English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی سلێمانی چەند بڕیارێکی دەرکرد
2021-03-31 [01:38 AM]

ZNA-ھەولێر



ئەمڕۆ، لە دیوانی پارێزگای سلێمانیدا، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، بە سەرپەرشتیی د.ھەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و بەئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و قائمقامەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی، کۆبۆوە.

لە کۆبوونەوەکەدا دوا ھەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئێستای تەشەنەکردنی پەتای کۆرۆنا کراو لەسەر بنەمای ھەڵسەنگاندن و ئاماژە تەندروستیەکان و بڕیارەکانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستاندا لە ڕۆژی (٣٠/ ٣/ ٢٠٢١) لە شاری ھەولێر، بڕیاردرا بە:

١- جێبەجێکردنی بەیانی ژمارە (١٢)ی ساڵی (٢٠٢١)ی وەزارەتی ناوخۆو لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان.

٢- بۆ ھەر بڕگەیەکی بەیانی ژمارە (١٢)ی ساڵی (٢٠٢١) لایەنە پەیوەندیدارەکانی جێبەجێکردنی ئەو بڕگەیە دیاریکران و ئەرکی جێبەجێکردن و بەدواداچوون و چاودێریکردن و لێپرسینەوەیان لەئەستۆدا دەبێت.

٣- لە ڕۆژی (١/ ٤/ ٢٠٢١)ەوە تیمە ھاوبەشەکانی ھێزەکانی ناوخۆو ئاسایش و لیوای یەکی پاراستنی سلێمانی و پێشمەرگە بەشێوەی جێگیرو جوڵاو ھەماھەنگیی تیمەکانی تەندروستیی و پۆلیسی ھاتووچۆ، لەژێر چاودێریی لیژنەی ئارامیی سلێمانی و یەکە کارگێڕییەکانی تردا، بۆماوەی (٣) ڕۆژ ڕێنمایی بەستنی ماسک بەشێوەی ئیلزامیی پێشکەش بە ھاووڵاتیان دەکەن، لەدوای ئەوماوەیەوە ھەر ھاووڵاتییەک پابەندی بەستنی ماسک نەبێت بەپێی خاڵی (٨) لە بەیانی ژمارە (١٠)ی ساڵی (٢٠٢١) مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

٤- بەڕێوەبەرو بەرپرسی ھەر دامەزراوەو فەرمانگەیەکی حکومیی و ناحکومیی بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنی بڕیارو ڕێکارە تەندروستیی و خۆپارێزییەکان لەناو فەرمانگەکەی خۆیدا، ھەروەھا بەرپرسیارە لە جێبەجێکردن و بەدواداچوون و چاودێریی و لێپرسینەوەی ھەرکەس و بوارو شوێن و پیشەیەک کە مۆڵەتی فەرمیی لەو فەرمانگەیە وەرگرتبێت.

٥- سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان سەرپەرشتیی و چاودێریی و بەدواداچوون و لێپرسینەوەی ڕاستەوخۆ لە جێبەجێکردنی بڕیارو ڕێکارە تەندروستیەکان دەکەن لە سنوری یەکە کارگێڕییەکانی خۆیانداو دەسەڵاتی تەواوی لێپرسینەوەیان دەبێت و لیژنە ھاوبەشەکان لە قائمقامیەتەکاندا ھاوکارو ھەماھەنگی سێکتەرو فەرمانگەکانی تر دەبن لە ھەردوو کەرتی گشتیی و تایبەتدا.

٦- بنکە تەندروستیەکان لە گەڕەکەکاندا ڕێنمایی تەندروستیی بەردەوام بەپێی ڕێنماییە خۆپارێزییەکان بڵاودەکەنەوەو ھەماھەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی تر دەبن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارو ڕێکارەکان.

٧- بنکەکانی ئاسایش و پۆلیس لە گەڕەکەکاندا بەپێی سنوری کارگێڕی بنکەکانیان ھەماھەنگیی فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی تر دەکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان.

٨- بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، ڕۆژانە، بەردەوام دەبێت لە پشکنینی بەردەوام بۆ ھاووڵاتیان و فەرمانگە حکومیی و ناحکومییەکان.

٩- بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، ئەرکی دابەشکردن و بەکارھێنانی پێکوتەی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنای لەئەستۆدایەو داوا لە کارمەندان و ھاووڵاتیان دەکەین ناوی خۆیان تۆمار بکەن بۆ وەرگرتنی پێکوتە بەشێوەیەکی گونجاو بەپێی ئەو ڕێکارو شوێنانەی دیاریکراون.

١٠- پێویستە ھەموو کەناڵ و دامەزراوە مێدیاییەکان ھاوکارو ھەماھەنگ بن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارو ڕێکارە تەندروستیی و خۆپارێزییەکان، کە لە بەرژەوەندیی پاراستنی ئاسایشی تەندروستیی و تەندروستیی گشتیدان.

١١- لەڕێی فەرمانگەی داواکاریی گشتییەوە داوا لەسەر ھەرکەس و لایەن و شوێن و دامەزراوەیەک تۆماردەکرێت، کە زیان بە پاراستنی ئاسایشی تەندروستیی و تەندروستیی گشتیی و جێبەجێکردنی ڕێکارە تەندروستییەکان بگەیەنێت.

١٢- پێویستە ھەموو لایەنە سیاسیی و ڕێکخراوە مەدەنیی و ڕۆشنبیرییەکان کۆڕو چالاکیی و کۆبوونەوە جەماوەرییەکانیان ڕابگرن و ھەماھەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکان بن بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا.

١٣- پێویستە ھەموو ناوەندە ئایینی و زانکۆیی و ڕێکخراوەییەکان و دەستەبژێرو کەسایەتییەکان ھەماھەنگ بن بۆ بڵاوکردنەوەی ھۆشیاریی خۆپارێزیی و پابەندبوون بە ڕێکارە خۆپارێزییەکانەوە.

د. ھەڤاڵ ئەبوبەکر

پارێزگاری سلێمانی

سەرۆکی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا

٣١/ ٣/ ٢٠٢١





ئەم هەواڵە 568جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad