ZNA-هەولێر
پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە ھەرێمی كوردستان ھەفتەی رابردوو كۆتایی پێھات و لە چەند رۆژی داھاتوودا دەست دەكرێت بە دابەشكردنی پارەی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران.
ھێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری بە وەکاڵەتی سایلۆی ھەولێر بە ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: لە کۆتایی هەفتەی پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دوا وەدە بوو چیتر گەنم وەرناگرین وە ھیچ بڕە گەنمێك رەوانەی شارەكانی دیكەی عێراق نەكراوە، بەڵكو ھەمووی لە سایلۆكانی ھەرێمی كوردستان ھەڵگیراوە.
هێمن سەید مورادگووتی: بۆ سنووری ھەولێر ۱۱۰ ھەزار تۆن بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دیاركرابوو، لەو بڕە ۱۰۹ ھەزار و ۹٦٥ تۆنمان وەرگرتووە.
هەروەها هێمن سەید موراد، بەرێوبەری سایلۆی هەولێر بە وەکاڵەت ئەوەشی بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس خستەروو گووتی: سەبارەت بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لەلایەن ھەندێك كۆمپانیا بۆ ئەوەی ئەو بڕە گەنمەی جوتیاران کە ماوەتەوە ئەویش وەربگیرێت، ئەمەش یەكێكە لە پلانەكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی جوتیاران زەرەر نەكەن، لەو بڕیارەی كە حكومەتی عێراق داویەتی و بڕێكی دیاركردووە و لە ئاست بەرھەمی جوتیاران كەمە، ئێستا كارگەكانی ئالیك بەردەوام گەنمی جوتیاران وەردەگرن، بەڵام بەھۆی ئەم دۆخە تائێستا نەتوانراوە پلانەكەی دیكە جێبەجێ بكرێت، كە وەرگرتنی گەنمی جوتیارانە لە لایەن كۆمپانیاكان.
سەبارەت بە دابەش کردنی پارەی جوتیاران هێمن سەید موراد ئەوشی گووت: تائێستا حكومەتی عێراق ۲ ملیار دیناری بۆ كڕینەوەی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران رەوانەی بانكەكانی ھەرێمی كوردستان كردووە و لە رۆژانی داھاتوودا دەست دەكەین بە دابەشكردنی، بڕیارەی بە قۆناغ ھەموو پارەكە رەوانە بكات.
دڵشاد یونس هەرکی
ئەم هەواڵە 12634جار خوێندراوەتەوە |