English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
کریستیانۆ: پێش پێلێ کەوتم، چیرۆکەکەم زۆری ماوە
2021-03-15 [09:19 AM]

ZNA - ھەولێر


کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالیی یانەی یوڤێنتوسی ئیتالی، دوای شکاندنی ریکۆردی پێلێی ئەفسانەی بەرازیلی وەک باشترین گۆڵکاری جیهان لە یارییە فەرمییەکاندا، رایگەیاند "من ئێستا پێش پێلێ کەوتم، هێشتا چیرۆکەکە کۆتایی نەهاتووە".

رۆناڵدۆی تەمەن 36 ساڵان، دوای ئەوەی لە گەڕی 27ـی سێریا ئەیدا هاتریکی بۆ یانەکەی لە تۆڕی گۆڵی کالیاری تۆمارکرد، بووە خاوەنی 770 گۆڵ لە یارییە فەرمییەکاندا، بەمەش ریکۆردی پێلێی شکاند، کە 767 گۆڵ بوو، خودی پێلێش دانی بەوەدانا کە دۆن ریکۆردەکەی شکاندووە و پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی کریستیانۆ کرد.

دۆن کریستیانۆ، لە رێگەی ئینستاگرامەکەیەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە "ئەم چەند هەفتەیەی رابردوو پڕبووە لە هەواڵ و ئامار، کە منیان بە باشترین گۆڵکار لە مێژووی تۆپی پێدا دادەنا، گوایە من پێش پێلێ کەوتووم کە خاوەنی 757 گۆڵی فەرمییە، هەرچەندە من سوپاسگوزارم بۆ ئەم دانپێدانانە، بەڵام ئێستا کاتی ئەوەیە کە روونی بکەمەوە بۆچی دانم بەو ریکۆردەدا نەناوە، تا ئەم ساتەش".

هەروەها، دەڵێت "ئەو سەرسامبوونە نەگۆڕ و بێ مەرجەیەی من بۆ بەڕێز پێلێ هەمە، وەک ئەو رێزەیە کە بۆ تۆپی پێ هەمە، ئەوە هانی داوم کە دان بەوەدا بێنم کە ژمارەی گۆڵە فەرمییەکانی پێلێ 767 گۆڵە، 9 گۆڵەکەی بۆ هەڵبژاردەی ویلایەتی ساوپاولۆ و تاکە گۆڵیشی بۆ هەڵبژاردەی سەربازیی بەرازیل، بە گۆڵی فەرمی دەزانم بۆ پێلێ".

کریستیانۆ هەروەها دەشڵێت "جیهان لەو کاتەوە گۆڕاوە و تۆپی پێش گۆڕاوە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە ئێمە دەتوانین مێژوو بەپێی بەرژەوەندییەکانمان بسڕینەوە".

کاپتنی هەڵبژاردەی پۆرتوگال، نووسیویوتی "ئەمڕۆ کە گەیشتم بە گۆڵی 770ـەمینی فەرمیم، یەکەم وشەکانم راستەوخۆ بۆ پێلێ دەچن، هیچ یاریزانێک لە جیهاندا نییە کە گوێبیستی چیرۆکی یاری و گۆڵ و دەستکەوتەکانی پێلێ نەبووبێت و منیش بەدەرنیم".

دۆن دەشڵێت "بۆیە پڕم لە خۆشی و شانازی، چونکە دان بەوەدا دەنێم کە ئەمڕۆ بووم بە گۆڵکاری جیهان، ریکۆردی پێلێم شکاند، شتێک کە هەرگیز خەونم پێوە نەبینیوە، ئەوکاتەی منداڵ بووم لە مادێرا".

کریس لە بەردەوامی پەیامەکەیدا، نووسیویەتی "سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی کە لەگەڵمدا بەشدارییان لەم گەشتە خۆشەدا کردووە، سوپاس بۆ هاوتیپەکانم و دژەکانم و هاندەرانی یارییە جوانەکەی هەموو جیهان، لە سەرووی هەمووشیانەوە سوپاس بۆ خانەوادەکەم و هاوڕێ نزیکەکانم".

ئەستێرەی مادێرا، لە کۆتاییدا دەڵێت "ئێستا ناتوانم چاوەڕێی یارییەکان، ئاڵنگارییەکان،  تۆمارەکان و خەڵاتەکانی داهاتوو بکەم، بڕوا بکەن ئەم چیرۆکە زۆر دوورە لە کۆتایی و هێشتا زۆرم ماوە لەگەڵ یوڤێنتوس و پورتوگال بەدەستیبێنم، وەرن لەگەڵم بن لەم گەشتەدا، با بڕۆین".

 

 

رووداو





ئەم هەواڵە 553جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad