English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جەخت لە پێویستیی ڕوانگەیەکی ھاوبەش بۆ داھاتووی عێراق دەکاتەوە
2021-04-12 [04:22 AM]

 ZNA - ھەولێر



لە سێیەم و دوایین ڕۆژی سەردانیدا بۆ بەغدا، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢١/٤/١٢ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە جیا لەگەڵ ھەر یەکە لە سەرکردەی ھێز و لایەنە عێراقییەکان بەڕێزان سەلیم جبووری، سەرۆکی گردبوونەوەی شارستانی بۆ چاکسازی (کار)، عادل عەبدولمەھدی، سەرۆک وەزیرانی پێشوو، ھومام حەمموودی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراقی، ئەیاد عەلاوی، ئەمینداری گشتیی پارتی ویفاقی نیشتمانی و خەمیس خەنجەر سەرۆکی ھاوپەیمانیی ئەلعەزم کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکاندا دوایین پێشھاتە سیاسی و ئەمنییەکانی وڵات، ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق، پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی عێراق، گفتوگۆی چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەولێر ـ بەغدا، مەترسییەکانی داعش و پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیھان تاوتوێ کران.

لە کۆبوونەوەکاندا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جەختی لە ڕوانگەی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق دووپات کردەوە بەوەی پێویستە ھێز و لایەنە سیاسییەکان و پێکھاتەکانی عێراق بگەنە دیدگە و لێکگەیشتنێکی ھاوبەش بۆ داھاتووی عێراق کە سەقامگیری و پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن مسۆگەر بکات، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێ ھەمووان سوود لە ھەڵە و ئەزموونەکانی ڕابردوو وەربگرن. بەڕێزیان بەغدای بە قووڵاییی ستراتیژیی ھەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لە قەڵەم دا.

بەڕێزیان دووپاتی کردەوە کە دوای ھەژدە ساڵ لە ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق و بنیاتنانی عێراقی تازە، ئیتر دەبێ کۆتایی بە قۆناغی ڕاگوزەر بێت و قۆناغێکی نوێ لە وڵات دەستپێ بکات کە بە دەوڵەمەندیی مرۆیی و سروشتیی عێراق، ئاوەدانی و خزمەتگوزاریی زیاتر و باشتر پێشکەش بە ھەموو عێراقییەکان لە سەرتاسەری وڵات بکرێت و عێراق شوێن و پێگەی خۆی لەسەر ئاستی ھەرێمی و جیھانی وەربگرێتەوە.

لەمبارەیەوە سەرکردە عێراقییەکانیش ھاوڕای سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بوون کە بە ڕوانگەیەکی ھاوبەش کار بۆ ئایندەیەکی باشتر لە عێراق بکرێت و بە بوونی ئیرادەی سیاسی و تێگەیشتنی ھاوبەش دەکرێت کۆسپەکان لەبەردەم پرۆسەی سیاسی لاببرێن، بۆ ئەمەش تێپەڕاندنی یاسای بودجەی عێراق و ھەمواری یاسای دادگای فیدراڵی و ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیان بە نموونە ھێنایەوە.

ھێز و لایەنە عێراقییەکان سەردانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانییان بۆ بەغدا بە دەرفەتێک زانی بۆ نوێکردنەوەی تۆڕی پەیوەندییەکانی ھێزە سیاسییەکان و کاری پێکەوەیی لەپێناو پەڕاندنەوەی وڵات بۆ قۆناغێکی باشتر کە سەقامگیری و ئاوەدانی و پێشکەوتن و ھاوبەشی و بەشداریی ھەمووان لە پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردنی وڵاتدا لەسەر بنەمای ھاووڵاتیبوون و بەرژەوەندیی ھاوبەش دابین بکات و ھیوایان خواست ئەنجامی باشی لێ بکەوێتەوە و ئەم سەردان و دیدارانە بۆ ھاوھەڵوێستی و دروستکردنی زەمینەی تێگەیشتنی ھاوبەش بەردەوام بن.





ئەم هەواڵە 307جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad