English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: فەرەنسا بە ھەموو شێوەیەک یارمەتیی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەدات
2021-03-31 [01:33 AM]

ZNA-ھەولێر




دوای تەوتاوبوونی بەرنامەی سەردانەکەی بۆ فەرەنسا، بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە ٣١/٣/٢٠٢١ لە پاریس کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بۆ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، دەربارەی ئەنجامی سەردانەکەی و دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ ھەریەک لە بەڕێزان ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا و ژان ئیڤ لۆدریان وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و چەند بابەتێکی پەیوەست بە دۆخی عێراق و ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە ڕێکخرا.

سەرەتا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە وتەیەکدا گوتی: “دوێنێ کۆبوونەوەمان ھەبوو لەگەڵ جەنابی سەرۆک ماکرۆن و دوای ئەوەش لەگەڵ وەزیری دەرەوە. ھەروەک ئاگادارن فەرەنسا ڕۆڵێکی گەورەی ھەیە لە پرسی پشتگیریکردنی عێراق و ھەرێمی کوردستان لە شەڕی داعش و ھاوکاریی مرۆیی و پشتگیریی سیاسیش. جەنابی سەرۆک ماکرۆن پێش ئێستا سەردانی عێراقی کردبوو، لەو سەردانەدا دووپاتی لەسەر ئەوە کردبووەوە کە فەرەنسا بە ھەموو شێوەیەک ئامادەیە یارمەتیی عێراق بدات بۆ سەقامگیریی سیاسی و ئابووری و ھەروەھا لە ھەمووشی گرنگتر بۆ ئەم قۆناغە جەختی لەوە کردەوە کە ئامادەن ھاوکاریی عێراق بکەن لە پرسی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستان بەتایبەتی داعش. لە کۆبوونەوەی دوێنێ دا دیسان ھەڵوەستە کرا لەسەر پشتگیریی بەردەوامی فەرەنسا بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان، جەنابیان پیرۆزبایی لە ھەرێمی کوردستان و عێراق کرد بۆ سەردانی پاپای ڤاتیکان بۆ عێراق و بەتایبەتی بۆ ھەرێمی کوردستان، دیار بوو پێشتریش ھەفتەی ڕابردوو بە تەلەفۆن قسەیان کردبوو و زۆر پیرۆزبایی لە ھەرێمی کوردستان کرد و پیرۆزبایی لە خەڵکی عێراق کرد و بە سەفەرێکی زۆر سەرکەوتوو ناوی ھێنا. دوێنی جەختی لەوە کردەوە کە ئەو ئامادەیە ھەموو ھەوڵێک بدات بۆ سەقامگیریی سیاسی و ئابووری لە عێراق و داکۆکی لەوە کردەوە کە فەرەنسا ئامادەی ھاوکارییە چونکە پرسی تیرۆرستان و پرسی داعش تا ئێستاش مەترسییەکی زۆر جددییە بۆ ھەرێمی کوردستان و عێراق و دووپاتی کردەوە کە فەرەنسا بە ھەموو شێوەیەک لە چوارچێوەی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا ئامادەی پشتگیری و ھاوکارییە بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان. لە کۆبوونەوەکەدا پرسی سووریامان تاوتوێ کرد، ھەروەھا پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێمان بابەتێکی دیکەی کۆبوونەوەی دوێنێی ئێمە لەگەڵ جەنابی سەرۆک ماکرۆن بوو”.

دواتر لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بانگێشتی فەرمیی سەرۆک ماکرۆن بۆ بەڕێزیان لە دۆخی ئەمڕۆی دژواری فەرەنسادا بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لەکاتێکدا زۆربەی کۆبوونەوەکانی سەرکردەکانی وڵاتانی جیھان بە شێوەی ئۆنلاین ئەنجام دەدرێن، بەڕێز سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گوتی: “ھەروەک ئاگادارن بەتایبەت دوای ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١٧ سەرۆک ماکرۆن ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە چارەسەرکردنی کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا ھەبوو و ڕۆڵی سەرۆک ماکرۆن ڕۆڵێکی دیار بوو و ئەگەر ئەو ڕۆڵە سیاسییە نەبوایە، کاری ئێمە زۆر زەحمەتتر دەبوو و ئەوان لە کاتی زۆر سەختدا ڕۆڵی خۆیان بینی و بۆ سەقامگیریی عێراق و ھەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە لەنێوان ئێمە و بەغدا ھەیە، بە ‌ڕاستی لە ھەر کۆبوونەوە و دیارێکیشدا سوپاسیی خۆمان بۆ دەوڵەتی فەرەنسا و بەتایبەت سەرۆک ماکرۆن بۆ ئەو ڕۆڵەیان لەو کاتەدا کردۆتەوە. بە دیدی من ئێستا سەقامگیریی عێراق بۆ ھەموو ناوچەکە و ئەورووپاش گرنگە و بە باوەڕی من داوەتکردن و سەردانی دوێنێی ئێمە بۆ فەرەنسا ھەر لەسەر ئەو بنەمایە بووە تا ئەو پرسانە زیاتر باس بکرێت. ھەروەک باسم کرد جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم دانوستان و گفتوگۆیانەمان بەردەوام دەبنۆتا بگەین بە سەقامگیرییەکی سیاسی کە خزمەتی ھەموو عێراق و ناوچەکە بەگشتی بکات. باوەڕم ئەوەیە کە فەرەنسا و جەنابی سەرۆک ماکرۆن زۆر جددیە لەسەر ئەوەی کە ھەر ھەنگاوێک بۆ سەقامگیریی سیاسی و چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی پێویست بێت، جەنابیان ئامادەیە ئەو ڕۆڵە ببینێت، لە کاتی گەڕانەوەشمدا بۆ ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ھەریەک لە بەڕێزان جەنابی سەرۆک وەزیرانی عێراق و جەنابی سەرکۆمار و لایەنە سیاسییەکان لە بەغدا ئەم بابەتە باس دەکەین و ھیوادارم پێکەوە بگەینە تێگەیشتنێکی ھاوبەش تا بزانین بەیەکەوە چی بکەین”.

سەبارەت بە ھەوڵەکانی فەرەنسا لە بواری بەشداریکردن لە ئاوەدانکردنەوەی عێراق و بەرھەمھێنان لە ھەرێمی کوردستاندا، بەڕێزیان ئاماژەی بەوە دا “بێگومان پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان فەرەنسا و عێراق، پەیوەندیی زۆر دێرینن و فەرەنسا ئامادەیە لەم بوارەدا ھاوکاریی عێراق بکات. ھەروەک ئاگادارن ئێستاش دەستیان پێکردووە و لە بواری مرۆییدا ڕۆڵێکی گرنگ لە ھەموو عێراق دەگێڕن و ئامادەیییان ھەیە پەیوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ عێراق زیاتر بکەن بەمەبەستی ھاوکاریکردنی عێراق”.

دەربارەی ئەوەی کە ئایا فەرەنسا چی بۆ ھەرێمی کوردستان دەکات و چی لە ھەرێم داوا دەکات سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە “ھەروەک پێشتر باسم کرد لە کۆبوونەوەکانی دوێنێدا باسی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و فەرەنسامان کرد و بە ‌شێوەیەکی گشتی سەرۆک ماکرۆن دەیەوێت بزانێت چ پێویستە، ڕۆڵی فەرەنسا چۆن بێت بۆ سەقامگیریی سیاسی، سەقامگیریی ئابووری لە عێراق، ئێمە باسمان لەم پرسانە کرد، ھەروەھا پرسی پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و پرسی سووریا، ئەمانە ھەموو ئەو تەوەرانە بوون کە زۆر بە درێژی لەگەڵ جەنابی سەرۆک ماکرۆن قسەمان لەسەری کرد”

دەربارەی ڕێککەوتنەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا و پرسی بودجە، بەڕێزیان ئاشکرای کرد “سەبارەت بە پرسی بودجە من لە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە دەست پێدەکەم کە بۆچی ساڵانە وایە؟ کێشەیەکی جەوھەری ھەیە لە پرسی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدادا، لە عێراق سیستمێکمان ھەیە کە سیستمێکی فیدراڵییە و دەستوورێکیشمان ھەیە کە زۆرینەی گەلی عێراق دەنگیان بۆی داوە. جەوھەری کێشەکە لەوەدایە کە تا ئێستا ئەو شێوە مامەڵەیەی بەغدا لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەیکات مامەڵەی سیستمێکی فیدرالی نییە، کێشە جەوھەرییەکە لێرەوە دەست پێدەکات، لە ھیچ سیستمێکی فیدراڵیی جیھاندا ئەوەی کە ئێستا بەغدا لەگەڵ ھەرێمی کوردستانی دەکات نییە، ئەمە لە سیستمی فیدرالی جیھاندا نییە، بێگومان ئەو سیستمە بە شێوەیەکی گشتی بۆ عێراق نوێیە و تا ئێستا ئەم سیستمە بە تەواوەتی جێگیر نەبووە. لە ھەموو سیستمەکانی جیھاندا مینحەیەک دەدرێت بە ھەرێمەکان، ھەرێمەکان پەرلەمانی خۆیان ھەیە و تێیدا ئەو بودجەیە پەسەند دەکەن و تەواو دەبێت، ئەوەی ئێستا لە ھەرێمی کوردستان ھەیە دەبێت لە پەرلەمانی خۆمان بودجە پەسەند بکەین و دوایی دەچێتە بەغدا و لەوێش دیسانەوە دەبێت پەسەند بکرێت، واتە کێشەکە لەوەدایە کە ئەم سیستمە ھەڵەیە و چۆنییەتیی مامەڵەی بەغدا لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ڕاست نییە لە پرسی بودجەدا، زوو یان درەنگ دەبێت ئەمە چارەسەر بکرێت، ھەر لەبەر ئەوەشە کە ئێمە ساڵانە ڕووبەڕووی ئەم کێشەیە دەبینەوە. ئەوەی کە گرنگە شاندی دانوستاندکاری حکوومەتی ھەرێم کە بە سوپاسەوە زۆر ماندوو بوون، جێگری سەرۆکی حکوومەت کاک قوباد و ئەوانەی کە لەگەڵی بوون، وەزیری دارایی و تیمی ئەنجومەنی وەزیران و ھەموو ئەو برادەرانە و خودی سەرۆک وەزیرانیش بەردەوام بەدواداچوونیان کردووە و ھەموویان گەیشتوونەتە شێوازێک لەنێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵی بۆ چۆنیەتیی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، ئەوەی کە ئێمە ھیوادارین ئەوەیە ناوەڕۆکی ئەو تێکستەی ھەردوولا لەسەری ڕێککەوتوون جێبەجێ بکرێت. بەداخەوە بەردەوام ھەوڵی ئەوە دەدرا وا پیشان بدرێت کە لە جێبەجێنەکردن و تێنەپەڕاندنی پرۆژەیاسای بودجە زیاتر خەتاکە بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا ئاشکرا بوو ئەوەی کە کێشە نییە لەبەردەم تێپەڕاندنی بودجە ئەوەیە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەرپرسیار نییە لەو پرسە و ھیوادارین بە زووترین کات دەنگ لەسەر دەقی ئەو یاسایە بدرێت، چونکە پرسی بودجە نەک تەنیا بۆ ھەرێمی کوردستان، بەڵکو بۆ ھەموو عێراق گرنگە لە بواری خزمەتگوزارییەکان و زیاتر پەرەسەندنی شارەکان و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە ھەیە،‌ بۆیە ھیوادارین بە زووترین کات پرۆژەیاسای بودجە لە پەرلەمان تێپەڕێنرێت”.

لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا دەربارەی ئەوەی کە ئایا فەرەنسا لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا چۆن سەیری ھەرێمی کوردستان و کوردستانی سووریا دەکات، بەڕێزیان گوتی: “بێگومان پێش ئێستاش بەڕێز وەزیری دەرەوەی فەرنسا گەر ھەڵە نەبم نزیکەی ھەشت جار سەردانی ھەرێمی کوردستانی کردووە کاتێک کە وەزیری بەرگری بوو، ئێستاش کە وەزیری دەرەوەیە. ئەو دۆستێکی نزیکی گەلی عێراقە بە شێوەیەکی گشتی و ئاگاداری ھەرێمی کوردستانیشە. ھەرێمی کوردستان بەردەوام خاوەنی سیاسەتێک بووە کە ویستوویەتی بەردەوام فاکتەرێک بێت بۆ سەقامگیریی و ئارامی لە ناوچەکەدا و پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ھەر لەسەر ئەم بنەمایە بووە، ئەمە وەک پرەنسیپێک فەرەنسا و ئەورووپییەکان ئاگادارن و دانوستانەکانیشمان ھەر لەسەر ئەو بنەمایە بوون کە چۆن پێکەوە بتوانین ھاوکار بین بۆ سەقامگیرییەکی سیاسیی زیاتر لە ھەموو ناوچەکەدا لە سووریا و عێراق و ناوچەکانی دیکە و زیاتر قسەکانمان لەسەر ئەم بابەتە بوو و دووپاتمان کردەوە کە ڕۆڵی پۆزەتیڤی ھەرێمی کوردستان لەمبارەیەوە بەردەوام دەبێت بەمەبەستی جێگیربوونی سەقامگیری و ئارامی لە ھەموو ناوچەکەدا”.

سەبارەت بە باشترین بژاردە بۆ دەرچوونی پەرلەمانی عێراق لەو کەموکوڕییەی کە ھەیەتی سەبارەت بە پەسەندکردنی پرۆژەیاساکان، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی گوتی “ھەروەک پێشتر باسمان کرد، ئێستا ھەرێمی کوردستان کێشە نییە لە تێپەڕاندنی بودجەی عێراق، ھەرێمی کوردستان بە تەواوی پابەندی ئەو ڕێککەوتنە دەبێت کە ئێستا لەگەڵ حکوومەتی جەنابی سەرۆک وەزیران بەرێز مستەفا کازمی کراوە و ھیوادارین ئەم پرسە تێپەڕێت و کێشە لەسەر ھەرێمی کوردستان نییە،‌ بەڵکو کێشەی دیکە ھاتوونەتە ناو بابەتەکەوە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە گەلی عێراق بزانێت کە ھەرێم لە پرسی بودجەدا کێشە نییە و بە پێچەوانەوە ئاوەدانکردن و جێبجێکردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری لە ھەر شارێکی عێراق لە فاوەوە تا مووسڵ و شوێنەکانی دیکە و بەسرا و کەربەلا و نەجەف وەک ھەرێمی کوردستان پێی خۆشحاڵ دەبین، ھەر ئاوەدانییەک لە عێراق ئەنجام بدرێت، جێگەی خۆشحاڵیی ھەرێمی کوردستانە، ھەر شارێکی عێراق ئاوەدان بکرێتەوە و خزمەتگوزاری تیایدا پێشکەش بکرێن، وای دادەنێین کە شارێکی ھەرێمی کوردستانە، ھیوادارین پەرلەمان ئەم پرسە بە جددی وەرگرێت، چونکە گەلی عێراق شایستەی ژیانێکی خۆشترە لەوەی کە ئێستا تیایدایە و شایستەی ئەوەیە خزمەتگوزاریی باشتریان پێشکەش بکرێت و ھیوادرین ئەم پرسە لە پەرلەمان تێپەڕێنرێت”.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەنجامی کۆبوونەوەکانی بەڕێزیان لە فەرەنسا و دڵنیاییدان بە ھەرێمی کوردستان و چاوەڕوانیی فەرەنسا لە ھەرێمی کوردستان، بەڕێزیان گوتی: “فەرەنسا وەک وڵاتێکی گرنگی ئەورووپا و ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بێگومان ڕۆڵێکی گرنگی لە سەقامگیریی سیاسی لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ھەیە، ھەر لەم چوارچێوەیەدا ئێمە چاوەڕێی ئەوە لە فەرەنسا دەکەین بەتایبەتی ئەوەی من لە جەنابی سەرۆک ماکرۆن دوێنێ بیستم، زۆر بە گەرمی و زۆر بە جددی ھەوڵ دەدات بۆ ئەوەی ئەوەی کە پێویست بێت بۆ سەقامگیریی سیاسی و ئابووری و ئەمنی لە عێراقدا ئامادەیە یارمەتی بدات و ھاریکار بێت. بە دیدی من ئەم پرسە بۆ ھەرێمی کوردستانیش زۆر گرنگە، چونکە وەک باسم کرد کێشەی سەرەکیی ئێمە چەسپاندنی سیستمی فیدرالییە لە عێراقدا، ئەمە کێشەیەکی گەورەی عێراقە و ھەر لە ساڵی ٢٠٠٣ و تا ئێستا پەم پرسە وەک خۆی ماوەتەوە و ھیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەھاتووە، بۆیە بەمەبەستی ئایندەیەکی گەشتر بۆ ھەموو عێراق و لە چوارچێوەی عێراقیشدا بۆ ھەرێمی کوردستان و بۆ سەقامگیریی سیاسی و دڵنیابوون لە ئایندەی کوردستان و سەقامگیریی ھەموو ئەو پێکھاتانەی لە عێراقدا دەژین بە کورد و تورکمان و مەسیحی و ھەموو پێکھاتەکانی دیکە، کاتی ئەوە ھاتووە بە شێوەیەکی جددی دانوستان لەسەر مێزی گفتوگۆ بکەین و بتوانین لە یەکتری تێبگەین و یەکەم شت دەستنیشانی بکەین ھەڵەکانمان لە کوێ بووە و چۆن دەتوانین چاکی بکەینەوە و چۆن دەتوانین ئەوەی پێویستە بۆ سەقامگیریی ھەموو عێراق ئەنجامی بدەین. کێشەی عێراق بە ھیچ شێوەیەک لەسەر ئەو بنەمایە چارەسەر ناکرێت کە کێ ئەمڕۆ بەھێزە و کێ بێ ھێزە! کێشەی عێراق بەوە چارەسەر دەکرێت بە شێوەیەکی جددی و بە نەرمی لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشین تا دڵنیا بین لەوەی ئایندەیەکی گەش بۆ ھەموو گەلی عێراق بە ھەرێمی کوردستان و ھەموو پێکھاتەکانی دیکەی عێراقەوە دابین بکەین، ئەمە بۆ ئێمە زۆر گرنگە و لەو چوارچێوەیەشدا فەرەنسا دەتوانێت بۆ ئەم پرسە یارمەتیدەرێکی جددی و بەھێزی ئێمە بێت”.

دەربارەی ئەوەی کە لە دۆخی بڵاوبوونەوەی مەترسیداری ڤایرۆسی کۆرۆنادا بەڕێزیان سەردانەکەی بۆ فەرەنسا ئەنجام دا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی گوتی “لەمبارەیەشەوە ھەر سوپاسی فەرەنسا دەکەین و پێموایە ئەمە نیشانەی گرنگیدانی سەرۆک ماکرۆن و فەرەنسایە بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان کە لەم کاتەدا دەبینین کۆرۆنا لە ھەموو شوێنێک بڵاوبووەتەوە و کێشەیەکی گەورە و جددیە بۆ ھەموو جیھان، ئەمە گرنگیدانی سەرۆک ماکرۆنە بۆ سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی لە عێراقدا”.





ئەم هەواڵە 361جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad