكانی كوردستان، كونسوڵگەی وڵاتانیش لە كوردستان لە كۆمەڵكوژی كوردانی كاكەیی ئاگەدار بكەینەوە.
ئەم هەواڵە 3112جار خوێندراوەتەوە |