English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
په‌يامى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌ يادى سى ساڵه‌ى بڕيارى نێوده‌وڵه‌تيى (688)دا
2021-04-05 [10:39 AM]

ZNA- ھەولێر


ئه‌مڕۆ يادى سى ساڵه‌ى ڕۆژێكى پرشنگدار له‌ مێژووى هاوچه‌خى گه‌لى كوردستاندا ده‌كه‌ينه‌وه‌. به‌رله‌ سى ساڵ وه‌ك ئه‌مڕۆ 5/4/1991، ئه‌نجومه‌نى ئاسايشى نێوده‌وڵه‌تى بڕيارى (688)ى ده‌ركرد. به‌و پێيه‌ پرۆسه‌ى دابينكردنى ئارامى ده‌ستى پێكرد و نه‌واى ئارام و ناوچه‌ى نه‌فڕين دروست بوو كه‌ دواتر بووه‌ هۆى پاراستنى به‌شێكى زۆرى هه‌رێمى كوردستان. ئيدى هێزه‌كانى ڕژێمى ئه‌وساى عێراق نه‌يانتوانى نه‌ له‌سه‌ر زه‌وى و نه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر گه‌ل و خاكى كوردستان.
ئه‌و بڕياره‌ مرۆيييه‌ بۆ گه‌لى كوردستان وه‌رچه‌رخانێكى مێژوويى بوو تا ڕێگه‌ له‌ كۆڕه‌وى مليۆنيى خه‌ڵكى كوردستان به‌ره‌و سنووره‌كانى ئێران و توركيا بگرێت كه‌ به‌و كۆڕه‌وه‌ ڕه‌تيكرده‌وه‌ جارێكى ديكه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ژێر ڕكێفى سته‌م و ديكتاتۆرى. پاشان بڕياره‌كه‌ ڕه‌هه‌ندێكى ئه‌منى بۆ پاراستنى ئاسايش و ئارامى وه‌رگرت، تا دوايين جار ڕه‌هه‌ندێكى تازه‌ى سياسى و هه‌ڵبژاردنه‌كانى 1992 و دامه‌زراندنى په‌رله‌مان و حكوومه‌ت و ئه‌زموونى ديفاكتۆى هه‌رێمى كوردستانى لێكه‌وته‌وه‌.
چه‌مكى ده‌ستێوه‌ردانى مرۆيى كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕياره‌دا هاته‌ ئاراوه‌، وێڕاى پێشكه‌شكردنى يارمه‌تيى گه‌وره‌ى مرۆيى، ده‌رگاى ژيان و ئه‌زموونێكى تازه‌ى ديموكراسى به‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستاندا كرده‌وه. ده‌رفه‌تى ڕه‌خساند تا ئاوه‌دانى و چيرۆكى سه‌ركه‌وتنى هاوبه‌ش و ئه‌زموونێكى نوێ له‌ ناوچه‌كه‌دا‌ پێشكه‌ش بكات و وه‌ك ‌هاوبه‌شێكى ديار له‌گه‌ڵ جيهانى پێشكه‌وتوو په‌ره‌ به‌ به‌ها شارستانييه‌كانى سه‌رده‌م بدات و ببێته‌ پارێزه‌رێكى ديموكراسى و مافه‌كانى مرۆڤ، كولتوورى يه‌كترقبووڵكردن و پێكه‌وه‌ژيان و لێبورده‌يى قووڵتر بكاته‌وه‌‌.
بێگومان هه‌رێمى كوردستان له‌ ئه‌زموونى سى ساڵى ڕابردوويدا ده‌يتوانى نموونه‌يه‌كى باشتر پێشكه‌ش بكات. وێڕاى هه‌موو ده‌سكه‌وته‌كان، هه‌ڵه‌ و كه‌موكوڕى هه‌بووه‌ و هه‌يه، به‌ڵام كه‌ميش نين ئه‌و كێشه و ته‌نگوچه‌ڵه‌مانه‌ى بۆى دروست كران و ڕێگه‌ى به‌ره‌وپێشچوونى زياتريان لێگرت. ئێستاش ته‌نيا بژارده‌مان ئه‌وه‌يه‌ به‌ ته‌بايى و پێكه‌وه‌يى، به‌ سوودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونى ڕابردوو، به‌ گفتوگۆ و لێكگه‌يشتن و ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدرأڵى عێراق و به‌ پشتيوانى و هاوبه‌شى و هاريكاريى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى، هه‌نگاو به‌ره‌و ئاينده‌يه‌كى باشتر بنێين.
له‌م ياده‌دا سڵاو و ڕێز و پێزانينمان بۆ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى دووپات ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ سى ساڵ به‌رله‌ ئه‌مڕۆ بڕيارێكى ڕاست و دروستيان دا، گه‌لى كوردستانيش سه‌لماندى ئه‌گه‌ر ئازادى و ده‌رفه‌تى هه‌بێت، ده‌توانێت نموونه‌يه‌كى باش و جياواز پێشكه‌ش بكات. داواكارين پشتيوان و هاوكارمان بن تا هه‌نگاوى گه‌وره‌تر به‌ره‌و ئاينده‌يه‌كى باشترى هاوبه‌ش و ئارامى و سه‌قامگيرى و پێشكه‌وتن له‌گه‌ڵ عێراق و ناوچه‌كه‌ و جيهاندا بنێين، تا پێكه‌وه‌ به‌ هاوبه‌شى و هاريكارى، به‌ها باڵاكانى مرۆڤايه‌تى و جيهانى پێشكه‌وتوو بپارێزين و پێكه‌وه‌ به‌ره‌نگارى توندوتيژى و توندڕه‌وى و تيرۆر ببينه‌وه‌.
زۆر سوپاسى ئێران و توركيا ده‌كه‌ين كه‌ پێشوازييان له‌ سه‌تان هه‌زار په‌نابه‌رى كوردستان كرد. زۆر سوپاس بۆ هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ى به‌ هه‌ر شێوه‌يه‌ك بێت به‌شدارييان له‌ ده‌ركردنى بڕيارى (688)ى نێوده‌وڵه‌تى و پرۆسه‌ى دابينكردنى ئارامى و دامه‌زراندنى ناوچه‌ى نه‌فڕين و نه‌واى ئارام و دابينكردنى يارمه‌تيى مرۆييدا كرد و ئيراده‌ى سياسييان بۆ پاراستنى گه‌لى كوردستان نيشان دا. سوپاس بۆ نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان و ڕێكخراوه‌ ناحكوومييه‌كان. سوپاس بۆ ڕاى گشتيى جيهان كه‌ حكوومه‌ته‌كانيان هان دا تا گه‌لى كوردستان بپارێزن. هه‌رگيز ئه‌و پشتگيرى و يارمه‌تييه‌ى ئێوه‌ له‌بير ناكه‌ين و چاومان له‌ به‌رده‌واميى هاوبه‌شى و پشتگيرى و هاوكاريتانه‌.
سوپاس بۆ ڕۆژنامه‌نووسان و وێنه‌گرانى جوامێر و ئازا و بۆ كه‌ناڵه‌كانى ڕاگه‌ياندن كه‌ ڕۆڵيكى گه‌وره‌يان له‌ گه‌ياندنى ده‌نگى خه‌ڵكى كوردستاندا گێڕا و وێنه‌ و ديمه‌نى مه‌ينه‌تى و ئازاره‌كانى پير و منداڵان و نه‌خۆش و په‌ككه‌وته‌ و ژنان و پياوانى بێده‌ره‌تانى ئاواره‌ى له‌ ناوچه‌ سنوورييه‌ سه‌خت و شاخاوييه‌كانه‌وه‌، بۆ هه‌موو جيهان گواسته‌وه‌ و پشتگيرييه‌كى گه‌وره‌ى مرۆيييان بۆ خه‌ڵكى كوردستان ده‌سته‌به‌ر كرد. سوپاس بۆ پشتيوانيى ڕه‌وه‌ندى كوردستانى و هونه‌رمه‌ندان و ده‌زگا و ڕێكخراوه‌ كوردستانييه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات. سڵاو، ڕێز و پێزانين بۆ هه‌مووان.
نێچيرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
2021/4/5





ئەم هەواڵە 406جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad