ZNA-هەولێر دواى نیوەڕۆى ئه‌مڕۆ یەکشه‌ممه 2022.5.29، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر و بەئامادەبوونی هەریەک لە هێمن قادر و مه‌سعود كاڕه‌ش، جێگرانی پارێزگار، له‌دیوانى پارێزگا، کۆبونەوەیەک لەبارەى چارەسەرکردنی کەم ئاوی و ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە و گرفتەکانى ئەنجامدرا.
لەکۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەى دەرەنجامى کارەکانى لیژنەى تایبەت بۆ چارەسەرکردنی کەم ئاوی و ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە و گرفتەکانى کرا و ته‌ئكیدی له‌سه‌ر خێڕاکردنى پڕۆسەى لێدانى بیرى ئاوى خواردنەوەى بەدیل و نوێ لە هەولێر و دەوروبەرى کرایەوە، هه‌روه‌ها کۆبوونەوە به‌پێویستی زانی هاوڵاتییان هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بن له به‌فیڕۆنه‌دانی ئاو و ئه‌نجامنه‌دانی سه‌رپێچی له‌سه‌ر تۆره‌كانی ئاوی خواردنه‌وه، له‌وباره‌یه‌شه‌وه پارێزگاری هه‌ولێر لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی ڕاسپارد بەردەوامبن لەسەر هەڵمەتى بڕینی سه‌رپێچی و زێده‌ڕۆییه‌كانی سه‌رتۆڕی ئاو و نۆژه‌نكردنه‌وه و چاره‌سه‌ركردنی بیره‌كانی ئاوی خواردنه‌وه‌ی گه‌ره‌كه‌كان و جێبەجێکردنی به‌رنامه و پلانی ڕووبەڕووبونەوەی ووشکەساڵی لەسنووری پارێزگای هه‌ولێر.
لەتەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، دوای گفتوگۆ و خستنەڕووی سەرنج و بۆچونی ئاماده‌بووان لەئەگەرى دروستبوونى هەر كێشهیەکى كه‌م ئاوی هاوڵاتییان لەهاوینى ئەمساڵ کۆبوونەوە گەیشتە چەند بڕیارێکى پێویست.
ئەم هەواڵە 2737جار خوێندراوەتەوە |