English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
یاسای ھەڵگرتنی چەک لە ھەرێمی کوردستان ھەموار دەکرێتەوە
2021-05-18 [05:02 AM]

ZNA-هەولێر


ئەندامێکی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند یاسای ھەڵگرتنی چەک لە ھەرێمی کوردستان پێویستی بە ھەموارکردنەوە ھەیە و پێشنیازمان کردووە یاساکە ھەموار بکرێتەوە، چونکە یاساکە کۆنە و لەگەڵ دۆخی ئێستای ھەرێمی کوردستان ناگونجێ.

نزار مەلا غەفار، ئەندامی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنی خۆجێییەکانی پەرلەمانی کوردستان، بە ئاژانسی ھەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: یاسای ھەڵگرتنی چەک لە ھەرێمی کوردستان یاسایەکی کۆنە و پێویستی بە ھەموارکردنەوە ھەیە، چونکە بۆ سەردەمێک نووسراوەتەوە کە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و سەربازی ئەوکاتی ھەرێمی کوردستان زۆر جیاواز بووە لەگەڵ ئەمڕۆ، بۆیە ئێمە پێشنیازمان کردووە یاساکە ھەموار بکرێتەوە بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ کە لایەنی پەیوەندیدارە بە بابەتی پێدانی مۆڵەتی ھەڵگرتنی چەک.

ئەندامی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنی خۆجێییەکانی پەرلەمانی کوردستان گووتی: یاسای ژمارە ١٦ی ساڵی ١٩٩٣ ی تایبەت بە چەک ھەڵگرتن، جۆر و مەرجەکان و سزای سەرپێچی بۆ ھەڵگرتنی چەک بەشێوەی نایاسایی دیاری کردووە، بەڵام ئێمە پێمان وایە پێویستە یاساکە ھەموار بکرێتەوە، بەتایبەت تەمەنی پێدانی مۆڵەتی چەکھەڵگرتن و سزای ئەو کەسانەشی کە چەک ھەڵدەگرن بە نایاسایی گۆڕانکارییان تێدا بکرێت.

ھەروەھا نزار مەلا غەفار، ئەندامی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنی خۆجێییەکانی پەرلەمانی کوردستان ئەوەشی بۆ ئاژانسی ھەواڵی زاگرۆس خستەروو، کە بەپێی بەدواداچوونەکانی ئێمە زۆرینەی حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوشتن و کێشە کۆمەڵایەتییەکان بە چەکی بێ مۆڵەت ئەنجام دەدرێن.


رێباز یونس





ئەم هەواڵە 511جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad