ZNA – هەولێر
دۆزینەوەی سێ تەرمی دیکەش لە ژێر باڵەخانە داڕماوەکەی شاری ئابادانی ئێران، ژمارەی کوژراوانی ڕووداوەکە گەیشتە ٣٨کەس و سەرۆکی شارەوانیی ئەم شارەش دەستی لە کار کێشایەوە.
دوو هەفتە پاش ئەوەی باڵەخانەی بازرگانیی میترۆپۆل لە شاری ئابادان لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران ڕووخا، تا ئێستاش گەڕان و پشکنینی تیمەکانی فریاکەوتن بۆ دۆزینەوەی تەرمی قوربانییەکان بەردەوامە و ڕۆژی شەممە بە دۆزینەوەی سێ تەرمی دیکە ژمارەی قوربانییەکان گەیشتە ٣٨ کەس.
هاوکات ڕاگەیاندنەکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، دوو هەفتەی دوای ڕووداوەکە، سەرۆکی شارەوانیی ئابادان دەستی لەکار کێشاوەتەوە. پێشتر داواکاری گشتیی ئابادان گوتبووی سەرۆکی شارەوانیی ئێستا و پێنج سەرۆکی شارەوانیی پێشووی شارەکە بە هۆی کەمتەرخەمی و لەبەرچاو نەگرتنی ڕێوشوێنەکانی ئەندازیاری لە دروست کردنی ئەو باڵەخانەیەدا دەستبەسەر کراون.
ئەم هەواڵە 4129جار خوێندراوەتەوە |