English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
لە سەر ئاشکراکردنی قاچاخچێتی لە خاڵی سنووری باشماخ دوو پەرلەمانتاری گۆڕان بانگھێشتی دادگا دەکرێن 
2021-04-04 [02:24 AM]

ZNA - ھەولێر


دوو پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنن، لە سەر ئاشکراکردنی قاچاخچێتی لە خاڵی سنووری باشماخ، ئاگادارکردنەوەیان لە دادگا بۆ ھاتووە و ئەوانیش لە بەردەم دادگا ئامادە دەبن و بە بەڵگەوە قاچاخچێتییەکان دەسەلمێنن.

ھەر یەکە لە عەلی حەمەساڵح و دابان محەمەد، ئەندامانی پەرلەمان لە فراکسیۆنی گۆڕان، لە ماوەی رابردوودا چەندین بەڵگەیان لەسەر کەیسی قاچاخچێتی لە خاڵی سنووری باشماخ بڵاوکردەوە، بەو ھۆیەوە سکاڵایان لەسەر تۆمارکرا و پارێزبەندیی پەرلەمانیان لەسەر ھەڵگیرا.

ھەردوو پەرلەمانتارەکە، لە فەیسبووک بڵاویانکردووەتەوە: "بەفەرمی ئاگادارکردنەوەی دادگامان پێگەیشت، بۆ دادگاییکردنمان بەپێی ماددەی ٤٣٣لە یاسای سزادانی عێراقی. واژۆمان کرد و بەویستی خۆمان دەچینە بەردەم دادگا، ئەوەی گوتومانە لەسەر قاچاخچێتی بە بەڵگەوە دەیسەلمێنین".

دووپاتیش لەوە دەکەنەوە، باشماخ لە رابردوو و ئێستاشدا ناوەندێکی گەورەی قاچاخچێتیە.

ئەو پەرلەمانتارانە، قەبارەی قاچاخچێتی لە سنوورەکە و دانانی نووسینگەی تایبەت بەو کارە ئاشکرا دەکەن و دەڵێن: "لە بازاڕی جگەرە ئۆفیستان داناوە و ٩٦٪‏ جگەرەی کوردستان بە قاچاخ دێت".

وەک ئەو پەرلەمانتارانە ئاشکرایان کردووە، لە گەڕەکی عەقاری شاری سلێمانی ئۆفیسی قاچاخچێتی دانراوە و ھەزاران ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێل لەو رێگەیەوە داخلکراون، بۆ ھەر ئۆتۆمبێلێکیش ٦ ھەزار و ٥٠٠ دۆلارتان وەرگرتوە.

ھەروەھا نرخی قاچاخچێتی ھێلکەش ئاشکرا دەکەن و دەڵێن: "بارھەڵگرێک ھێلکە بە ١٢ ھەزار دۆلارو ھێلکەی تروکاندن بۆ جوچکە ١٦ ھەزار دۆلار".

عەلی حەمەساڵح و دابان محەمەد دەشڵێن: "بارێک دوگ بە ٢٥ ھەزار دۆلار، بارھەڵگرێک مس و فافۆن بە ٧ ملیۆن دەبەن، مریشکی بەستو و خورما و ماسی... ھتد".

لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیاندا، کە لە پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویانکردووەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن، دادگا و داواکاری گشتی و دەسەڵات،  "تەماشاکەرن و زەلیلانە لەو قاچاخچیانە دەڕوانن، لەبری ئەوانەی سەدان ملیۆن دۆلاریان بە قاچاخی برد و  ئەوانەی رێگا خۆشکەر و  بکەری قاچاخچێتین، ئێمە دەدەنە دادگا! لە کاتێکدا ھەر ئەوانن بە ھەزاران دۆنم زەویان لەم شارە داگیرکرد و سلێمانیان کرد بە شاری جەمەلۆن و مەغزەن".

جەخت لەوەش دەکەنەوە، کە ھەموو شتێک لە بەردەم دادگا دەسەلمێنن و بە وردەکاریی و ناوھێنانەوە و ھیواش دەخوازێت دادگا سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت.

دەشڵێن: "یان دادگا سەربەخۆیانە بڕیار دەدات و قسەکانمان دەسەلمێنێت یان بە ساڵێک بۆ پێنج ساڵ حوکمی ئێمە دەدا، چونکە ھیچ سزای پێبژاردنێک نادەینە قاچاخچییەکان".

سەرچاوە | کوردستان ٢٤





ئەم هەواڵە 487جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad