English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
مەسرور بارزانی : حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەرگیز  سیاسەتی بەعەرەبکردن قبوڵ ناکات
2020-09-22 [03:29 AM]

ZNA- ھەولێر



سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی رەوشی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بەتایبەت کەرکووک بڵاوکردەوە و دەڵێت سەپاندنی  سیاسەتی بەعەرەبکردن و ئەو وڕەفتارانە، ھەڕەشە لە ئاشتی کۆمەڵایەتی ئەو ناوچانە دەکات کە پێچەوانەی خواستی ئێمەیە بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە و برایانەی نێوان ھەموو پێکھاتەکان.

 
دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان:
 
بەوپەڕی نیگەرانییەوە چاودێری بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان دەکەین، بەتایبەت لە سنووری پارێزگای کەرکووک، کە بەداخەوە سیاسەتی بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافی بەشێوەیەکی بەرنامە بۆداڕێژراو لەو ناوچانە بەردەوامە کە دووبارەکردنەوەی ھەمان سیاسەتی بەعەرەبکردنی ڕژێمەکانی پێشووی عێراقە لە دژی خەڵکی ئەو ناوچانە. ئەوەی زیاتریش جێگەی نیگەرانی و سەرسوڕمانی ئێمەیە، ئەو کردەوانە لە عێراقێکی دیموکراتی ئەنجام دەدرێت، کە بەپێی دەستوور نەخشەڕێگە و چۆنیەتی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچە کێشە لەسەرەکان و دیاریکردنی چآرەنووسیان دیاریکراوە.
 
لەکاتێکدا کە بە تووندی ئیدانەی سیاسەتی بەعەرەبکردنی ناوچە کێشەلەسەرەکان و بە تایبەت لە کەرکووک دەکەین، دووپاتیشی دەکەینەوە کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەرگیز ئەو جۆرە سیاسەتە قبوڵ ناکات، بە تایبەت گەڕاندنەوە و نیشتەجێکردنی خەڵکانێک کە دانیشتووی ڕەسەنی ئەو ناوچانە نین، ئەمە جیا لە داگیرکردنەوەی گوند و ناوچە کوردستانییەکان و دەرکردنی ھاووڵاتییانی کورد و تورکمان لەسەر خاکی خۆیان و داگیرکردنەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان و جارێکی دیکە بەخشینی بەو کەسانەی کە ٣٥ ساڵ لەژێر سایەی ڕژێمی پێشوو، زەوییەکانیان داگیرکرد بوو. بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتانەش ، شاندێکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان راسپێردراوە سەردانی بەغدا بکات.
 
داوا لە حکومەتی فیدڕاڵی دەکەین کە ڕێکاری پێویست بگرێتە بەر، بە پێی ئەو دەسەڵاتە دەستوورییانەی پێیدراوە، تا ڕێگری لە ھەندێک لە ئیدارە خۆجێیەکان بکات، کە لە درێژەدان بەم جۆرە سیاسەتە بوەستن. ھەروەک پێویستە بڕیاری دوورخستنەوەی ھێزە سەربازییەکان بدات لە ئەنجامدانی ئەو جۆرە سیاسەتە و بەکارھێنانیان لەم پرۆسەیەدا. دووپاتیش لە داواکارییەکانمان دەکەینەوە بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە و جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور. ھەروەھا داواش لە نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەکەین کە بەپەلە ھەوڵی خۆی بدات بۆ ڕێگریکردن لەو پێشێلکارییە ترسناکانەی کە دەرھەق بە خەڵکی ڕەسەنی ئەو ناوچانە دەکرێت لە لایەن ئیدارە خۆجێیەکانەوە.
 
 سەپاندنی ئەو جۆرە سیاسەت وڕەفتارانە، ھەڕەشە لە ئاشتی کۆمەڵایەتی ئەو ناوچانە دەکات کە پێچەوانەی خواستی ئێمەیە بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە و برایانەی نێوان ھەموو پێکھاتەکان.
مەسرور بارزانی 
سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان 
٢٠٢٠/٩/٢٢





ئەم هەواڵە 2899جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad