English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان : چارەسەرکردنی کێشە ھەڵواسراوەکانی ھەولێر ـ بەغدا ڕێگە بۆ سەقامگیریی زیاتر و پێشکەوتنی عێراق خۆش دەکات
2021-04-10 [04:27 AM]

ZNA- ھەولێر


 
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ٢٠٢١/٤/١٠ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ بەڕێز مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵ کۆبووەوە.

 
لە کۆبوونەوەکەدا ھاریکاری و ھەماھەنگیی نێوان دامەزراوەکانی حکوومەتی فیدراڵی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووردا، ھەنگاوەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تاوان و ھاریکاریی ھەردوولا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شەنگال، دۆخی تەندروستی و ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆڤید_١٩ و زیادبوونی ژمارە و ڕێژەی تووشبوون بە پەتاکە و ھەوڵەکان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزرایی تەندورستی و پێکوتە، تاوتوێ کران.
 
بەڕێز سەرۆک وەزیرانی عێراق ستایشی بەرەوپێشچوونی دامەزراندنی میکانیزمە دەستوورییە ناوخۆیییەکانی کرد و ئاماژەی بە ڕێککەوتن لەسەر پرسی دادگای فیدراڵی و تێپەراندنی یاسای بو‌دجە لە ئەنجومەنی نوێنەران دا و ھیوای خواست بە وردی جێبەجێ بکرێت و لەسەر بنەمای دادگەری لە دابەشکردنی سامانەکاندا، پابەندی پێوە بکرێت.
 
بەڕێز کازمی ھەروەھا جەختی لە پێویستیی تۆکمەکردنی ھاریکاریی ئەمنیی نێوان بەغدا و ھەولێری کردەوە بە شێوەیەک کە سەقامگیریی ناوخۆیی دابین بکات و ڕێ لە ھەر بۆشایییەکی ئەمنی بگرێت کە تیرۆر و تاوانی ڕێکخراو بیقۆزێتەوە.
 
بەڕێز سەرۆک وەزیرانی عێراق ھەروەھا دووپاتی کردەوە کە چەندبارەبوونەوەی سەردانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا، کۆمەڵێک پەیامی دروست بۆ تەواوی عێراقییەکان دەنێرێت و دەبێتە ھۆی بنیاتنانی متمانە و نیشاندانی نیازپاکییە، گیانی ھاریکاری و ھەماھەنگیش لە ھەموو بوارەکاندا ھان دەدات لەپێناو بەرژوەندیی وڵاتدا، ئاماژەی بە سەردانی داھاتوویشی بۆ ھەرێمی کوردستان کرد.
 
لای خۆیەوە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی بەغدا دەربڕی و باسی لە ھەوڵە سیاسی و دیپلۆماسی و ئابوورییەکانی بەڕێز سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد و دووپاتی کردەوە کە ھەوڵە دیپلۆماسییەکانی ڕابردووی عێراق و سەردان و دیدارکانی بەڕێز کازمی، پێگەی عێراقی خستەوە بەرچاو و ڕۆڵی ئاساییی وڵاتی لە ناوچەکە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش دەگێڕێتەوە.
 
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ھەروەھا تیشکی خستە سەر پەیڕەوکردنی دانایی لە چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی ھاریکاریی ئەمنی و بەرەوپێشبردنی بە پێویست لە قەڵەم دا، ھەموو پشتگیرییەکیشی بۆ حکوومەتی فیدراڵ و تۆکمەکردنی پێگەی دەوڵەت دووپات کردەوە بە شێوەیەک بتوانێت بەرەنگاری تەحەدییەکان ببێتەوە.
 
بەڕێز سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ستایشی تێپەڕاندنی یاسای بودجەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد و جەختی لەوە کردەوە کە چارەسەرکردنی کێشە ھەڵواسراوەکانی ھەولێر ـ بەغدا ڕێگە بۆ سەقامگیریی زیاتر و پێشکەوتنی عێراق خۆش دەکات.
 
بارودۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ و گفتوگۆی چارەسەرکردنی کێشەکانیان، دوایین سەردانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ فەرەنسا، پێشھاتەکانی پەتای کۆڤید_١٩ و کاریگەرییەکانی، پرۆسەی کوتان و ڕێکار و ھەنگاوەکانی ‌بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە، مەترسییەکانی تیرۆر و ھەڕەشەکانی داعش، ئەرکی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق، بارودۆخی ناوچەکە بەگشتی و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی ھاوبەشیان تاوتوێ کرد.
 
ھەردوولا جەختیان لە پێویستیی ھاوکاری و پێکەوەکردنی ھەموو لایەن و پێکھاتە عێراقییەکان بۆ تێپەڕاندنی کێشە و قەیرانەکان و ھەنگاونان بەرەو ئایندەیەکی باشتر کردەوە و ھیوایان خواست پەسەندکردنی یاسای بودجەی عێراق سەرەتایەک بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەولێر ـ بەغدا و جێبەجێ بکرێت. ھەردوولا ھاوڕا بوون کە میکانیزمێکی کارا بۆ ھاوکاری و ھەماھەنگیی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان و پشتگیریی ھاوپەیمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەڕەشەکانی داعش پێویستە و دەبێ کاری لەسەر بکرێت.
 
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە ھەرێمی کوردستان ئامادەیە ھەموو کێشە و گرفتەکانی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی عێراق لەسەر بنەمای دەستوور و لە چواچێوەی سیستمی فیدراڵیدا چارەسەر بکات و لەگەڵ ھەموو لایەن و پێکھاتە عێراقییەکان پێکەوە کار بۆ ئارامی و سەقامگیری لە عێراق و ناوچەکە بکات، چارەسەکردنی کێشەکانی ھەرێمی کوردستانیشی لەگەڵ حکوومەتی عێراقی فیدراڵ بە کلیلی ئارامی و سەقامگیریی عێراق لە قەڵەم دا.





ئەم هەواڵە 370جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad