English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازى له كۆمه‌ڵێك گه‌نجى داهێنه‌ر دەكات
2022-05-19 [02:15 AM]

ZNA-هەولێر


ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2022/5/19 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، ‏پێشوازى له‌ ژماره‌يه‌ك له‌و گه‌نجانه‌ كرد كه‌ خۆبه‌خشانه‌ كاريان كردووه‌ و توانيويانه‌ ‏سه‌ركه‌وتووانه‌ زمانى كوردى (شێوه‌زارى سۆرانى) بۆ سه‌ر خزمه‌تگوزاريى وه‌رگێڕانى گووگڵ ‏‏(‏Google Translate‏) زياد بكه‌ن.‏

له‌ ديداره‌كه‌دا چۆنيه‌تيى ده‌ركه‌وتنى بيرۆكه‌ى زيادكردنى زمانى كوردى بۆ ئه‌و خزمه‌تگوزارييه‌ى ‏گووگڵ و قۆناغ و هه‌نگاوه‌كانى كارتێداكردنى و كێشه‌ و سه‌ختييه‌كانى به‌رده‌مى، تا گه‌يشتنى به‌ ‏ئه‌نجام و فه‌راهه‌مبوونى بۆ به‌كارهێنان و سوودلێوه‌رگرتن، له‌لايه‌ن به‌شدارانه‌وه‌ خرايه‌وه‌ ڕوو. ‏هه‌روه‌ها پوخته‌يه‌كيان ده‌رباره‌ى پلان و به‌رنامه‌كانيان بۆ داهاتووى خزمه‌تگوزارييه‌كه‌ و ‏ده‌وڵه‌مه‌ندكردنى به‌ ده‌نگ و گه‌ڕانى وێنه‌يى و ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانيا ته‌كنه‌ڵۆژيانه‌ى ‏به‌رهه‌مه‌كانيان له‌ كوردستان ده‌فرۆشرێن، بۆ ئه‌وه‌ى سۆفتوێرى كوردى بۆ ئامێره‌كانيان زياد ‏بكه‌ن، باس كرد.‏

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى وێڕاى ده‌ربڕينى خۆشحاڵى به‌و ده‌ستكه‌وته‌ گه‌وره‌يه‌ى بۆ زمانى ‏كوردى به‌ ده‌ست هاتووه‌، به‌ گه‌رمى ده‌ستخۆشى له‌و گه‌نجانه‌ى ئاماده‌ى ديداره‌كه‌ بوون و ‏هه‌موو ئه‌وانه‌ش كرد كه‌ له‌ كوردستان يان له‌ هه‌ر شوێنێكى ده‌ره‌وه‌ى وڵاتن، بۆ ئه‌م پرۆه‌ژه‌يه‌ ‏و پێشتريش بۆ زيادكردنى شێوه‌زارى كرمانجى و هه‌موو ئه‌و خزمه‌ته‌ى له‌م بواره‌دا وه‌ك ‏دروستكردنى كيبۆرد و فۆنته‌ كوردييه‌كان، ڕه‌نج و ماندووبوونيان كێشاوه‌ و كار و به‌رهه‌م و ‏ئه‌نجامى هه‌وڵه‌كانى هه‌موويانى به‌ مايه‌ى ستايش و ڕێز و پێزانين و خزمه‌ت به‌ زمان و ‏كولتوورى كوردى له‌ قه‌ڵه‌م دا.‏

به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، هه‌موو پشتيوانييه‌كى بۆ كار و پرۆژه‌كانى ئه‌م گرووپه‌ ‏گه‌نجه‌ خۆبه‌خشانه‌ و هه‌موو ئه‌وانه‌ دووپات كرده‌وه‌ كه‌ ده‌يانه‌وێ له‌ بواره‌كانى ئايتى و ‏ته‌كنه‌لۆژيادا بۆ بره‌ودان به‌ زمانى شرينى كوردى، خزمه‌ت بكه‌ن. هه‌روه‌ها داواى لێكردن كه‌ ‏پێكه‌وه‌ وه‌ك تيم بمێننه‌وه‌ و هاوكار و يارمه‌تيده‌ر و پشتيوانى يه‌كتر بن بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن كار و ‏داهێنان و خزمه‌تى باشتر له‌م بواره‌دا بكه‌ن. لاى خۆيانه‌وه‌ ئه‌وانيش وێڕاى خۆشحاڵى، ‏سوپاس و پێزانينيان بۆ پێشوازى و پشتگيريى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى ده‌ربڕى.‏





ئەم هەواڵە 574جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad