English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
بكوژی دوو خوشكەكەی چەمچەماڵ خۆی ڕادەستی پۆلیس كرد
2021-03-30 [03:38 AM]

ZNA-هەولێر


بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژە بەوە دەدات، بکوژی دوو خوشکەکەی چەمچەماڵ کە باوکی دوو کچەکەیە، خۆی ڕادەستی ھێزەکانی پۆلیس کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە ٣٠/٣/٢٠٢١، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە، تێیدا ھاتووە: "دوای ئەوەی لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٠، دوو خوشک لە قەزای چەمچەماڵ کوژران، بە تۆمەتی کوشتنی کچەکان دادوەری لێکۆڵینەوە بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ باوکی کچەکان دەرکرد، بەڵام تۆمەتبار بۆ شوێنێکی نادیار ھەڵاتبوو، ھێزەکانی بەشی پۆلیسی چەمچەماڵ بۆ دۆزینەوەی شوێنی تۆمەتبار، بەردەوامبوون لە لێکۆڵینەوەکانیان، سەرئەنجام لەژێر فشاری ھێزەکانی پۆلیسدا، باوکی دوو خوشکەکە خۆی ڕادەستی ھێزەکانی پۆلیس کرد".

ئەوەش خراوەتە ڕوو، تۆمەتبار (ف، ح، ش) لە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، ئێستا بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراوە، لێکۆڵینەوەکانیش لەگەڵیدا بەردەوامن.

لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو، لە قەزای چەمچەماڵ دوو خوشک کوژران و لە شوێنێکی دووری قەزاکە تەرمەکانیان لە یەک گۆڕدا شاردرابوونەوە، پاشان پۆلیس شوێنی تەرمەکانی ئاشکرا کرد و دۆزرانەوە، دوای ڕووداوەکە باس لەوە دەکرا بە دەستی باوکیان کوژرابن، بەڵام ھیچ کەسێک بەھۆی ڕووداوەکەوە دەستگیر نەکرا و ئاماژە بەوە دەدرا، کە باوکیان ھەڵاتووە، ئێستاش باوکیان کە تۆمەتباری سەرەکیی ڕووداوەکەیە، خۆی ڕادەستی ھێزەکانی پۆلیس کردووە و لە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.

 





ئەم هەواڵە 514جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad