English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
نێچیرڤان بارزانی بۆ کۆچی دوایی رەمزی شەعبان : بۆمن لەدەستچوونی برایەکی گەورە و مامۆستایەکی بە ئەزموون بوو
2021-04-04 [03:53 AM]

ZNA - ھەولێر



نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پرسەنامەیەکی ئاراستەی کەسوکاری رەمزی شەعبان کردووە و دەڵێت "ھەواڵی کۆچی دوایی پێشمەرگە و تێکۆشەر و سیاسەتکاری ماندوونەناس و ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، خوالێخۆشبوو رەمزی شەعبان خەمبار و دڵتەنگی کردین. 

دەقی پرسەنامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان 
 
ھەواڵی کۆچی دواییی پێشمەرگە و تێکۆشەر و سیاسەتکاری ماندوونەناس و ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان خوالێخۆشبوو رەمزی شەعبان خەمبار و دڵتەنگی کردین. سەرەخۆشی لە خانەوادەی بەڕێزیان و لە جەنابی سەرۆک و لە خۆمان و مەکتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و سەرجەم کادیر و ھەڤاڵان و جەماوەری پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەم، ھاوبەشی خەمی ھەمووانم.
 
کاکە رەمزی شەعبان لەو پێشمەرگە و تێکۆشەرە سەرڕاست و نیشتمانپەروەرانە بوو کە بێ دابڕان و ماندووبوون، ھەموو تەمەنی خۆی بۆ دۆزی رەوای گەلەکەی و ئامانجەکانی تەرخان کرد. بەوپەڕی ئەمانەت و دڵسۆزییەوە ئەرکەکانی بەجێ دەگەیاند و ھەرگیز کەمتەرخەمی و دوودڵی و ساردبوونەوەی لێ نەبینرا.
 
نەوەی ئەو تێکۆشەرە پێشەنگانەی پارتی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان بوو کە لە رۆژگار و قۆناغە سەختەکانی شۆڕش و بەرەنگاریدا، بێ ترس و سڵەمینەوە بەگژ دژواری و ئاستەنگەکاندا چوونەوە و بە ھەڵوێست و ورەی بەرز و خۆڕاگرییان، رێگای خەباتیان بۆ نەوەکانی داھاتوو رۆشن کردەوە. لەدەستدانی، زیانێکی گەورەیە بۆ پارتی و بۆ ھەموو تێکۆشەران، بۆ خۆشم لەدەستچوونی برایەکی گەورە و مامۆستایەکی بە ئەزموون بوو.
 
یاد و ناو و رۆڵ و خەباتی خوالێخۆشبوو رەمزی شەعبان بۆ ھەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە. خوای مەزن گیانی شاد بکات و سەبووری و ئارامی بە کەسوکار و بنەماڵە و ھەڤاڵانی و بە ھەموومان ببەخشێت.
 
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
٢٠٢١/٤/٤





ئەم هەواڵە 541جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad