English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێم: بۆڕییەکان ئاوی ئیفراز بە ئاسانی دەشکێن و ھەوڵدەدەین بە تەواوەتی بیانگۆڕین
2021-04-04 [04:14 AM]

ZNA-هەولێر


ماوە ماوە ، بۆڕیی ئاوی ئیفراز لە ھەولێر دەشکێت، بەم ھۆیەشەوە چەند گەرەکێکی شاری ھەولێر تووشی بێ ئاوی دەبن، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەوڵدەدات بە شێوەیەکی یەکجارەکی کێشەی ئەو بۆڕییانە چارەسەر بکات کە بە ئاسانی دەشکێن.

بۆڕیی ئاوی ئیفرازی سێی ھەولێر، لە ساڵی ٢٠٠٧دا و لە سەردەمی کابینەی پێنجەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان  لە لایەن ئەمریکییەکانەوە دروست کراوە، دواتر رادەستی حکوومەت کراوە.

لەمبارەیەوە ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان، بە ئاژانسی ھەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: ھۆکاری شکانی بۆڕیی ئاوی ئیفراز لە ھەفتەی پێشوو زەبرێکی دەرەکی بوو، ‌ ڕۆژی ھەینی بۆڕییەکە چاک کرایەوە، کەچی دووبارە بە ھۆکارێکی تەکنیکی شکایەوە، ئێستا تیمەکان خەریکن بۆ ئەوەی چاکی بکەنەوە.

بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان گووتی: پڕۆژەکە دیاریی ئەمریکییەکان بوو بۆ شاری ھەولێر، ساڵی ٢٠٠٥ دەست بە دروستکردنی کراوە و لە ٢٠٠٧دا کۆتایی ھاتووە (سەردەمی کابینەی پێنجەمی حکوومەت)، سەرجەم کارەکانی (دیزایین، پارەدارکردن، جێبەجێکردن و بوارەکانی دیکەی پڕۆژەکە) لە لایەن ئەمریکییەکان بووە و دواتر رادەستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کراوە. 

 ھەروەھا ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان ئەوەشی بۆ ئاژانسی ھەواڵی زاگرۆس خستەروو، کە کێشە لەو بۆڕییانەیە کە لە پڕۆژەکەدا بەکار ھێندراوە و ھەست بەوە دەکرێت کە لە کاتی بەرکەوتنی ھەر زەبرێک بە ئاسانی دەشکێت، کاتێک ھاووڵاتیان ئیش لە دەوروبەری ئەو زەوییانە دەکەن کە بۆڕییەکەی لێیە، بە تایبەتیش بە حەفارە، ئەوا بۆڕییەکە دەشکێت، ھەروەھا تا ئێستا بۆڕییەکە ١٦ جار شکاوە و چوار جاریان بە ھۆکاری تەکنیکی بووە.


رێباز یونس





ئەم هەواڵە 775جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad