English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئه‌مشه‌و كلاسیكۆ گڕ به‌رده‌داته‌‌ ئیسپانیا
2021-04-10 [08:50 AM]

ZNA - ھەولێر


کلاسیکۆیەک بە تامی هەموو کلاسیکۆیەکانی دیکە، بەڵام کلاسیکۆی ئەمجارە لە دۆخێکدایە کە هەندێک جیاوازی هەیە لە کلاسیکۆکانی پێشتر.

ئەو یارییە لەسەر یاریگەیەکی بچووک بەڕێوەدەچێت، کە گلەیی زۆر لە چیمەنەکەی دەکرێت، وەک ئەوەی یۆرگن کڵۆپی راهێنەری لیڤەرپوولیش بە یاریگەیەکی نامۆ وەسفی کرد، یەکەمجاریشە لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی لەسەر ئەو یاریگەیە یاریدەکات. هەروەها لە کاتێکدا کە دوای ئەم یارییە تەنیا 8 گەڕ لە لالیگادا دەمێننەوە، جیاوازی خاڵەکانی ئەو دوو یانەیە تەنیا دوو خاڵە لە بەرژەوەندی کەتەلۆنییەکاندا.

 

ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، هەموو چاو و سەرنجەکان دەچنە سەر یاریگەی ئەلفرێدۆ دی ستیفانۆ لە مەدرید، بۆ بینینی یاریی کلاسیکۆی نێوان ریال مەدرید و بارسێلۆنا لە گەڕی 30ـی لالیگادا، کە ناونیشانەکەی بۆ هەردوولا بریتییە لە  "بێجگە لە سێ خاڵەکە هیچ بژاردەیەکی دیکە قبوڵ ناکەین"، چونکە هەردوو یانە لە دوورەوە گەڕاونەتەوە نێو رکابەری لەسەر نازناوی لالیگا، کە ئاتلێتیکۆ مەدرید بەر لە چەند هەفتەیەک 13 خاڵ لەپێشیانەوە بوو.

ریال مەدرید بە 63 خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندیدایە، دوو خاڵ لە دواوەی بارسای دووەم و 3 خاڵ لەپشت ئاتلێتیکۆ مەدریدی پێشەنگەوەیە، بۆیە لەوانەیە ئەنجامی ئەم یارییە تا راددەیەک ئاماژەکانی پاڵەوانی ئەم وەرزە لە نێوان ئەم دوو یانەیە و ئاتلێتیکۆ مەدریدیش دیاریبکات.

ئێستا ریال مەدرید و بارسێلۆنا لە بارودۆخێکی باشدان، بارسا 6 یارییە بەسەریەکەوە لە لالیگادا دەباتەوە، ریال مەدریدیش 3 یارییە بەسەریەکەوە سەرکەوتن بەدەستدێنێت، هەروەها یاریزانەکانی زیدان ورەبەرز و پڕ لە ئینەرجین بەهۆی بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی گەورە بەسەر لیڤەرپوول لە چامپیۆنزلیگدا.

ئەوەی لە بایەخی بردنەوەی یانەی شاهانە لە لیڤەرپوول زیاددەکات و کاریگەرییەکی راستەوخۆی بەسەر کلاسیکۆدا دەبێت، ئەوەیە کە تیپەکەی زیدان بەبێ هەندێک لە باشترین و کاریگەرترین یاریزانەکانی ئاستێکی سەرسوڕهێنەریان بەرامبەر یانە ئینگلیزییەکە نیشاندا، بۆیە ئیدی بەرامبەر بارساش لەوە ناترسێن کە بەبێ ئەو یاریزانانە یاری دەکەن، بەتایبەتیش رامۆس و ڤاران کە لە دڵی بەرگریدا یاری دەکەن.

رۆناڵد کۆمان و یاریزانەکانی باش دەزانن کە ئەم یارییە چەند گرنگە بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان نزیک بکەنەوە لە بردنەوەی نازناوی لالیگا، کە دوای دەرچوونیان لە چامپیۆنزلیگدا هیواخوازن ئەم نازناوە بکەنە دیاری بۆ لاپۆرتای سەرۆکی نوێیان و جەماوەرەکەیان، بۆیە پێکهاتەی کۆمان بەدڵنییایەوە بە سەرکردایەتی لیۆنێل مێسی هەوڵدەدەن لە مەدریدەوە زیزۆ و یاریزانەکانی شۆک بکەن و بە 3 خاڵی گرنگەوە بگەڕێنەوە کەتەلۆنیا، هەر هیچ نەبێت بۆ ئەوەی نەبێتە سێیەم دۆران بەسەریەکەوە لە بەرامبەر ریال مەدرید، کە پێشتر ئەوە رووینەداوە.

بەڵام زیزۆش بێگومان چەکی بەهێزی بەدەستەوەیە بۆ راگرتنی مەترسی یاریزانانی کەتەلۆنی، بەتایبەتیش لیۆنێل مێسی کە ئێستا لە لووتکەی ئاستبەرزیدایە و دەمێکیشە بیری تۆڕی گۆڵی شاهانە دەکات.

 

رووداو





ئەم هەواڵە 580جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad