English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لقى پارتى له‌ به‌غدا به‌سه‌رده‌كاته‌وه‌
2021-04-11 [07:11 AM]

ZNA_ هەولێر


له‌ به‌رده‌وامیی دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانیدا له‌ به‌غدا، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی باره‌گای سووتاوى لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستانی به‌سه‌ركرده‌وه‌ كه‌ ماوه‌يه‌ك پێشتر له‌لايه‌ن گرووپێكى چه‌كداره‌وه‌ هێرشى كرابووه‌ سه‌ر و له‌لایه‌ن به‌رپرس و كارگێڕان و ئه‌ندامانى لقی پێنجی پارتییه‌وه‌ پێشوازی لێكرا.

دواتر له‌ لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا “ئێمه‌ له‌گه‌ڵ جه‌نابی به‌رپرسی لق و كارگێڕ و ئه‌ندامانی لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌مڕۆ هاتین بۆ ئێره‌ كه‌ به‌داخه‌وه‌ ئه‌و ڕووداوه‌ی ڕوویدا هه‌ندێك كه‌س له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاسا ئه‌و شته‌یان به‌سه‌ر باره‌گای پارتی هینا لێره‌، ئه‌مڕۆ هاتین بۆ لق بۆ سه‌ردانی براده‌ران و داكۆكيمان له‌سه‌ر پشتگیریی خۆمان كرده‌وه‌ بۆیان و ئه‌وه‌ی په‌نا به‌خوا له‌ده‌ستمان بێت بۆ پشتگیریكردنیان ده‌یكه‌ین و هیوادارین یاسا ڕێگه‌ی خۆی وه‌رگرێت كه‌ ئه‌وان سكاڵايان تۆمار كردووه‌. هیوادارین یاسا سه‌روه‌ر بێت و ئه‌و كه‌سانه‌ی بوونه‌ هۆى ئه‌وه‌ی ئه‌م باره‌گایه‌ بسووتێنرێت، بدرێنه‌ دادگا و یاسا سه‌روه‌ر بێت له‌وه‌ی كه‌ چ بڕیارێك ده‌دات”.

له‌و وه‌ڵامی‌ پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامی سه‌ردان و كۆبوونه‌وه‌ و دیداره‌كانی به‌ڕێزیان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای عێراق له‌ به‌غدا، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی گوتی “به‌ بڕوای من خودی سه‌ردانه‌كه‌ بۆ به‌غدا و دانیشتن له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی به‌غدا هه‌نگاوێكی زۆر باشه‌، پێموایه‌ پێویسته‌ ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ به‌رده‌وام بێت. دوای په‌سه‌ندكردنی یاسای بودجه‌ به‌ پێویستمان زانی ئه‌م سه‌ردانه‌ ئه‌نجام بده‌ین بۆ به‌غدا و یه‌كه‌م شت له‌ نزیكه‌وه‌ سوپاسی فراكسيۆنه‌كان بكه‌ین و هه‌وڵ بده‌ین كێشه‌كانى ديكه‌ش چاره‌سه‌ر بكرێن، چونكه‌ كێشه‌ی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا ته‌نها په‌یوه‌ندی به‌ پرسی بودجه‌وه‌ نییه‌، په‌یوه‌ندی به‌ پرسی ماده‌ی 140 و پرسی كه‌ركووك و پرسی شه‌نگال و شوێنه‌كانی دیكه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ گرنگه‌ پێویسته‌ پێكه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بۆ هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدادا هه‌یه‌ بدۆزینه‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامدا له‌و بڕوایه‌داین به‌هۆی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشانه‌وه‌ عێراق به‌ره‌و سه‌قامگیریی زیاتری سیاسی ده‌ڕوات، به‌ره‌و سه‌قامگیریی زیاتری ئه‌منی ده‌ڕوات و هه‌ر پێشكه‌وتنێك له‌مباره‌یه‌وه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان و له‌ به‌رژوه‌ندیی هه‌موو عێراقدايه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی.





ئەم هەواڵە 388جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad