ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

‏‎‎گرنگی بڕیاری ۱۳۲٥ و بەهێزکردنی تواناکانی ئافرەتان

بڕیاری ۱۳۲٥ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، کە تایبەتە بە هۆشیاری و گەشەپێدانی تواناکانی ئافرەتان لە کاتی جەنگ و ناکۆکیدا، لە ساڵی ۲۰۱۲ حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان پەسەندیان کردووە.

بە یەکێک لە بڕیارە گرنگەکان بۆ ئافرەتان هەژمار دەکرێت، جەخت لە ڕۆڵی گرنگی ئافرەتان دەکاتەوە لە ڕێگریکردن، چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، دانوستانەکانی ئاشتی، بنیادنانی ئاشتیی، وەڵامدانەوەی مرۆیی و بنیادنانەوەی دوای ململانێ، هەروەها جەخت دەکاتەوە لەسەر گرنگی بەشداریکردنی یەکسان نێر و مێ و بەشداریکردنی تەواویان لە هەموو هەوڵەکان بۆ پاراستن و بەرەوپێشبردنی ئاشتی و ئاسایش.
لەئێستادا لە بەشێک کۆمەڵگەکانی جیهان و عێراق بە تایبەتی لە بارەی بەشداری ئافرەتان لە بڕیاردان، حکومڕانی، بنیاتنانی ئاشتی، پاراستن لە توندوتیژی و برەودان بە یەکسانی، داتاکان دڵخۆشکەرنین، سەرەڕای بوونی دەزگای فەرمی بۆ برەودان بە ڕەوشی ئافرەتان، لە کۆمەڵگە بە گشتی و بەشێک لە خێزانەکان بە تایبەتی بە ڕوونی هەست بە لاسەنگی جێندەری دەکرێت لە نێوان کوڕ و کچەکانماندا، وەک سنودارکرنی تواناکانی کچان، بێبەشکردنیان لە مافی خوێندن، دەستدرێژی سێکسی، ئەنجامدانی توندوتیژی دەروونیی و جەستەیی، ناچارکردن و بەزۆر بەشوودان، کار پێکردنی زۆر و تەماشاکردنیان بە چاوی خزمەکار لە ناو ماڵ…هتد.

بڕیاری ۱۳۲٥ لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە دەرچووە لە ساڵی۲۰۰۰ بۆ پاراستنی مافی ئافرەتان لە ململانێ سیاسیەکاندا.
کە پێکهاتووە لە چوار بنەمای سەرەکی بۆ پاراستنی ئافرەتان و چارەسەرکردنی کێشەکانیان، ئەوانیش: (ڕێگریکردن، پاراستن، بەشداریکردن، دەستپێکردنەوە)
بۆیە پێویستە هەوڵبدەین ئافرەتان سەرکەوتووبن و پێشیان بخەین بەو ئامانجەی بتوانن رۆڵی خۆیان ببینن لە ناو کۆمەڵگەدا. ھەروەھا بتوانن ئەرکی سەرۆکایەتی و بەڕێوەبردن رابپەڕێنن لە دامەزراوە حکومییەکاندا شانبەشانی پیاوان پۆستی سیاسی وەربگرن.

‏‎چۆن گرنگی بە توانای ئافرەتان بدەین؟
*بەشداریکردن و زیادکردنی ئافرەتان لە ناوەندەکانی بڕیارداندا لە پڕۆسەی ئاشتی و دامەزراوەکاندا، هەروەها زیادکردنی ژمارەی ڕێکخراوەکانی داکۆیکار لە مافی ئافرەتان، زیادکردنی ئافرەت لە پۆستە باڵاکانی ناو ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆی پڕۆسەی ئاشتی لە ئاستی جیهاندا.

‏* پاراستنی مافەکانی ئافرەتان و باشکردنی ژیانیان لە ڕووی تەندروستی جەستەی و دەروونی، یاسایی، ئاسایشی ئابووری و سەرجەم سێکتەرەکان بە شێوەی:
_زامنكردنی جێبەجێكردنی یاساكان بۆ پاراستنی ئەو ئافرەتانەی كە رووبەڕووی ڕفاندن و توندوتیژیی سێكسی بوونەتەوە .
_گونجاندنی یاسا نیشتمانییەكان لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەكان لەناویاندا بڕیاری 1325 كە زامنی مافەكانی ئافرەتان بكات و تاوانباران بە سزا بگەیەنێت.
_کردنەوەی خولی تایبەت بە پەرەپێدانی خواست و لێهاتوویی ئافرەتان لە لایەن حکومەت و رێکخراوە قازانجنەویستەکانەوە بۆ چۆنێتی ئیدارەدانی پرۆژەکانیان.
_بەرزکردنەوەی تواناکانی ئافرەتان بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی پرۆژەکانیان و کەمکردنەوەی بەربەستەکان.
_بەهێزکردنی ئابووریی ئافرەتان، هۆکارێکی گرنگە بۆ گەشەی ئابووری لە کۆمەڵگە، رەخساندنی دەرفەتی هاوبەش بۆ گەیشتنیان بە سەرچاوەكانی ئابووریی لە نیوان ئافرەتان و پیاواندا.

هەروەها گرنگە ڕۆڵی خێزانیش لە بیرنەکەین لە بەرەو پێشبردنی تواناکانی ئافرەتان.

‏‎خێزان ڕۆڵی سەرەکی و بەرچاوی هەیە لە پەروەردەکردنی تاک بۆ کۆمەڵگە، بەتایبەت دایك ڕۆڵی گرینگ و بەرچاوی هەیە لەگرنگیدان بە توانای کچەکەی و ڕاگرتنی هاوسەنگی لەنێوان ڕەگەزەکانی خێزان، پێوستە دایکان هۆشیاریی گشتیی و بەتایبەت هۆشیاری پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییان لەئاستێکی گونجاو یاخود بەرزبێت تا بتوانن هاوکار و پشتیوانی کچەکانیان بن و گرنگی بە تواناکانیان بدەن و هاوکاریان بن بۆ سەرکەوتن و زاڵبوون بەسەر کێشە و گرفتە تایبەت و کۆمەلایەتیەکان، داکۆکیکاری
سەرسەختی بەدەست هێنانی مافەکانیان بن.

لیا سەیفە دین

هەواڵی پەیوەندیدار

پارتی ، بوێرى، كۆنفرانس و دیموكراسیخوازی

سەڵاح

پاراستنی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان ئەرکێکی نیشتیمانپەروەری هەموو تاکێکی دڵسۆزی کوردستانە

دڵشاد

سەرەدانا سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا پەیامەکا بهێزە

یاسین