English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
 پارێزگای ھەولێر رێککارەکانی رووبەرووبوونەوەی کۆڕۆنا توندتر دەکات 
2021-03-28 [07:52 AM]

ZNA- ھەولێر


ئەمشەو٢٠٢١.٣.٢٨، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر و بەئامادەبوونی ئەندازیارعەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەدیوانی پارێزگا، کۆبووە و گەیشتە ئەم بڕیارانەی لای خوارەوە:-

یەکەم: دوای وەرگرتنی ڕاو سەرنجی لێژنەی زانستیی و لێژنەی تەندروستیی سەبارەت بە ھەستیاری و مەترسیداری ھەڵکشان و تەشەنەسەندنی زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا و زیاد بوونی مەترسیەکانی ڕۆژ دوای ڕۆژ بۆ سەرگیانی ھاوڵاتییان، تەواوی ھێزەکانی ناوخۆ (ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، پۆلیسی ھاتوچۆ، پۆلیسی شارەوانی و تیمەکانی شارەوانیمان دەستکراوە کردەوە لە وەرگرتنی ڕێکاری توندی یاسایی بەرامبەر ھەموو ئەوکەس و لایەنانەی ڕەچاووی جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی بەتایبەتی بەستنی (دەمامک) نابن، بۆیە داوا لە ھاوڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان دەکەین، بۆ پاراستنی ئاسایشی تەندروستی و سەلامەتی گشتی شارەکەمان، پابەندبن بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی بەتایبەتی بەستنی (دەمامک)، بەپێچەوانەوە ھەرکەسێک سەرپێچی بکات ڕێکاری توندی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

دووەم/ بەھەموو شێوەیەک، ھەموو جۆرە گردبوونەوە و کۆبوونەوە و کۆڕ و سمینار و کۆنفراس، لەھۆڵ، باخچە، شوێنی گشتیی کراوە و داخراو قەدەغەیە و ھۆڵەکانی سینەما لەسەرجەم مۆڵ و بازاڕەکان دا‌خراو دەبن، ھێزەکانی ناوخۆ و تیمەکانی شارەوانی بەوردی چاودێری دەکەن، ھەرکەس و لایەنێک سەرپێچی لەوبڕیارە بکات، ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

سێیەم/ تەواوی ئەو شوێنانەی کە کراوەن، (مۆڵ، مارکێت، شوێنەگشتی و بازرگانییەکان)، دەبێت سەرجەم ڕێنامییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێبکەن، بەتایبەتی بەستنی (دەمامک) و دروستنەکردنی قەرەباڵغی، بەپێچەوانەوە ‌ھەرشوێنێک پابەند نەبێت، لەلایەن تیمەکانی شارەوانی و مەفرەزەی گەڕۆک، ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتبەر و شوێنەکەی دادەخرێت.  

چوارەم/ دامەزراوە و فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە حکومییەکان و سەرجەم فەرمانبەرانی سنووری پارێزگاکەمان، تەواوی مەرجە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێدەکەن، بەتایبەتی بەستنی (دەمامک) و دروستنەکردنی گردبوونەوە و قەرەباڵغی، ھیچ ھاوڵاتییەک بۆی نییە بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانی بەبێ بەستنی (دەمامک) بچێتە نێو ھیچ فەرمانگە و دام و دەزگایەکی حکومی، ھەر بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەیەک و فەرمانبەرێک سەرپێچی لەو بڕیارە بکات، بەڕێوەبەر و بەرپرسانی ئەو فەرمانگەیە ڕووبەڕووی ڕێکاری توندی یاسایی و ئیداری دەبنەوە.

پێنجەم/ کافتریا و یانە و چێشتخانەکان، دەبێت خزمەتگوزارییەکانیان لەدەرەوە و لەباخچەکان پێشکەش بە میوانانەکانیان بکەن، ڕەچاووی دووری مەودای مێزەکان بکەن، ئەوانەشی کە باخچەیان نییە، پێویستە لە ژوورەوە ژمارەی میوانەکانیان سنووردار بکەن و پەنجەرە و دەرگاکان کراوە بکەن بۆئەوەی ھەواگۆڕکێ ھەبێت، لەکاتی پشکنینی لێژنەکانی تایبەت بە چاودێریکردن، ھەر شوێنک پابەند نەبێت بەو بڕیارە و سەرپێچی بکات، ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر و شوێنەکەی دادەخرێت.  

شەشەم/ پرسەدانان لە (کۆڵان - ھۆڵ - ماڵ - ژێرخێوەت - باخچە و ھەرشوێنێکی تر) قەدەغەیە، بنکەی پۆلیس و موختاری گەڕەک ڕاسپێردراون و بەرپرسیارن، ھەرکەسێک پابەند نەبێت ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە.

حەوتەم/ سەرجەم شۆفێرانی ئۆتۆمبێلی (تایبەت، بارھەڵگر، کرێ) دەبێت خۆیان و سەرنشینەکانیان (دەمامک) ببەستن و پابەندی ڕێناماییە تەندروستییەکانبن، ھەر کەسێک سەرپێچی لەم بڕیارە بکات، لەلایەن پۆلیسی ھاتووچۆ و مەفرەزەکانی، ڕێکاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.   

ھەشتەم/ دۆخەکە ھەستیارە و ڕەوشی تەندروستی شارەکەمان مەترسیدارە و زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەھەڵکشان و تەشەنەسەندن دایە، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر، بەڕەچاوکردنی کار و کەسابەت و بژێوی ژیانی ھاوڵاتییان، بژاردەی کەرەنتین و قەدەغەی تەواوەتی ھاتووچۆی ھەڵنەبژارد، بەڵام ئەگەر ھاوڵاتییانی شارەکەمان پابەندی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان نەبن، بەتایبەتی بەستنی (دەمامک)، ئەوا لەپێناو پاراستنی ئاسایشی تەندروستی و سەلامەتی گشتیی، دەست بەجێبەجێکردنی بژاردەی دووەم دەکەین، بۆیە داوا لەھەموولایەک دەکەین پابەندبن، تاوەکو بارودۆخەکە و ڕەوشی تەندروستیی لەوەی ھەیە سەختر نەبێت.

نۆیەم/ لەبەیانییەوە ڕۆژی دووشەمە ٢٠٢١.٣.٢٩، ھێزەکانی (ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، پۆلیسی ھاتوچۆ) لەشوێنەکان مەفرزە دادەنێن، بۆ چاودێریکردنی ھاوڵاتییان و پابەندبوونیان بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان، بۆ چاودێریکردنی دامەزراوە و فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە حکومییەکانیش، لێژنەی نھێنیمان دەبێت و چاودێری تەواوی فەرمانگە و فەرمانبەرانیان دەکات.

ئەو بڕیارانە سەرجەم قەزا و ناحییەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر دەگرێتەوە و لەکاتژمێر (١٢)ی ئەمشەو (٢٨)لەسەر(٢٩)ی ئازاری ٢٠٢١، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. 
                                                          
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر
٢٨ی ئازاری ٢٠٢١





ئەم هەواڵە 601جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad