English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان:‌ لە پێش چاوی رای گشتی عێراقی و کوردستانی و جیھانی دەڵێین حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەیە ھەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ بکات
2021-04-07 [12:05 PM]

ZNA- ھەولێر



مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە کۆنگریەکی رۆژنامەوانی، ئەمڕۆ چوارشەممە (٧ی نیسان/ ئەپرێلی ٢٠٢١) رایگەیاند، پەسندکردنی بودجەی (٢٠٢١) ھەنگاوێکی گرنگە بۆ ھەرێمی کوردستان.

مەسرور بارزانی گوتی: "ئێمە پابەندبوونی خۆمان بە حکومەتی فیدراڵی رادەگەیەنین و چاوەڕێش دەکەین حکومەتی فیدراڵی پابەندی خۆیان بە پشکی ھەرێمی کوردستان رابگەیەنن".
گوتیشی: "داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین، ئەو سێ مانگەی کە رۆیشتووە مەقاسە بکرێت، بزانرێت کێ چەندی دەکەوێتە سەر، ئێمە لە پێش چاوی رای گشتی عێراقی و کوردستانی و جیھانی دەڵێین حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەیە ھەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ بکات، دەمانەوێت خەڵک خۆی حەکەم بێت بزانێت حکومەتی ھەرێم جێبەجێی کردووە، ھیوادارین حکومەتی عێراقیش بەو جۆرە کار بکات کە بە ھەمان ئاراستە و نەفەس بێت".
مەسرور بارزانی ئاشکرای کرد، "حکومەتی فیدراڵی مولزەمە بە جێبەجێکردنی ناردنی شایستە داراییەکان، لە سەرەتاوەش "سەرۆک بارزانی" لەسەر ھێڵ بووە لەگەڵ بەرپرسان، ئەوەش ھۆکاربووە بۆ رێککەوتنەکە، ئەوەش دەستکەوتێکە بۆ ھەموو خەڵکی کوردستان و عێراقیش".
خۆگونجاندن:
مەسرور بارزانی روونیکردەوە، "سوپاسی ھەموو ئەو لایەنە سیاسی و پەرلەمانتارانە دەکەم، کە باسی مووچە دەکەن بەبێ لێبڕین، دڵنیابن حکومەت زیاتر لەوان دڵسۆزە بۆ ئەوەی لێبڕێن نەمێنێت، نامانەوێت کەس بڵێت داھات نییە و مووچە کەمە، ئێمە حەز دەکەین ئەمە روونبکەینەوە، ئێمە سێ داھاتی سەرەکیمان ھەیە، داھاتی بەغدا و نەوتی و نانەوتی، بەڵام قەرز و ئیلتیزاماتی دیکەی لەسەرە. قەرزی بانک و ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت بۆ کۆمپانیای سۆمۆ و نیوەی داھاتی نانەوتی بۆ حکومەتی فیدراڵی دەبێت، پێویستە بەراورد بکرێت لێرە داھات چەندە و چەند دەدرێتە حکومەتی فیدراڵی و ئەوانیش چەند دەنێرن".
روونیشیکردەوە، "داوامان وایە لە حکومەتی فیدراڵی ئەو خاڵە بەھەند وەربگرن و شایستە داراییەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان وەکو خۆی و لەکاتی خۆیدا بنێرن".
رێکارەکانی تایبەت بە کۆرۆنا
سەرۆکی حکومەتی ھەرێم ئاشکرای کرد، "لیژنەیەکی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا ھەیە و ئەوان بڕیار دەدەن و بڕیارەکە بۆ ئەوان جێدەھێڵرێت، کە چ رێکارێک دەگرنە بەر، بەڵام لە ھەمووی گرنگتر خۆپارێزی خودی خەڵکەکەیە، جارێ شوێنە گشتییەکان داخراون، بەڵام پێویستە خەڵکی خۆیان بپارێزن و ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان لەسەر شانە".
ئاشکراشی کرد، "ھەر ھاووڵاتییەک ھەوڵی خۆپاراستن بدا، حکومەت گرفت بۆ ھیچ شتێک دروست ناکات تا پێویست بکات شوێن دابخات، داوای من لە ھاووڵاتیان و خوشک و برایانی خۆشەویست ئەوەیە، خۆیان خۆیان بپارێزن، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە رووبەڕووی ئەو پەتایە ببینەوە".
گفتوگۆی ستراتیژی بەغدا - واشنتن
مەسرور بارزانی گوتی: "ھێشتا مەترسی تیرۆر لەسەر عێراق بەردەوامە، مانەوەی ھاوپەیمانان بە گرنگ دەزانین، وەکو ھەرێمی کوردستان بۆچوونی خۆمان دەخەینەڕوو، بەڵام وەکو بەشێک لە لایەنە عێراقییەکان بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن".
کابینەی نۆیەم و چاکسازی
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، "حکومەتی ھەرێم کاری کردووە لەسەر چاکسازی و داھاتی زیادیکردووە، بەڵام دوو ھۆکار کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی داھات ھەبووە، ئەوانیش پەتای کۆرۆنا و داتەپینی ئابووری جیھان و ناوچەکە بووە، لە ھەندێک خاڵە سنوورییەکان بە شێوەیەکی رێک و پێک کارەکان رێکخراون، ئەوانەی دیکەش کە ماون ھەموو گوشارێک دەکەین بۆ ئەوەی رێکبخرێنەوە و بە گوێرەی رێنماییەکانی حکومەتی ھەرێم کار بکەن".
ئاماژەی بەوەش کرد، "پێشتر مەترسی لەسەر کڕیارانی نەوتی ھەرێم ھەبوو لەلایەن بەغداوە، بەڵام لەمەودوا قسە لەسەر ئەوە دەکەین و ئەو مەترسیانە نامێنن و دەتوانین گفتوگۆی لەسەر بکەین".
سەرۆکی حکومەت جەختی کردووە، "ئێمە پابەندین بە چاکسازی و بەردەوامیشین، ئینجا ھەر یەکە ‌و بە جۆرێک پێناسەی دەکات، خۆم و حکومەتەکەم پابەندین بەو بەڵێنانەی بە ھاووڵاتیانمان داوە و دەستکەوتەکانیش بە داتا و ئامار دەخەینەڕوو".
مەسرور بازانی دووپاتی کردەوە، (‌١٠) مانگە حکومەتی فیدراڵی ھیچ شایستە داراییەکی بۆ ھەرێمی کوردستان نەناردووە، بەو چاکسازییانەی کابینەی نۆیەم لە داھاتەکان کردوویەتی، توانیومانە مووچەی پێدابین بکەین و ئیدارەی خۆمان بکەین و پڕۆژەش ئەنجام بدەین، دەرگامان بە رووی کەرتی تایبەت کردەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ کەرتی گشتیدا پڕۆژە بەگەڕ بخەین".
گوتیشی: "ئەگەر حکومەتی فیدراڵی پابەندیش نەبێت، ئێمە پابەندی خۆمان دووپات دەکەینەوە و بە حکومەتی فیدراڵی و ھەموو بە خەڵکی عێراق رادەگەیەنین و چاوەڕوانیشین ئەوان بە ھەمان شێوە پابەند بن، ئەگەر خوانەکردە ئەوانیش پابەند نەبن، ئەوا بە ھەمان شێوەی پێشوو ئێمە بەردەوام دەبین".
ناوچە کوردستانییەکان
مەسرور بارزانی گوتی: "لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی قسەمان کردووە، ماددەیەکی دەستووریمان ھەیە، کە ماددەی (١٤٠)ـە، بەداخەوە تاکو ئێستا حکومەتی فیدراڵی نەھاتووەتە پێش بۆ جێبەجێکردنی ئەو ماددەیە، ئێمەش ئامادەین بۆ ئەو کارە، ھەندێک چارەسەری خێراش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشەکانی تیرۆریستیش ھەن، بۆنموونە ھەماھەنگی لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان، بەڵام لایەنی بەرامبەر نەھاتووەتە پێش".
رێککەوتنی شنگال
سەرۆکی حکومەت روونیکردەوە، "تا ئێستا رێککەوتنی شنگالیش جێبەجێ نەکراوە، کە لەگەڵ بەغدا رێککەوتووین لەسەری و بەربەستی زۆر ھەن لەسەر جێبەجێ کردنی، ئەو خاڵانەش کە ھەولێر و بەغدا لەسەری رێککەوتوون، لایەن ھەیە رێگری لە جێبەجێکردنی دەکات".
روونیشکردەوە، "ھەر جۆرە نزیکبوونەوەیەک لەنێوان ھەولێر و بەغدا، دەستکەوتە بۆ ھەموو خەڵکی عێراق، نەک حکومەتێک و کابینەیەک و کەسێک، ئەوە دەستکەوتە بۆ ھەموو لایەکە، کێشەکان کێشەی تەکنیکی نەبوون، بەڵکو سیاسی بوون، کێشەکە ئەوە بوو بەشێک لە مافە دەستوورییەکان پێشێل بکرێن".

 





ئەم هەواڵە 436جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad