ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

به‌خێر بێى بۆ شاره‌كه‌ى خۆت

ئاريان فه‌ره‌ج

سلێمانييه‌كان (جا له‌ دكتۆر هه‌ڤاڵى پارێزگاره‌وه‌ كه‌ گۆڕانه‌ تا كاك شاهۆ عوسمانى جێگرى كه‌ يه‌كێتييه‌ تا كاك زاگرۆسى فه‌تاح ئاغا كه‌ پارتييه‌ و وه‌ك كوڕى شار بۆ هاوكاريى كاك عه‌لى حسێن له‌وێ بوو‌، وه‌ك يه‌ك به‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانييان گوت: به‌خێر بێى بۆشاره‌كه‌ى خۆت، چاومان روون و پێ و قه‌ده‌مت وه‌ك هه‌ميشه‌ به‌خێر.
نێچيرڤان بارزانى كه‌ له‌ دوو باوانى ره‌سه‌ن و خانه‌دانه‌وه‌ هاتۆوەته ‌ژيان، له‌ باوكه‌وه‌ ئيدريسى مه‌لا مسته‌فاى بارزان، ئيدريسى رێبوارى ڕێگەی نيشتمان، كه‌م ژياوى كه‌ڵ ژياوى خاكه‌ڕا، له‌ دايكيشه‌وه‌ نازدارخانى سه‌لار و سه‌نگينى كچى حه‌مه‌ى ئه‌وڕه‌حمان ئاغاى سلێمانى، حه‌مه‌ئاغاى پياوماقوڵ و ده‌ست ودڵ كراوه‌ و خێره‌ومه‌ند.
نێچيرڤانى بارزانى و سلێمانه‌يى، هه‌موو سيفه‌ته‌ جوان و به‌ها به‌رزه‌كانى هه‌ردوولاى له‌ خۆيدا كۆكردووەته‌وه‌: جوامێرى و كوردايه‌تى و كوردستانپه‌روه‌رى، كه‌سێتيى به‌هێز، لێبورده‌يى و ئاشتيخوازى، ناخى بێگه‌رد و بێ رق و كينه‌، ده‌موله‌بزى شيرين و خۆش مه‌شره‌فيى سلێمانيانه‌. جا كه‌سێك هه‌موو سيفه‌ته‌ جوانه‌كانى هه‌ردوو مه‌ڵبه‌ند و مه‌ناره‌ى تيشكبه‌خشى بارزان و سلێمانيى له‌ خۆيدا كۆ كردبێته‌وه‌, روو له‌ هه‌ركوێ بكات هه‌ر ده‌بێ مايه‌ى چاورۆشنى و پێ و قه‌ده‌مى به‌خێر بێ.
دكتۆر هه‌ڤاڵ كه‌ ئۆفيسه‌كه‌ى زياتر له‌ پێشانگا و مۆزه‌خانه‌ى هونه‌ر‌ و به‌ راستى له ‌ئۆفيسى پارێزگارى پايته‌ختى رۆشنبيرى ده‌چوو نه‌ك شارێكى ئاسايي، به‌ نێو ڕاڕه‌وێكى پر له‌ تابلۆ و توحفه‌ى هونه‌ردا هاوڕێيه‌تیی سه‌رۆكى كرد به‌ره‌و هۆڵى كۆبوونه‌وه‌. ئه‌و هۆڵه‌ى بۆ ئێمه‌ى تيمى هاوكارانى به‌ڕێزيان، بوو به‌ هۆڵى ئيفتيخار و شانازى به‌خۆوه‌كردن كه‌ تيم و هاوكارى نێچيرڤان بارزانين.
ئاخر چى له‌وه‌ پر شانازيتره‌ كه‌ له‌م به‌ره‌به‌رى هه‌ڵبژاردن و كێبه‌ركێيه‌دا، كه‌ ده‌گمه‌نه‌ كه‌سێك دانى خێر به‌ كه‌سێكى ديكه‌دا بنێ، كه‌چى ئاماده‌بووانى ئه‌و كۆبوونه‌وه‌يه‌ به‌ هه‌موو ره‌نگه‌كانيانه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هاوڕابوون كه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكێك دانيشتوون پێنج ساڵه‌ به‌ يه‌ك مه‌ودا له‌ هه‌موان نزيكه‌، ووتيان: هه‌وڵ و ته‌قه‌للات بۆ يه‌كڕيزى و پێكه‌وه‌يى و تێپه‌ڕاندنى نه‌فه‌سى يه‌كتر نه‌فیكردن، بۆ ته‌بايى و يه‌كتر خوێندنه‌وه‌ و نيشتمانسازى، بۆ رێگرتن له‌ لێكترازانى هه‌رێم، جێى پێزانين و پشتيوانييه‌، به‌و نه‌فه‌سه‌ نيشتمانبينه‌وه‌ سه‌رۆكايه‌تييه‌كه‌ت جێى ره‌زامه‌نديى هه‌موانه‌، ئێستاش لێت چاوه‌ڕوانين هيممه‌ت بكه‌ن ئه‌م بانگه‌شه‌يه‌ش به‌ ئارامى و ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنيش به‌ سه‌ركه‌وتوويى و به‌خۆشى ته‌واو بێت.
ده‌رباره‌ى خزمه‌تكردنى سلێمانيش، پاش ئه‌وه‌ى سه‌رۆك به‌ ستایشه‌وه‌ کار و پرۆژە جێبەجێکراوەکانی حکوومەتی هەرێمى به‌رز نرخاند كه‌ سه‌ربارى قه‌يران و ده‌ستكورتى، له‌و شاره‌ و جێى ديكه‌ش ئه‌نجامى داون، به‌ ده‌ورى خۆيشى ره‌زامه‌نديى له‌سه‌ر ئه‌و چه‌ند داواكارييه‌ فه‌رموو كه‌ پارێزگار و هاوكاره‌كانى خستييانه‌ ڕوو، ئه‌وان وێڕاى سوپاس، خۆييانه و سلێمانييانه‌‌ پێيان ووت: له‌ نيوه‌ سلێمانييه‌كه‌ت چاوه‌ڕێى خزمه‌تين و، بۆ خزمه‌تى زياتريش ته‌ماعمان له‌نيوه‌كه‌ى ديكه‌ته‌‌.
هه‌ڤاڵ نێچيرڤان بارزانى جێگرى سه‌رۆكى پارتى ديموكراتى كوردستان كاتێكيش له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانى له‌ باره‌گاى رێكخستنى پارتى کۆبووەوە، به‌ دڵ سوپاس و ته‌قديرى بڕواى پۆڵايين و نه‌گۆڕى مه‌لاييه‌كانى سلێمانى كرد، ستايشى ووره‌ى به‌رز و ديسپلينى پارتايه‌تى كردن و دووپاتيكرده‌وه‌ كه‌ پارتييه‌كانى سلێمانى هه‌ميشه‌ سه‌رچاوه‌ى ئيلهامى نه‌به‌زين و نه‌سره‌وتنن بۆ هه‌ر پارتييه‌ك، هه‌ڤاڵ فازڵ ميرانى له‌ مه‌جليسه‌كه‌دا رووى له‌ پارتييه‌كانى سلێمانى كرد و گوتی: حه‌سووديتان پێ ده‌به‌م ئه‌و خوشكه‌زا دڵسۆزه‌تان هه‌يه‌..
ئه‌م چه‌ند دێره‌ى سه‌ره‌وه‌م بۆ په‌سن و مه‌دحى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى نه‌نووسيوه‌، چونكه‌ نه‌ ئه‌و حه‌زى به‌ مه‌دح و سه‌نايه‌ و نه‌ منيش باشى لێ ده‌زانم، ئه‌و چه‌ند دێڕه‌ى سه‌ره‌وه‌م ته‌نها بۆ ده‌ربڕينى هه‌ستى شانازى به‌خۆوه‌ كردنى خۆم و هاوكارانم نووسى كه‌ له‌و سه‌فه‌ره‌دا ياوه‌رى بووين.

هەواڵی پەیوەندیدار

لە وەڵامی ڕاگەیەندراوەکەی یەکێتیدا

یاسین

چەند سەرنجێك لەبارەی ھەردوو بڕیاری کۆتا و مووچە

دڵشاد

ئەوەی لە پەرۆشی گەل و نیشتیمانەكەیەتی ته‌نها بارزانییە

سەڵاح