English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
بەهۆی شەڕی ئۆکراینا گازی کۆگەکانی ئەڵمانیا 60٪ کەمیکردووە
2022-08-05 [08:38 AM]

ZNA:هەولێر


بەهۆی شەڕی ئۆکراینا و قەیرانی سووتەمەنی، وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا رێککەوتن بڕی بەکارهێنانی گاز بە رێژەی 15٪ کەمبکەنەوە، لەوانە وڵاتی ئەڵمانیایە کە کۆگەکانی گاز لەو وڵاتە 60٪ گازیان تێدا ماوە و ئێستا وەزیری ئابووری و وزەی ئەو وڵاتە داوای لە هاووڵاتییان کردووە لە ئێستاوە دەست بە گازەوە بگرن و ئاستی بەکارهێنان کەمبکەنەوە.
 
وەزیری ئابووری و وزەی ئەڵمانیا بڕیاری داوە تاوەکو 31ی ئاداری ساڵی داهاتوو 15 بۆ 20٪ لە بڕی بەکارهێنانی گاز کەمبکاتەوە و نرخەکەشی زیاد بکات. نرخی گاز لە ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 80٪ بەرزبووەتەوە و ئەمساڵیش زیاتر لە دوو هێندە زیاد دەکات. ئەوەش خەڵکی ئەو وڵاتەی نیگەران کردووە و دەڵێن بەو جۆرە بێت، ژیان بۆیان ئەستەمتر دەبێت. 
 
ئەندریا کرێمەر، مامۆستایەکە و دەڵێت، "بۆ ئێمە زۆر ئەستەمە کەمتر گاز بەکاربهێنین، بەڵام هەوڵ دەدەین زۆرتر دووکەڵکێشەکەمان بەکاربهێنین و هەروەها هەوڵ دەدەین گەرمی ژوورەکانمان نزمبکەینەوە و هەموو رێکارەکان کەمێک سنووردارە.. ئێمە لە زستاندا پێوستمان بە گازە و بەرامبەر بە و نرخە بێدەسەڵاتین و ئاسان نییە".
 
تۆماس بارۆوسکی، هاووڵاتییەکی ئەڵمانییە و دەڵێت، "ئەگەر بمانەوێت زۆر بەباشی دەتوانین دەست بە گازەوە بگرین و، ئەو رێژەیە بەدەست بهێنین.. تەماشای ئەفریقا و ئاسیا و وڵاتە کەمدەرامەتەکان بکەین، دەتوانین کەمتر وزە بەکار بهێنین و دەست بە سەرچاوە سرووشتییەکانەوە بگرین. کەمتر خۆمان بشۆین، ژوورەکانمان زۆر گەرم نەکەین".
 
هەرێمەکانی ئەڵمانیا و شار و شارەوانییەکانی پلانی فریاکەوتنیان داناوە. زۆربەی شارەوانییەکان بڕیاریان داوە گڵۆپی باڵەخانەی فەرمانگە حکومییەکان و هەروەها شوێنە گشتییەکان بە شەوان بکوژێننەوە. هێشتا پەرلەمانی فیدراڵ کەم بەکارهێنانی گازی نەکردووەتە یاسا.
 
ئەکسل شێفەر، ئەندام پەرلەمانی فیدراڵ دەڵێت، "60 ساڵ متمانەمان بە یەکێتیی سۆڤیەت و رووسیا کرد، ئێستا ئەزموونێکی تاڵ لەگەڵ پووتین بەڕێدەکەین، بەڵام لەو باوەڕدام کە بتوانین بەسەر قەیرانی کەمیی گازدا زاڵ بین. زۆربەی کۆمپانیاکان پێوستیان بە گازە بۆ بەرهەمهێنان ئەگەر گاز نەبێت لە ناو دەچن، بۆیە گرنگە ئێستا کەرتی ئابووری و سەندیکای کرێکاران و نوێنەری خاوەنکار و هەموو پێکەوە دانیشن بەدوای چارەسەردا بگەڕێین. هەروەها داوامان لە  هاووڵاتییان کردووە دەست بە گازەوە بگرن،  ئەگەر لەوەدا سەرکەوتوو نەبین دەیکەینە یاسا بۆ نموونە؛ ئێستا لە پەرلەمان 1800 ئەندام پەرلەمان کارمەندمان هەیە لە کاتی دەست شووشتندا ئاوی گەرممان گرتووەتەوە".





ئەم هەواڵە 1156جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad