English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
بەئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زەنگی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنی لێدرا
2020-09-27 [07:51 AM]


سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەمە 27/9/2020، لەرێوڕەسمی دەستپێكردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، بەئامادەبوونی د.فەرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر و ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زەنگی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا.

ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە وتارێكدا رایگەیاند، خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ زەنگی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن لێدەدەین، بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندنی پۆلی 12ـی ئامادەیی دواتریش خوێندنی پۆلی یەك و دووی بنەڕەتی دەست پێبكات.

سەرۆكی حكومەت سوپاسی وەزیری پەروەردەی كرد، بۆ ھەوڵ و ماندوبوون و دانانی میكانیزمێك بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن، بەتایبەتی لەم دۆخەی كە بەھۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا ھاتووەتە ئاراوە. ھاوكات سوپاسی مامۆستایانی كرد كە بەردەوامن لە ئەركەكەیان، كە بەردەوام پێشەنگن لە خزمەتكردن.

سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان گوتی، راستە خوێندن پرۆسەیەكە بۆ فێربوون، بەڵام لە ھەمانكاتدا قۆناغێكە بۆ ھەستكردن بە بەرپرسیاریەتی، قوتابی بۆ ئەوە دەخوێنن، تا ببن بە ئەندامێكی كاریگەری كۆمەڵگە و فێری زانست بن، بۆ ئەوەی وڵات بەرەوپێش بەرن. خوێندن تەنھا خوێندنەوەی كتێب و وانە نییە، بەڵكو خۆئامادەكردنە بۆ ژیان، بۆیە تا زیاتر خۆتان ئامادەبكەن بۆ ژیان ھێندە دەتوانن سەركەوتووبن لە ژیان. دڵنیام زۆر لە ئێوەی قوتابیان ژیانی بندەستیتان نەبینیوە، بەڵام ئەوەی ئێستا لەم ھەرێمە ھەیە بەرھەمی خوێنی شەھیدان و قوربانیدانێكی زۆرە، زۆر لە كەسوكاری ئێوە بۆ رزگاری نیشتمان و گەیشتنی ئەم ھەرێمە بەم قۆناغە، خەباتیان كردووە و تێكۆشاون، بۆیە پێویستە قەدری ئەوە بزانین، پێویستە بزانین ئەوە بەرھەمی خەبات و قوربانیدانی خەڵكی پێش ئێمەیە و دەبێ ئەم بەرھەمە بپارێزین، داواتان لێدەكەم ھیچ كەس و شتێك وڵاتەكەتان و مێژووە پڕ سەرەوەرییەكەتان لەبەرچاو ناشیرین نەكات، ئەركی ئیوەیە پارێزەری ئەو دەستكەوتانە بن، دەبێ ئێوە خۆتان ئامادە بكەن بۆ قۆناغێكی دیكەی ئاوەدانی.

مەسرور بارزانی، بۆ قوتابیان راشیگەیاند، پێویستە ئێوە پێش ھەموو كەسێك خۆتان و مامۆستا و كەسوكارتان لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بپارێزن، بۆ ئەوەی تەندروست بن و درێژە بە خوێندن بدەن. بەو ھیوایەی ھەمووان تەندروست باش بن، دڵنیابن ئێمە وەك حكومەت ئەوەی پێمان بكرێت دەیكەین بۆ بەرەوپێشەوەچوونی كەرتی پەروەردە، بەرمامەی زۆرمان ھەیە بۆ پێشخستنی پەروەردە و خوێندن و كەرتەكانی دیكە، بەڵام قەیرانی دارایی لە جیھان كاریگەری لەسەر ھەرێمی كوردستانیش ھەبووە، بەڵام ئەوە نامان وەستێنێ و بەردەوام دەبین لە جێبەجێكردنی پڕۆژە و ئەو بەڵێنانەی بە خەڵكمان داوە، یەكێك لە بەڵێنەكانیش پەرەدانە بە كەرتی پەروەردە و خوێندنە.

دوای لێدانی زەنگی قوتابخانە لە یەكێك لە قوتابخانەكانی بەحركە لە سنووری ھەولێر چەند پۆلێكی بەسەركردەوە و لە نزیكەوە چاوی كەوت بە ئامادەكاریی و گرتنەبەری رێوشوێنەكان بۆ خوێندن و خۆپاراستنی قوتابی و مامۆستایان.





ئەم هەواڵە 2275جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad