ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

زانیاری نوێ لەبارەی دابەشکردنی مووچە گەیشت

وەزارەتی دارایی ئاشكرای دەکات، ئەمڕۆ بابەتی ناردنی پارەی کورتهێنانی مووچە و لیستی مووچە یەکلایی دەبێتەوە، دەشڵێت: “لەو 243 ملیارەی بەغدا بڕیویەتی، لێکتێگەیشتن کراوە 180 ملیاری خەرج بکرێت و بڕەکەی دیکەش ئەمڕۆ یەکلایی دەبێتەوە.”

پەرلەمانترێکیش گوتی: “پارەی تەواوکاری مووچەی مانگی هەشت دەنێردرێت و دوای ئەویش مووچەی مانگی نۆش دەنێردرێ.”

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان،  رایگەیاند: ”پێش ئەوەی دوێنی شاندی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی بچێتە بەغدا، لەسەر داوای دارایی عێراق ئەو کەموکوڕیانەی لە لیستی مووچەی مانگەکانی (دوو و سێ و چوار و پێنج و شەش) هەبوون، هەمووی چاک کران و لەگەڵ لیستی مووچەی مانگەکانی هەشت و نۆ دراوەتە ژمێرکاریی دارایی عێراق.”

ئاماژەی بەوەش دا، دوێنێ شاندەکەی ژمێرکاریی دارایی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کۆبوونەوەی هەبووە، گوتیشی: “لە کۆبوونەوەکە لێکتێگەیشتنی باش هەبووە، بەجۆرێک لە جۆرەکان لەسەر ئەو 243 ملیار دینارەی بڕیویانە بڕی 180ملیار دینار پەیوەندی بە نەبوونی بایۆمەتری و ناوی لێکچوو و بایۆمەتریی دووبارەوەیە، بۆ ئەوە بەڵگەکان پێشکەش کراون و تاوەکوو ڕادەیەکی باش ئەو 180 ملیار دیناره دەگەڕێندرێتەوه.”

زیاتر گوتیشی: “63 ملیاریش لەو بڕدراوە، کە پەیوەندری بە فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانەوە هەیە.”

سەرچاوەکە گوتیشی: “ئەمڕۆ سێشەممە کۆبوونەوەی دیکە دەکرێت و چاوەڕوان دەکرێت لەو بڕەی کورتهێنانی مووچەی مانگی هەشت، کە بڕیویانە، خەرج بکرێت.” جەختیشی کردەوە، ئەمڕۆ پارەکە خەرج بکرێت، لیستی مووچەش ڕادەگەیەندرێت.

 

شوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار

هەرێمی كوردستان ئەمساڵ 40 هەزار تۆن پەتاتە هەناردەی وڵاتانی دەرەوە دەکات

سەڵاح

نرخی زێڕ لە هەلکشانە

دڵشاد

بەلجیکا ھۆشداری لە بارەی دۆخی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەدات

سەڵاح