English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە
2021-03-31 [09:34 AM]

ZNA_ هەولێر



ئەمڕۆ بە زۆرینەی دەنگی فراکسیۆنەکانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2021 پەسەند کرد . هیوادارم ئەم یاسایە ببێتە دەستپێکی تێپەڕاندنی دۆخی سەختی دارایی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان . 
سوپاسی تیمی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ  ئەرک و کۆششی بەردەوامیان کە بە درێژایی چەندین مانگ، لە هەوڵ و کارکردنیان بەردەوام بوون.  هەروەها سوپاسی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ناو ئەنجومەنی نوێنەران دەکەم بۆ هەوڵ و کۆششەکانیان. 

ئەم یاسایە لەیەکگەیشتنێکی باش و پێویست بوو لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان  . هەرچەندە هەرێم ئەوەی کە دەیویست و داوای دەکرد، بە دەستی نەهێنا ، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی، ئەم یاسای بودجەیە، لەگەڵ بنەما بنەڕەتییەکانی دەستووردا یەکدەگرێتەوە کە ئێمە لە سەری پێداگیربووین . ئێمە خۆشحاڵین بەو پێشکەوتنەی بەدەست هاتووە کە ماف و ئەرکی هەر لایەک دیاریکراوە .

هیوادارم هەموو ماددەکانی یاسای بودجە جێبەجێ بکرێن و حکومەتی فیدراڵ، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت. جێبەجێکردنی تەواوی یاسای بودجە ، دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی  کێشە و ناکۆکیەکان لە بارەی شایستە داراییەکانەوە لە 2004 ەوە تا ئێستا، هەروەها دەبێتە هۆی پەرەپێدانی میکانیزمی نوێی وردبینی لە نێوان دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمدا . ئەم هەنگاوانەش، متمانە و هەماهەنگيی زیاتر، لە نێوان هەردوولا دروست دەکات . 
لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بەڕێز مستەفا کازمی قسەم کرد و سوپاسم کرد بۆ پشتیوانییەکەی لە یاسای بودجە و داواشم لێکرد کە پابەند بێت بەوەی لە سەری ڕێککەوتووین و شایستە داراییەکانی هەرێم بنێرێت ، جەختم لەوە کردەوە کە بەرژەوەندی عێراق و خەڵکی عێراق لەوەدایە کە پەیوەندییەکی باشی لە گەڵ هەرێمی کوردستان هەبێت.
لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم کاک قوبادیش قسەم کرد بۆ ئەوەی سوپاسی ئەو و تیمی حکومەتی هەرێم بکەم بۆ ئەنجامدانی ئەرکە گرنگەکەیان .
تێپەڕاندنی یاسای بودجە، ئومێدێکی بۆ باشتربوونی پەیوەنديی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵی گەڕاندەوە، هەرچەندە هێشتا لیستێکی درێژی کێشە و ناکۆکییە هەڵپەسێردراو و چارەسەرنەکراوەکان ماوە.
هیوادارم پەسەندکردنی یاسای بودجە، یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی دڵنیایی زیاتر بە ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان ببەخشێت . 


مەسرور بارزانی 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2021/3/31





ئەم هەواڵە 484جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad