English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
نێچیرڤان بارزانی و ئیمانوێل ماکرۆن دۆخی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ دەکەن
2021-03-30 [05:29 AM]

ZNA- ھەولێر


پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢١/٣/٣٠ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە کۆشکی ئێلیزێ لە پاریس، لەلایەن بەڕێز ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساوە پێشوازی لێکرا.


لە کۆبوونەوەیەکدا دۆخی عێراق و ھەرێمی کوردستان و ناوچەکەیان بەگشتی تاوتوێ کرد و لەپێناو ئارامی و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەی ھەڕەشە و مەترسییەکانی داعشدا، جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و ھاوکاری و ھاوبەشیی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەگەڵ فەرەنسا کردەوە، ھەردوولا ھاوڕا بوون لەسەر گرنگیی ھەبوونی تێگەیشتنی ھاوبەش بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکە.

سەرۆک ماکرۆن باسی لە دوایین سەردانی قەداسەتی پاپا فرەنسیس بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوە دا کە بیستوویەتی سەردانەکە مایەی خۆشحاڵیی پاپا بووە و بە ڕووداوێکی گرنگی لە قەڵەمدا. لای خۆیەوە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە سەردانی پاپا بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ھەموو پێکھاتەکانی وڵات ھەبووە.

لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سوپاس و پێزانینی ھەرێمی کوردستانی بۆ پشتگیریی سەرۆک ماکرۆن و فەرەنسا لە کاتە سەختەکاندا بۆ گەلی کوردستان دووپات کردەوە و ئامادەییی ھەرێمی کوردستانی بۆ کارکردن و ھاریکاری و ھاوبەشی لەگەڵ فەرەنسا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەربڕی لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق و دابینکردنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، ھەروەھا ھاوکاریی فەرەنسا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەولێر ـ بەغدا و پێکەوەکارکردن و ھاوبەشیی ھەموو پێکھاتەکانی عێراقی لە پرۆسەی سیاسیدا بۆ چارەسەری بە گرنگ و پێویست زانی.

مەترسییەکانی تیرۆر و سەرھەڵدانەوەی داعش تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو کە تیایدا جەخت لە کرنگیی ھاریکاری و ھەماھەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ی دەستوور کرایەوە بۆ ئەوەی بۆشاییی ئەمنی دروست نەبێت و لەلایەن داعشەوە نەقۆزرێتەوە. لەمبارەیەوە سەرۆک ماکرۆن ھاوڕا بوو کە داعش ھێشتا مەترسییەکی جددییە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرەنگاربوونەوەی بەردەوام دەبێت.

دوایین پێشھاتەکانی بڵاوبوونەوەی کۆڤید_١٩ لە فەرەنسا و عێراق و ھەرێمی کوردستان و ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی، دۆخی ئاوارە و پەنابەران لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان و پێویستییان بە ھاوکاری و یارمەتییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و چۆنیەتیی گەڕانەوەیان بۆ شوێنەکانیان، دۆخی ئێزدییان لە ناوچەی شەنگال و کریستیانان لە دەشتی نەینەوا، ‌ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق، دۆخی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و چەند پرسێکی دیکەی مایەی بایەخی ھاوبەش، بەشێکی دیکەی کۆبوونەکە بوون.





ئەم هەواڵە 544جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad