English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
په‌رله‌مانی كوردستان.. یاسای وه‌زاره‌تی كاره‌با ده‌نگی له‌سه‌ر دراو خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌میش بۆ شه‌ش پڕۆژه‌یاسا كرا
2021-05-18 [05:08 AM]

ZNA-هەولێر


کاتژمێر ١١ی پێشنێوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەمە ٢٠٢١/٥/١٨، بەسەرۆکایەتیی د.ڕێواز فایق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و ئامادەبوونی د.ھێمن ھەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و منی نبی قەھوەچی سکرتێری پەرلەمان، دانیشتنی ژمارە (١٣)ی ئاسایی خولی بەھارەی ساڵی سێیەم لەخولی پێنجەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمان بەڕێوەچوو.

سەرەتا سەرۆکی پەرلەمان بەناوی خواو گەلی کوردستانەوە دانیشتنەکەی کردەوە، پاشان منی نبی قەھوەچی سکرتێری پەرلەمان، بەرنامەی کاری دانیشتنەکەو پوختەی دانیشتنی پێشووی پەرلەمانی خوێندەوە. بەپێی خاڵی یەکەمی بەرنامەی کار، بەڕیز (منی یوخنا یاقۆ) بەدەنگی (٧١) پەرلەمانتار بۆ پۆستی سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەھەرێمی کوردستان پاڵێورا. بەپێی خاڵی دووەمی بەرنامەی کاریش، لەلایەن لیژنەی کاروباری یاساییەوە بەجیا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاساکانی (بەرکارکردنی یاسای ڕەسمی پولی عێراقی ژمارە (٧١)ی ساڵی ٢٠١٢ لەھەرێمی کوردستان، ھەمواری یاسای ماف و ئیمتیازاتی کەمئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت ژمارە (٢٢)ی سالی ٢٠١١ لەھەرێمی کوردستان، بەرکارکردن و ھەمواری پیادەکردنی یاسای وەبەرھێنانی پیشەسازیی ھەردووکەرتی تایبەت و تێکەڵاو، ژمارە (٢٠)ی ساڵی ١٩٩٨ی ھەموارکراو لەھەرێمی کوردستان، ھەمواری دووەمی یاسای یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی لەھەرێمی کوردستان-عێراق ژمارە (١٤)ی ساڵی ١٩٩٣، ھەمواری یەکەمی یاسای وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لەھەرێمی کوردستان -عێراق ژمارە (١٠)ی ساڵی ٢٠١٠، ھەمواری پیادەکردنی یاسای بازرگانیی عێراقی ژمارە (٣٠)ی ساڵی ١٩٨٤ لەھەرێمی کوردستان –عێراق) کران و لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانیشەوە ئاراستەی لیژنە تایبەتمەندەکان و لیژنەی کاروباری یاسایی و سەرجەم ئەندامانی پەرلەمان کران بۆ وەرگرتنی رێککارە یاساییەکانی خۆیان.

بەپێی خاڵی سێیەمی بەرنامەی کاریش، کەبریتی بوو لەدەنگدان لەسەر پڕِۆژەیاسای وەزارەتی کارەبا لەھەرێمی کوردستان، لەلایەن لیژنەکانی (کاروباری یاسایی، وزەو سامانە سرووشتییەکان و پیشەسازی و بازرگانی)یەوە، راپۆرتی لیژنەی ھاوبەش بەڕەچاوکردن و جێکردنەوەی سەرجەمی ئەو سەرنج و تێبینی و پێشنیازانەی لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە لەدانیشتنی پێشووتردا لەکاتی خوێندنەوەی دووەمی پڕِۆژەیاساکە خرابوونەڕوو، دوای ئەوەی سەرجەمی ئەو پێشنیازانەی کەبۆ ھەر مادەیەک لەمادەکانی پڕِۆژەیاساکە بەپێشنیازی لیژنەی ھاوبەشیشەوە کەھەبوون بەناوونیشان و ھۆکارەکانی دەرچوواندنی بەجیا خرانە دەنگدانەوەو پەسندکران، پاشان کۆی یاساکە خرایە دەنگدانەوەو بەدەنگی (٦٤) ئەندامی پەرلەمان پەسندکرا، بەو بۆنەیەشەوە سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند: "پیرۆزبایی لەخۆمان و گەلی کوردستان دەکەین بەبۆنەی پەسندکردنی یاسای وەزراەتی کارەبا لەھەرێمی کوردستان-عێراق".

مەبەست لەدەرچوواندنی ئەو یاسایەش لەبەر بایەخی وزەی کارەبا لەسەر ژیان و تەندروستیی گشتیی ھاونیشتیمانییان و کاریگەریی لەسەر ژێرخانی ئابووری و ڕێکخستنەوەی کارەکانی وەزارەتە بەھۆی گرنگیی ئەو چالاکییانەی کەرتی گشتی و تایبەت پێی ھەڵدەستن و بۆ ھێنانەدیی ئامانجەکانی وەزارەت و بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی. بەمجۆرە سەرۆکی پەرلەمان کۆتایی بەدانیشتنەکە ھێنا.





ئەم هەواڵە 373جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad