English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
گۆڕانکاری لە کرێی ئاوی ماڵان دەکرێت 
2021-06-12 [02:37 AM]

ZNA- ھەولێر 


بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ھەرێمی کوردستان رایدەگەینێت، بەرێژەی ٢٣% کرێی ئاوی ماڵانیان کەم کردووەتەوە، ئەو میکانیزمەش ئاشکرا دەکات کە لەم مانگەوە  بۆ کرێی  ئاو جێبەجێ دەکرێت.


ئەمڕۆ شەممە ١٢/٦/٢٠٢١، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ھەرێمی کوردستان،  ڕایگەیاند:"پێشووتر ئەگەر ھاووڵاتییەک مانگانە تاوەکو ٦٠ مەتر سێجا ئاوی بەکاربھێنایە، کە دەکاتە ٦٠ تانکی ٥ بەرمیلی، ئەوە ٢٥ ھەزار و ٧٥٠ دیناری بۆ دەھاتەوە، بەڵام ئێستا کەم کراوەتەوە بۆ ١٩ھەزار و ٧٥٠ دینار، واتا ٢٣% کەم کراوەتەوە".


ئاماژەی بەوەش دا گۆڕانکارییەکی تر لە نرخی کرێی ئاو کراوە، گوتیشی: "پێشتر ماڵ ھەبوو ١٠٠ بۆ ٢٠٠ ھەزار دینار یان زیاتری بۆ دەھاتەوە، ئێستا  زۆرترین بڕە پارە لە ٤٥ ھەزار دیناری مانگانە تێپەڕ ناکات".


ئاری ئەحمەد، ئاشکراشی کرد،ئەگەر ھاووڵاتییەک لە خولەکانی پێشووتر لە یەک مانگ لە ٤٥ ھەزار دینار زیاتری بۆ ھاتبێتەوە، بۆی رێک دەخرێتەوە لەسەر ٤٥ ھەزار دینار، گوتیشی: بۆ نموونە ھەیە پارەی  زۆری بۆ ھاتووەتەوە، ١٠٠ ھەزار بێت یان ھەر بڕە پارەیەکی تر، ئەوە ھەر دەکرێتەوە ٤٥ ھەزار دینار و لەو مانگەوە ئەو بڕیارە جێبەجێ دەکرێ، ھەرکاتێک کارمەندانی خوێندنەوەی پێوەر سەردانی ماڵان دەکەن، نرخەکان بەم جۆرە دەبن".


ئەوەشی خستە ڕوو "ئەو ھاووڵاتییانەی پێوەریان نییە،  بۆ سێ مانگ ١٠٠ھەزار دیناربوو دوای سێ مانگ دەبووە ٢٠٠ ھەزار دینار، بەڵام ئێستا گۆڕاوە و جێگیر کراوە و بووەتە ٨٠ ھەزار دینار، بەڵام باشترین و سەرەکیترین میکانیزم بۆ زانین و کۆنتڕۆڵکردنی ئاو لەلایەن ھاووڵاتیانەوە، پێوەری ئاوە".


سەبارەت  بە دانەوەی قەرزەکانیش، گوتی:" ئەگەر ھاوبەشێکی ئاو بڕی ٤٠٠ ھەزار دیناری بۆ چوار مانگ بۆ ھاتبێتەوە، ئێستا لەکاتی دانەوەی قەرزەکەیدا مانگی تەنیا ٤٥ ھەزار دیناری لێ وەردەگیرێت، واتە لەبری ئەو چوارسەد ھەزار دینارە قەرزە، تەنیا ١٨٠ ھەزار دینار دەداتەوە".
لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی یەک ملیۆن ھاوبەشی ئاو ھەیە، کە ٦١%ی ئەو ھاوبەشانە پێوەری ئاویان بەستووە و ٣٩% ھیچ پێوەرێکیان نەبەستووە.


ئاری ئەحمەد، پێی وایە ئەوەی کاریگەری لەسەر بەفیڕۆدانی ئاو ھەیە" نەبستنی پێوەرە و لایەنێکی دیکە کاریگەریی زۆر لەسەر بەفیڕۆچوونی ئاو ھەیە، خەڵک تەوافەی لەسەر تانکییەکانی ئاو نەبەستووە".


ئاشکرای دەکات حکوومەت پارەیەکی زۆر لە بەرھەمھێنانی ئاو بۆ ھاووڵاتیان خەرج دەکات :"حکوومەت ساڵانە ١٣٠ تا ١٥٠ ملیار دینار لە بەرھەمھێنانی ئاودا خەرج دەکات، لە باشترین حاڵەتی ئەو پارەی حکوومەت لە ھاوڵاتیان لەبەرامبەر ئاو وەری گرتووەتەوە تەنیا ٤٠ ملیار دینار بووە".

سەرچاوە ، باسنیوز 
 





ئەم هەواڵە 1936جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad