ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

پانۆرامای دیداری “سۆشیالمیدیا پانتاییەک لە روانگەی یاساییەوە”

بە چاودێری و ئامادەبوونی حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوان، لە شاری هەولێر، دیداری “سۆشیالمیدیا پانتاییەک لە روانگەی یاساییەوە”، بە بەشداری دەیان کەسایەتی ئەکادیمی و رۆژنامەنووس و نوێنەری دامەزراوە میدیاییەکان بەڕێوەچوو.

دیدارەکە بە ئامانجی گفتوگۆکردنی ژینگەی میدیایی لە سۆشیالمیدا و دەستنیشانکردنی نەنگییەکانی ئەو بوارە و دۆزینەوەی چارەسەری پێویست رێکخرابوو.

حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوان لە هەردوو رۆژی دیدارەکەدا ئامادەبوو بۆ ئەوەی لە نزیکەوە گوێبیستی راوبۆچوون و سەرنجی پانێلیست و بەشداربووانی دیدارەکە بێت.

یەکەم رۆژی دیدار: کاتژمێر 10:00ی سەر لە بەیانی رۆژی دووشەممە (25ـی تشرینی دووەمی 2024)، دەست بە کارەکانی دیدارەکە کرا. گوتەی بەخێرهاتن، دەلیل جەمال، بەڕێوبەری نووسینگەی وەزیر پێشکەشیکرد، تێیدا هێڵی گشتیی و ئامانجی دیدارەکەی خستەڕوو، کە رەخساندنی زەمینەیەکی گونجاوە بۆ هێنانەئارای گفتوگۆیەکی بنیاتنەرانە بۆ چارەسەری کێشەکانی ژینگەی میدیایی.

دواتر حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوان وتارێکی پێشکەش کرد، تێیدا گوتی: دیداری سۆشیالمیدیا، پانتاییەک لە روانگەی یاساییەوە، هەوڵێکی جددی وەزارەتمانە بە ئاراستەی دەستنیشانکردنی گرفت و ناهەموارییەکانی ژینگەی میدیاییمان، لە پێناو دۆزینەوەی چارەسەرێکی یاسایی، کە لەسەر بنەمای پاراستنی شکۆی مرۆڤ و هەموو ئەو مافانەی لە جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکاندا دەستنیشانکراون داڕێژرابێت.

گوتیشی: پێویستمان بەدروستکردنی گفتوگۆیەکی زانستیی و پیشەیی هەیە بۆ ئەوەی رێگەی چارەسەری بۆ بدۆزینەوە، لەم دیدارە و چالاکییەکانیدا دەمانەوێت بگەینە ئەنجامێک، کە هەم ئازادی رادەربڕین چەسپاوتر بکات و هەمیش ژینگە میدیاییەکە بە جۆرێک رێکبخاتەوە، کە ئازادی و شکۆی مرۆڤ لە ژێر هیچ ناو و پاساوێکدا نەشکێنرێت.

پاشان، یەکەم پانێلی دیدارەکە بەڕێوەچوو، کە هەریەک لە دادوەر د. جەودەت سەعید، نوێنەری سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی، شێروان عەوڵڵا، بەڕێوبەری گشتیی بەڕێوبەرایەتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە، عەقید پێشڕەو عەبدوڵڵا، نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ، د. جەمال ئەحمەد، بەڕێوبەری گشتیی پۆستە و گەیاندن وەک پانێلیست بەشداربوون و ژیان عەزیز، مامۆستای زانکۆ بەڕێوبەری پانێلەکە بوو.

لەو میانەیەدا پانێلیستەکان لە روانگەی پەیوەستی دامەزراوەکانیان بە ژینگەی سۆشیالمیدیا، راو و سەرنجی خۆیان خستەڕوو.

پانێلی دووەم:

تایبەت بوو بە خستنەڕووی دیدگای لایەنە پەیوەندیدارەکان و هەریەک لە د. فوئاد ئەحمەد، نوێنەری دیوانی پەرلەمانی کوردستان، د. سەفین محەمەد ئەمین، نوێنەری وەزارەتی تەندروستی، د. خەندان سابر، نوێنەری وەزارەتی پەروەردە، هێما نیازی، نوێنەری فەرمانگەی میدیا و زانیاری وەک قسەکەری پانێلەکە بەشداربوون و ئەرسەلان رەحمان، پانێلەکەی بەڕێوەبرد.

تێیدا باس لە دەرچەی چارەسەر بۆ گرفتەکانی سۆشیالمیدیا لە رووی یاسایی و تەکنیکییەوە کران و هەریەک لە نوێنەرانی وەزارەتەکانی پەروەردە و تەندروستی باسیان لەو گرفتانە کرد، کە لە ژینگەی سۆشیالمیدیا رووبەڕوویان بوونەتەوە.

پانێلی سێیەم:

هەر لە رۆژی یەکەمی دیدارەکەدا، پانێلی سێیەم، دوای نیوەڕۆی هەمان رۆژ بەڕێوەچوو. تێیدا لە دیدگای میدیاییەوە قسە لەسەر گرفتەکانی بەردەم دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی سۆشیالمیدیا خرایەڕوو و هەریەک لە نوێنەرانی رێکخراوە پیشەییەکانی بواری میدیا دیدگای خۆیان بۆ چارەسەر خستەڕوو. بەشدارانی پانێلەکە بریتی بوون لە د. شوان ئادەم ئەیڤەس، سەرۆکی رێکخراوی چاودێری میدیایی (چمک)، دانا جەمیل، نوێنەری رێکخراوی پاسەوان، ئاشنا دڵشاد، نوێنەری رێکخراوی پەیامنێران وەک قسەکەری سەرەکی دیدگای خۆیان خستەڕوو و ئەرسەلان رەحمان پانێلەکەی بەڕێوەبرد.

رۆژی سێشەممە (26ـی تشرینی دووەمی 2024)، رۆژی دووەمی دیدار بە ئامادەبوونی وەزیری رۆشنبیری و لاوان و ژمارەیەکی بەرچاو لە توێژەران و رۆژنامەنووس و مامۆستایانی زانکۆ و نوێنەری رێکخراو و ناوەندە میدیایی و پیشەییەکان، بە پانێلێک دەستیپێکرد.

پانێلەکە تایبەت بوو بە خستنەڕووی دیدگای زانستیی بۆ چارەسەری گرفتەکانی ژینگەی سۆشیالمیدیا لە هەرێمی کوردستاندا.

هەریەک لە پ.د. سامان فەوزی، مامۆستای زانکۆ و پسپۆر لە یاسای میدیایی، پ. د. سادق حەمەغەریب، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕ لە میدیای ئەلیکترۆنی، د. مەجید ساڵح، راوێژکار لە پەرلەمانی کوردستان و شارەزای بواری میدیا، م. عوبێد سوبحی، مامۆستای زانکۆ و ماستەر لە راگەیاندن، فێنک شەفیق حاجی مەلا، لە بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەشداربوون و هانا شوان، چالاکی بواری مافەکانی ژنان و رۆژنامەنووس پانێلەکەی بەڕێوەبرد.

دوای خستنەڕووی بۆچوونی قسەکەرەکان، دەرگا بە رووی پرسیار و سەرنجی ئامادەبووان کرایەوە و گفتوگۆیەکی فراوان سازکرا.

دواتر، لیژنەیەک بۆ رێکخستن و کۆکردنەوەی سەرنجی ئامادەبووان و نووسینی راسپاردەکانی دیدار پێکهێنرا و فۆرمێکیش بۆ وەرگرتنی بۆچوونی ئامادەبووان بڵاوکرایەوە و بڕیار درا، دوای ئامادەکردنی راسپاردەکان هەنگاوی پێویست بگیرێتەبەر بۆ گەیاندنیان بە شوێنی مەبەست و کارلەسەرکردنیان.

لە کۆتایی دیدارەکەدا، حەمەی حەمەسەعید، خەڵاتی رێزلێنان و سوپاسنامەی پێشکەش بە هەریەک لە پانێلیست و بەڕێوبەری پانێلەکان کرد.

هەردوو رۆژی دیدارەکە، شادی عوسمان، پێشکەشکاری سەرەکی دیدارەکە بوو.

هەواڵی پەیوەندیدار

داهاتی فیلمی “The Beekeeper” لە سینەماکاندا

ART

كونسڵخانەی چیك لە هەولێر پیشانگایەكی كردەوە

ART

داهاتی “Bad Boys: Ride Or Die” لە سینەماکانی جیهاندا

ART