English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
مه‌سرور بارزانی: هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی کۆمەڵگایەکی خۆشگوزەران بۆ کوردستانیان بنیات بنێین
2021-04-08 [03:10 AM]

ZNA-هەولێر


  ده‌قی گوتاری مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ ئیڤێنتی 30 ساڵه‌ی یادی ده‌رچوونی بڕیاری 688ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، بۆ دیاریكردنی نوای ئارام و ناوچه‌ی دژه‌ فڕین له‌ عێراق:

شەرەفمەندم لێرە بەشدارم کە یادی 30 ساڵەی نوای ئارام و راگەیاندنی ناوچەی دژە فڕین دەکەینەوە. من لەوە تێدەگەم لەو کاتە بۆ پشتگیری کورد چەند گرنگ بوو، ئەمە بۆ من ئەزموونێکی کەسی بوو، من چوومە چیاکانی کوردستان کاتێک راپەڕین کورد لە ئارادابوو، ئێمە بۆ چەند رۆژێک ئاهەنگمان بۆ کۆتاییهێنان بە ستەمکاریی و دەیان ساڵ سەرکوتکاریی گێڕا، دواتر کاتێک سوپای عێراق گەڕایەوە و فشاریان خستە سەر ئۆپۆزسیۆنی کوردی، ملیۆنەها هاووڵاتی چوونە چیاکان و وڵاتانی درواسێ، ئەمەش ئەو کاتە بوو کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوونە یەکدەنگ بۆ پشتگیریی کورد، دەستێوەردانی مرۆییان کرد.

دەمەوێت سوپاسی سێر جۆن (جۆن مه‌یجه‌ر، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌وكاتی به‌ریتانیا) بکەم بۆ ئه‌و رۆڵەی كه‌ گێڕای ئه‌وكاته‌، دەمەوێت تیشک بخەمە سەر گرنگی ئەو کارە، بە هاوکاری ئەمەریکا، فەرەنسا و بەریتانیا و ئەوانی دیکەش. بێگومان لەوکاتە ئەوە گەورەترین ئەرکی مرۆیی بوو کە پێداویستیی سەرەتایی درایە ملیۆنان کەس کە لە چیاکان گیریان خواردبوو. دەستێوەردانەکە خستینیە دۆخێکەوە داهاتوومان بنیادبنێین و لەو کاتەوە خۆمان بەڕێوەبەرین؛ بناغەیەک بوو بۆ دروستکردنی هاوبەشییەکی هەمیشەیی لەگەڵ ئەمەریکا، فەرەنسا و بەریتانیا و ئەوانی دیکە.

ئۆپۆزسیۆنی عێراق لە دوای دروستکردنی نوای ئارام، هاتن بۆ کوردستان و تاوەکو 2003 بەشداربوون لە رووخانی رژێمی سەددام. ئێمە لەسەر بەهاکانی خۆمان و بەها هاوبەشەکانمان لەگەڵ ئێوە (هاوپه‌یمانانی رۆژئاوا) ماوینەتەوە. ئێمە لە کەمینەیەکی سەرکوتکراوە گۆڕاوین بۆ پەناگەیەک بۆ ئەوانەی لەدەست کوشتن و سەرکوتکاریی هەڵدێن لە عێراق و سووریا. کورد، عەرەب، موسوڵمان، کریستیان و ئێزدی. ئەوان ئێستا کوردستان وەک ماڵی دووەمی خۆیان دەبینن. کوردستان وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ خۆیان دەبینن کە تێیدا پارێزراون. ئەمەش به‌ روونی به‌دیار كه‌وت، كه‌ پاپا فره‌نسیس سەردانی کوردستانی کرد.

ئێمە دەزانین رێگایەکی درێژمان لە پێشە. ئێمە ئەوەی لە دەستمان بێت دەیکەین تاوەکو کۆمەڵگایەکی خۆشگوزەران بۆ کوردستانیان و بۆ هەموو ئەوانەی کوردستان وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ خۆیان دەبینن، بنیات بنێین. رێگاکەمان کۆتایی نەهاتووە، ئێمە هێشتا پێویستیمان پێتانە، هێشتا پێویستیمان بە هاوکاری نێودەوڵەتییە، ئێمە هێشتا پێویستمان بە هاوکاری ئەمەریکا، فەرەنسا و بەریتانیا و هەموو ئەوانەیه‌ هاوکاریان کردین، ئەم هەرێمی کوردستانە بنیاد بنێین کە سیمبۆلی ئازادی و سەرکەوتنە. ئێمە لە ماوەکانی رابردوو چەند کاتێکی دژوارمان هەبووە. دوایینیان ساڵی 2014 بوو کە خاڵێکی وەچەرخێنەربوو بۆ کوردستان، تاوەکو ئەوە بزانرێت کوردستان چەند گرنگە، وەک ئەوەی ئێوە لە ساڵی 1991 کردتان، پێشمەرگەی کوردستان و خەڵکی کوردستان ئەفسانەی داعشیان تێکشکاند، گرووپێکی تیرۆرستی کە هەڕەشەی لە ئازادی خەڵک و سەقامگیریی جیهان دەکرد. خوێنی پێشمەرگە بوو کە بە هاوکاری هاوپەیمانان داعشی تێکشکاند، ئەوەشمان لە یاد بێت کە تیرۆریزم هێشتا لێرەیە و گرووپە تیرۆرستییەکان لە هەوڵی خۆڕێکخستنەوەدان. هەربۆیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، ئێمە پێویستمان بە هاوکاری یەکترە.

لە سەرەتای دەرکەوتنی گرووپە تیرۆریستییەکانه‌وه‌ تا ئێستا، کوردستان سەدان هەزار ئاوارەی لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق و سووریا لەخۆ گرتووە، ئێمە ئێستا دوو ملیۆن کەسمان لە خۆ گرتووە. یەک ملیۆن پەنابەر ئێستاش لە کامپەکان دەژین، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە تەنها دەبێت خزمەتگوزراییە سەرەتاییەکانیان بۆ دابین بکات، کە ساڵانە بەهاکەی سەدان ملیۆن دۆلارە. ئێمە پشتگیریی گەڕانەوەی خۆویستانە ئەوان دەکەین بۆ ماڵەکانیان، بەڵام بۆ ئەوەی بتوانین ئەمە بکەین، دەبێت ژینگەیەکی ئارامیان بۆ دروست بکەین و بە ئارامیش بتوانن بگەڕێنەوە. بەبێ هاوکاری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ناتوانین ئەو کارە بکەین.

ئێمە لە نزیکەوە کار لەگەڵ بەغدا و سەرۆک وەزیران کازمی دەکەین تاوەکو بتوانین ئەو ژینگە ئارامە پێشکەش بکەین. دوایین هەوڵ، رێککەوتنی شنگال بوو؛ بە داخەوە ئەو رێککەوتنە وەکو خۆی جێبەجێنەکراوە. ئێمە هیوادارین حکومەتی عێراق هەوڵەکانی بخاتەگەڕ بۆ ئەوەی ژینگەیەکی ئارام بۆ پەنابەران دروست بکات تاوەکو بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان. لەبارەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ شانشینی یەکگرتوو، ئێمە ئەو پەیوەندییە بە ستراتیژی و مێژوویی دەبینین، ئامادەییشمان هەیە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانمان لەبواری بازرگانی و وەبەرهێنان لەگەڵ شانشینە یەکگرتووەکان پەرەپێبدەین و پەرەش بە پەیوەندییە سیاسی و ئەمنییەکانمان بدەین. هەروەها پەرە بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تەواوی هاوپەیمانان بدەین کە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو هاوکاریان کردووین. ئێمە چاومان لەسەر ئێوەیە بەڕێزان، هەمووتان، بەوەی تێدەگەین ئێوە هاوڕێی کوردستانن. داواتان لێدەکەم ببنە هاندەری کوردستان، دەمانەوێت پشت بە ئێوە ببەستین تاوەکو پشتگیریی دۆزی کورد لە پەرلەمان، حکومەت و کەرتی بازرگانیی بەریتانیا بکەن. سوپاستان دەکەم.

 





ئەم هەواڵە 388جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad