English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
توێژینه‌وه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی: كۆرۆنا زه‌برێكی به‌هێزی له‌ ئابووری عێراق داوه‌
2021-04-20 [03:03 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

له‌ راگه‌یه‌نراوێكی یۆنامیدا كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ ئاژانسی هه‌واڵی زاگرۆس هاتووه‌، تێیدا باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ توێژینەوەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ (IOM)، ڕێکخراوی کشتوکاڵ و خۆراک (FAO) و سەنتەری بازرگانی نێودەوڵەتی (ITC) ده‌ری خستووه‌ كه‌ له‌ 2020دا ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید١٩) زەبرێکی بەهێزی لەبازاری کار و پڕۆژە بازرگانیەکانی عێراق داوە.

له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه‌، لەسەرەتای مانگی نیسان، عێراق تۆمارکردنی ٩٠٠٠٠٠ حاڵەتی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ی تێپەڕاند. هەوڵە پێویستەکانی بەرگرتن لەبڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە بووە هۆی کەمکردنەوەی جموجۆڵ وچالاکی ئابووری لەتەواوی ساڵی ٢٠٢٠دا. وا دەخەملێنرێت کە قەیرانی تەندروستیی گشتی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ بەیەکەوە لەگەڵ هەبوونی ئاستەنگی ئابووریی پێشتر و دابەزینی نرخی نەوت بووەتە هۆی دابەزینی ئابووریی عێراق بە ڕێژەی ٩.٥ لە سەد لە ٢٠٢٠ دا

بۆ پێوانەکردنەوەی زەرەر و زیانەکان و لێکۆڵینەوە لەوەی کە پرۆژەبازرگانیە بچوک و مامناوەندەکان (SMEs) چۆن لەگەڵ کاریگەری ئابووری کۆڤید-١٩ هەڵیانکردووە و مامەڵەیان لەگەڵ کردووە، ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ (IOM)، ڕێکخراوی کشتوکاڵ و خۆراک (FAO) و سەنتەری بازرگانی نێودەوڵەتی (ITC) لەساڵی ٢٠٢٠دا هەڵسان بە ئەنجامدانی توێژینەوەیەکی پانێڵی لەسەر ٨٩٣ پرۆژەبازرگانی بچوک و مامناوەند کە نوێنەرایەتی ١٦ کەرت و ١٥ پارێزگای عێراقیان دەکرد. توێژینەوەکە جەختی خستبووە سەر کەرتی کشتوکاڵ و خۆراک بۆ ئەوەی گۆڕانکاریەکان لە دەرئەنجامەکان دەستنیشان بکات و کاریگەرییەکانیان لەسەر ئەو پڕۆژە بازرگانییانە چین بەراورد بە بازرگانیە ناخۆراکیەکان. داتای سەرەکی کە لەم توێژینەوەیەدا بەکارهاتووە لە ڕووپێوی کۆمپانیاکان بۆ ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ی سەنتەری بازرگانی نێودەوڵەتی وەرگیراوە.

ڕاپۆرتە نوێیەکە توێژینەوەی پانێڵی: کاریگەری ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ لەسەر پرۆژەبازرگانیە بچوک و مامناوەندەکان لە عێراق نموونەی دەرئەنجامە دۆزراوە سەرەکیەکان لەسەر سێ گەڕی داتاکۆکردنەوە نیشاندەدات کە کاریگەرییەکانی داخستنی سنوورەکان و جموجۆل بەسەر داهات بەرهەمهێنان دامەزراندن پێشان دەدات؛ لەگەڵ  دەستگەیشتن بەسەرچاوەکان یاخود توانای فرۆشتنی بەرهەمەکان و ئەو میکانیزمانەی کە بۆ مامەڵەکرن لەگەڵ قەیرانەکە پەیڕەوکراون.

تەقریبەن هەموو کۆمپانیاکانی ناو ئەم توێژینەوە نزمبوونەوەیان لە بەرهەمهێنان یان فرۆشتن بەخۆوە بینیبوو لە نێوان مانگی شباتی ٢٠٢٠، واتە پێش سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩، تا کۆتایی هەمان ساڵ. ئەم کۆمپانیایانە هەرلەسەرەتاوە بەدەست زەرەر و زیانە گەورەکانەوە دەیان ناڵاند (تێکڕای نزمبوونەوە %٦٧ تا مانگی حوزەیران). ئەگەرچی تاڕادەیەک داهات لە نێوان مانگی حوزەیران بۆ مانگی تشرینی یەکەم باشتر بووەوە، کەچی هەر نەگەیشتەوە ئاستەکانی سەردەمی پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ (کۆمپانیاکان دابەزینیان لە داهات تۆمارکرد بەتێکڕای %٢٣ لە نێوان مانگی شوبات و مانگی تشرینی دووەم). هەروەها پرۆژەبازرگانیە بچوک و مامناوەندەکان توشی قەرزی نوێ بوون بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە، ئەم قەرزانەش بەشێوەیەکی سەرەکی بەڕێگە نافەرمیەکانی وەکو قەرزکردن لە هاوڕێ یان خێزان بووە.

هەروەها بازاڕی کاریش بەهۆی  ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ گیرۆدە بوو. بەتێکڕا، ژمارەی کارمەندانی ئەو پرۆژەبازرگانیە بچوک و مامناوەندانە بەڕێژەی %٢٧ کەمیکرد لە نێوان مانگی شوبات تا مانگی حوزەیران. لەمانگی ئابەوە ژمارەی کاردەستکەوتنەوە دەستی بەباشبوونەوە کرد، بەڵام تا کۆتای ساڵی ٢٠٢٠ یش هەر لەخوار ئەو ئاستە مایەوە کە سەردەمی پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ هەبوو. ئەمەش ژمارەی کارمەندی  نێر و مێ و کارکردنی پارتتایم و فولتایم دەگرێتەوە کە بە تێکرا بەرێژەی %٧ دابەزی لەنێوان مانگی شوبات بۆ مانگی تشرینی دووەم. وێڕای ئەمەش، کەمکردنەوەی کار بەشێوەیەکی کاتی بۆشایی ڕەگەزی/جێندەری لە بازاری کاردا فراوانترکرد. لە مانگی شوبات لە رووپێوی پرۆژەبازرگانیە بچوک و مامناوەندەکان  ژمارەی کارکردنی ئافرەت ١ بەرانبەر بە ١٥ پیاوبوو. ئەم بۆشاییە گەیشتە ١ ئافرەت بەرانبەر بە ١٩ پیاو تا مانگی ئاب، بەڵام دواتر بۆ ١ ئافرەت بەرانبەر ١٣ دابەزیەوە لە مانگی تشرینی دووەم ساڵی ٢٠٢٠ دا.

لەماوەی ئەم توێژینەوەیەدا، ئەو میکانیزمانەی کە پرۆژەبازرگانیە بچوک و مامناوەندەکان بۆ مامەڵەکردن و هەڵکردن لەگەڵ زەحمەتیە داراییەکانی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە پەیڕەویانکردووە گۆڕاوە. لەسەرەتادا، پرۆژەبازرگانیە بچوک و مامناوەندەکان مووچەی فەرمانبەرەکانیان بڕی، دواتر داوای نەرمی نوواندنیان کرد لە پێدانی مافە داراییەکان و هەوڵەکانی بەرزکردنەوەی بەبازاڕکردن وەکو ستراتیژیەتێکی دیار و بەربڵاو سەریهەڵدا. لەمانگی حوزەیران دا، زیاتر لەنیوەی پرۆژەبازرگانیە بچوک و مامناوەندەکان مەترسی ئەوەیان نیشاندا کە بەشێوەیەکی هەمیشەیی پڕۆژەکانیان بوەستێنن کە لە (%٦٥) بوو. تا مانگی کانوونی یەکەم، نیشاندانی مەترسی وەستانی ئەو پڕۆژانە بۆ کەمتر لە یەک لەسەر سێ کەمبووە (لە%٣١).

هەمان ئەو ٨٩٣ پرۆژەبازرگانی بچوک و مامناوەندانە سێجار لە ساڵی ٢٠٢٠ دا ڕووپێوکراون: لە ٢٢ی حوزەیران بۆ ٧ی تەمموز، لە ٩ بۆ ١٨ی ئەیلوول و لە ٢٩ی تشرینی دووەم بۆ ١٥ی کانوونی یەکەم.

ئەم توێژینەوەیە لەلایەن نووسینکەی نیشتەجێبوون، پەنابەرران و کۆچی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوڕوپاوە پاڵپشتی دارای لێ کراوە.





ئەم هەواڵە 874جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad